462332005_1921366458360960_7363613493523485373_n

2020/06/27

پەپوولە مێژووی کرمبوونی خۆی نازانێت

هیوا قادر (شاعیر و ڕۆماننووس)

هاوڕێی ئازیز کاک ئالان سڵاو.

تەمەنائەکەم باشبیت و هەمیشە سەرقاڵیت بە نووسین و وەرگێڕانەکانتەوە هێندە دڵخۆشیان کردبیت، کە ئیتر ساتە کەم و کورتخایانەکانی دڵخۆشی ڕۆژانە لەکارت نەکەن.

ژیان ڕاکردنە لە بەندیخانە

مەرگ گەڕانەوەیە بۆی.

ئەو دوو دێڕە بە سوکە دەستکارییەکەوە یەکێکە لە وتەکانی سۆرن کیەکەگۆرد.

پیرۆزبایت لێ ئەکەم بۆ وەرگێڕان و ئامادەکردنی کتیبی “دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە”، خوێندمەوە و زۆر چێژم لێ بینی، هەندێک زانیاری تیابوو بۆ من نوێ بوون، ئەگەرچی من لە هەرزەکاریمەوە لەڕێی یەکێک لە نووسینەکانی سارتەرەوە ئەم فەیلەسووفە ڕەشبینەم ناسی، ئەگەرچی من تێڕوانینی خۆمم هەیە بۆ ڕەشبینی کە پێموایە ڕەشبینەکان زۆر لە گەشبینەکان ژیاندۆسترن و نزیکترن لە نادیارییەکانی ژیان. لەو سەرەوەختەدا هەندێکم بە عەرەبی لەسەر خوێندبووەوە، دواتریش لە سوید چەند کارێکیم خوێندەوە و خۆشم ویست. لەبیرمە پێش چەندان ساڵ لەمەوبەر ئیحای وێنەیەکی شیعریم لە یەکێک لە وتەکانی ئەوەوە وەرگرتبوو:

پەپوولە مێژووی کرمبوونی خۆی نازانێت…

کیەکەگۆردیش لە کتێبەکەتدا وای نووسیوە:

– تەنها کرمەکان خۆیان بیر دەچێتەوە و دەبنە شتی تر. هەر بۆیە پەپوولە لە بیری نییە، کە جارێکیان کرم بووە، یان ڕەنگە لە یادی چووبێت پەپولەیە و بیەوێت ببێتە ماسی. گیانی ڕەسەن هەرگیز خودی خۆی لە بیر ناکات و هەرگیز جگە لە خودی خۆی زیاتر نابێتە شتێکی تر.