518240967 1288760966585045 1109535124565205287 n

2025/07/14

لەبارەی کتێبی پێشانگەی تەرمەکان

ئاری یاران

کتێبەکە دوو کۆمەڵەچیرۆک لەخۆ دەگرێت: “سەرشێتەکەی
مەیدانی ئازادی” و “مەسیحی عێراقی”، هەردوو کۆمەڵەچیرۆکەکەش دەگەڵ چەند چیرۆکێکی تر کە هەموویان وێکڕا دەبنە بیستوپێنج چیرۆک، لەژێر سێبەر و ناوی “پێشانگەی تەرمەکان” ناوکیان بڕاوە.
“پێشانگەی تەرمەکان” دوای “فەرهەنگەپیاو”، دووەمین کتێبی “حەسەن بەلاسم”ـە کە ناوەندی “نووسیار”، خاوەنمافی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیەتی بۆ کوردی. لە ٣٢٦ لاپەڕەدا، “زانیار عەلی”ـی زمانپاڕاو و کوردیزان، کردوویەتی بە کوردی. “زانیار عەلی”، نەک لەبەر ئەوەی ئاشنایەتییەکی زۆرم هەیە لەگەڵی پەسنی دەکەم، نا، بەڵکوو کارەکانی شایەدی زمانپاڕاوی و وردیی ئەو دەدەن لە وەرگێڕاندا و خۆشبەختانە کارەکانی پەسەند دەکرێن.
ناواخنی کتێبەکە و تەواوی چیرۆکەکان، ڕۆژانە دەبنە ئاواڵت و وەکو سێبەر بەدوتدا دێن و دەچن. ڕووداوەکان لە عێراقدان، بێجگە لەوە، ڕۆژ نییە لە عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، هاواری هەواڵێکی ناخۆش نەخوێنینەوە! جا هەر لە ڕووداوێکی تەقی*نەوە و خو*ێنڕشتنەوە بگرە تا ئەتک*کردن و سێ*کس و دەست*درێژی و هەڵ*دڕین و کو*شتن. جا هەر یەک لەوانەش، لقیان لێ دەبێتەوە، ئەو لقانەش: ترس، ڕشانەوە، ڕووداوی قێزەون، کۆچ، سەرهەڵگرتن و هەر شتێک کە بەهایەکی جوانی نییە لە کۆمەڵگەدا؛ تا وات لێدێت، کە بێزوو لە خودی مرۆڤیش دەکەیتەوە.
ئەوانەی گوتم، ڕێک لە کۆمەڵەچیرۆکی ناو “پێشانگەی تەرمەکان” خۆیان نمایش دەکەن. نووسەر زۆر وەستایانە ڕووداوەکانی تێکبەستۆتەوە و شیاوی لەسەروەستانە. کوردییە بێ‌خەوش و نازدارەکەی زانیاری وەرگێڕیش، تاریفات هەڵناگرێت.