517502238 1283414943786314 423903804052904008 n

2025/07/08

ئەو هاوارەی نەبیسترا (ئەلعان دەبیسترێ)

عەبدولسەلام ئیسماعیل

ڕۆمانێكی مێژووییە، باس لە ژیانی شاعێری گەورەی كورد `دڵدار` هەر لە لەدایكبونییەوە تاوەكو مردنی، دەكات، وەلێ جیاوازە لە كتێبێكی مێژوویی یان سەرگوزەشتە و ژیاننامە. زیاتر لە ژیانی سیاسیی و هەستی نیشتیمانپەروەریی `دڵدار` دەدوێت. هەر لە نووسینی شیعری `ئەی ڕەقیب`ەوە بگرە، تا دروستبوونی حزبی هیوا و ئەندامبوونی لەو حزبە و چاڵاكییە سیاسییەكانی. شتێكیش كە بۆ من زۆر نوێ بوو، پەیوەندی نێوان `دڵدار` و خێزان و هاوڕێكانی بوو. نووسەر زۆر بە وردی و جوانی ئەم پەیوەندییەی پیشانداوە و، هەستی نیشتیمانپەروەریی `دڵدار`ی لەم پەیوەندییە بەرجەستە كردووە.

بۆ كەسێك، كە زانیاریی لەسەر ژیانی ئەم شاعێرە نییە، ئەم ڕۆمانە سودێكی فرەی پێدەگەیەنێت و پڕ زانیاری دەكات.

ڕۆمانەكە، جگە لەوەی لەڕووی تەكنیكەوە زۆر باشە، زمانێكی شیرین و بێ گرێ و گۆڵیشی هەیە، خوێنەر ئاسان هەزمی دەكات. لە ڕێگەی زمانەوە كەمەندكێشت دەكات و وات لێ دەكات تا دوا دێڕ واز لە خوێندنەوەی نەهێنی.

پێشنیاری خوێندنەوەیتان بۆ دەكەم.

ڕۆمانی `ئەو هاوارەی نەبیسترا` لەلایەن ڕۆماننووس `ئارام محەممەد` لە دووتوێی (٢٠٠) لاپەڕان، لە ساڵی (٢٠٢٢) خرایە بەر دیدی خوێنەران.