ئەو شاعیرەی گمەی كۆترەكەی لێدەگۆڕێت بە شیوەنی خۆشەویستەكەی
سۆراخ ساڵەح هەلاج
هەموو شتێك دەربارەی شاعیرەكان، نووسەری كتێبەكە وەك لە دەقەكانیدا دەردەكەوێت زۆر گرنگی بە شاعیرەكان دەدات، سەرلەبەری كتێبەكە یەك دەقە بەناوی (شاعیرەكان)، دەقەكە دەقێكی واڵایە، نموونەی ئەم جۆرە دەقە لەلای (شێركۆ بێكەس)ی شاعیردا دەبینرێت، ناوەڕۆكی كتێبەكە بریتییە لە دەرخستنی تێڕوانینی شاعیران دەربارەی هەموو ئەو شتانەی كە شاعیران لە ماوەی ژیانیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەزموونیان دەكات، دیارە شاعیردەقەكانی هەمووی لەدەروی یەك ڕەگەزدا ناخولێتەوە بەڵكو لە هەندێك شوێندا ئاماژە بە ڕەگەزی شاعیردەكات و لە هەندێك شوێنێكی تریشدا بە شێوەیەكی گشتی لە بارەیانەوە دەدوێت، لەبەر ئەوەی دەقەكە دەقێكی واڵایە نووسەر خۆی بە شوێن و كاتەوە نابەستێتەوە، ئەوەتا جارێك لە مۆسكۆیە و جارێك لە لەندەن و جارێكیتریش لە شیكاگۆیە، بە بڕوای ئێمە هەرچەندە نووسەر باسی زۆر جۆری شاعیری كردووە بەڵام هێشتا بەتەواوی نەیتوانیوە خود و كەسایەتی هەمووشاعیرەكان باسبكات و بیانخاتە ڕوو، دەتوانین بڵێین ئەو شاعیرانەی نووسەر زیاتر جەختیان لەسەر دەكاتەوە شاعیرە ڕۆژئاواییەكانن، بێگومان ئەمەش شتێكی نامۆ نییە كە نووسەر تێڕوانینەكانی لە ئاستی ئەو كۆمەڵگایەدا بخولێتەوە كە تێیدا نیشتەجێییە، كتێبەكە بە دێڕێكی وەها دەست پێدەكات كە سەرنجی خوێنەر بۆلای خۆی ڕادەكێشێت و ئارەزووی بەردەوامیدان بە خوێندنەوەی كتێبەكەی لەلا دروست دەكات، هەڵبەتە ئەوەی جێگەی باسە و نابێت ڕۆڵی ونبكرێت وەرگێری كتێبەكەیە كە توانیویەتی زۆر بەجوانی وەرگێڕان بۆ دەقەكان بكات، ئەو چێژەی دەقەكان لە زمانە ڕەسەنەكە دەیبەخشن، بەزمانی كوردی پێمان ببەخشێت، هەروەها ئەو وشانەی كە جێگای تێبینی و بە مێشكی خوێنەری كورد نامۆن پەراوێزیان بۆدابنێت.
من لێرەدا هەندێك لەو دێڕانەی لە كتێبەكەدا سەرنجیان ڕاكێشاوم لە خوارەوە بۆم داناون:شاعیر وادەزانێ ڕەفەی کتێبەکان باڵەخانەیەکی بەرزە و هەرکتێبێک ئاپارتمانێکە پڕە لە وشەی خەڵک و لە تەنیشت یەکدییەوە دەژین و بێکۆتا نزیکن لە یەکتری.
…………
ئەو شاعیرە زۆر جوانەی بۆنی جگەرەی لێدێت بەتامی کارەسات.
…..
ئاواتی شاعیر بۆ چوونە سەر شاخەکان هێمایەکە بۆ سەرەتاکانی خەمۆکی.
………..
بێدەنگی شەهیدبوونی شاعیرە.
………..
ئەو شاعیرانەی ژمارەی تەلەفۆنەکانیان لە ناو شیعردا
دەنووسن.
……….
ئەو شاعیرانەی عاشقن.*کتیبی :شاعیرەکانی شاعیری دانیمارکی پایک_مالینۆڤسکی
وەرگێڕانی: ئالان پەری