518234587 1283250773802731 8530453781047755518 n

2025/07/08

لەبارەی کتێبی کەوتنەخوارەوەی مەراق

ئاری یاران

بەهۆی تێکەڵییم لەگەڵ شێعری بەرزی کلاسیک، زۆر کەم شێعری ئازاد یان قەسیدەم بەتەواوی بەدڵ دەبێت و پەسەندی دەکەم،، بەو مانایە نا کە فۆڕمەکانی دیکەم پێ لاواز بن، نەخێر، بەڵکوو قووڵبوونەوەی زۆرم لە کلاسیک، وای‌کردووە خەم‌سارد و تەمبەڵ بم لەوانی دی.
دەمێک بوو ناوی “سەردار نۆڕێ”ـم بیستبوو و دوورونزیک برادەران پەسنی زمانی نووسینیان دەکرد. منیش کەڵکەکەی خوێندنەوەی بەرهەمەکانیم کەوتە سەر. “کەوتنەخوارەوەی مەراق” دیوانێکی خنجیلانەی نۆڕێیە. سێ دەفتەرەشێعرە لە کتێبێکدا. بڵاوکاری نووسیار، لە ٤٦٢ لاپەڕە و بە چاپێکی ماقووڵ بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە سەرەتا بە پێشەکییەکی تێروتەسەل بۆ من و ئەوانەی بەرکەوتەیان نەبووە لەگەڵ فۆڕمی “هایکۆ”ی ژاپۆنی، دەستی‌پێکردووه. دواترێ لە بوارەکانی سروشت و تێکەڵبوون دەگەڵ تریفەی مانگ و شەپۆڵ و هاژەی ڕووبار و گوڵ و ژیان و ژان و ساردیی زستان و گەرمیی هاوین و لایەنێکی تا ڕادەیەک فەرامۆشکراو کە ئیرۆتیکە، چەردە هایکۆی جوان و لەبەر دڵانی هۆنیوەتەوە و بە دیزاینێکی جوان و پڕ لە وێنە، کتێبەکەی دەوڵەمەند کردووە. لە هەندێک جێگەدا کە لەسەر درەخت و گەڵا وەستاوە، دەکەوتمەوە یادی ڕەوان‌شاد “ژەنڕاڵی پاییز” و بە یادی ئەوەوە درێژەم بە خوێندنەوەی کتێبەکە دەدا. زمانی کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر خۆماڵییە، وێنەی شێعریی زۆر جوانی تێدان و لەززەتی لێ دەبەیت و بە ڕوونی لە زۆربەی نووسراوەکانی ناو کتێبەکە مەفا دەبەی.

هیوای خوێندنەوەی پڕ چێژ بۆ ئەوانەی خولیای شێعرن و ئەوانەشی دەیانەوێ ئاشنای جۆری نوێ و نائاشنای هایکۆ بن.