518270141 1289106413217167 4138492339257411352 n

2025/07/15

ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم بۆ خۆم

ڕەوەند جیهانگیر

وەختاێک ئەم ڕۆمانەم کڕی کۆمەڵێک پرسیار هوروژمیان بۆ هێنام، لە خۆم دەپڕسی کام ساڵانە و کام ڕۆژە؟ دەمپڕسی دەبێ چ ساڵانێک بووبێت دەرگایی شادی و گوشادی خستبێتە سەر گازی پشت؟ کام ڕۆژە کازیوە و گزنگ یەكەمجار بەر ماڵی کەوتبێ وەها ئەو ڕۆژە هەڵدەگرێ.
وەلێ کە دەستم دایە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، پەیتا پەیتا وەبیری هێنامەوە، ژیانی کورد، ساڵەکانی بە نەهامەتی و تاریکی تەنراوە، کە گزنگ و کازیوەش شەڕی پێناکرێ لەگەڵیدا.
هەر زوو بیرم هاتەوە، دڵی هەموو کوردێک شکاوە، هیچیش سەختر نیە لە هەڵگرتنی دڵێکی شکاو دەنێو سینگی پر هەنسکدا، یادەوەریش هەمیشە ئەو ڕۆژ و ساڵانە بۆ هەتا هەتایە هەڵدەگرێ کە پڕ برینە.
ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی ژیانی خێزانێکی چوار کەسییە بە زمانێکی سادە و بێ گرێوگۆڵ و هەڵکشانی تەمی ئاڵۆزی بەسەر زمانی نووسینەکەدا. ڕۆمانەکە بە تەکنیکی پەڕەگراف، بەسەرهاتی پڕ مەینەتی و نەهامەتی خێزانێک دەگێڕێتەوە، کە دەشێ ئەم ڕەشەبایی نەگبەتیە ڕووی لە زۆرینەی خێزانی کورد کردبێ.
سەرەتایی ڕۆمان تەنێ باس لە ئازار و خەفەتی ئەم خێزانە دەکرێت. سەفین کارێکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە و خوشکێکی نەخۆشی هەیە، هەمیشە یان پێدەکەنێت یان دەگریێت. لەم دوو هەڵوێستە بترازێ شتێکی دیکەی لێ بەدی ناکرێ. پاش وچانێک خوێندنەوە، ڕووداوەکان بەرەو ماجەرای شۆرش وەردەچەڕخێ و باوکی سەفین دەچێتە سەر ئەو ڕێگایەی بەرەو شاخ هەڵدەکشێت.
ئەم ڕۆمانە چیمان پێدەڵێت:
ئەم ڕۆمانە بە قەبارە بچووکە، لێ پانتاێکی فراوانی بۆ چەرمەسەریەکانی ژیانی کورد ساز کردووە. لە لاێکەوە دڕندەی ڕژێمی بەعس و لە لایێک ئەوانەی بە ناوی شۆڕشەوە خەریکی دزی و تاڵانی و لەناوبردنی پیرۆزیەکان بوون. لە لاێکی دیکەی ئەوەمان بیردێنتەوە، کە خەباتگێڕانی ڕاستەقینە پەراوێز خران، ئەوەمان بیردێنێتەوە، کە کورە شەهید نەلاوێنرایەوە.
ئەم ڕۆمانە لە لاێکی دیکە خوێنەر دەعوەتی کۆڕەو دەکات و سفرەی فرمێسکی بۆ ڕادەخا.