خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ناوی خۆیان بیرنەماوە
دیلان سەلام حەمە فەرەج
(ناوی خۆیان بیرنەماوە) نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننووسی دیار(ئارام محەمەد)ە، لە ساڵی (٢٠٢٥) لە لایەن ناوەندی “نووسیار”ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، “ئارام محەمەد” لە ساڵی (١٩٨٥) لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، خاوەنی شەش ڕۆمان و کۆمەڵە چیرۆکێک و دوو کتێبی تیۆرییە لەبارەی گێڕانەوە و ڕەخنە، بە هۆی یەکێک لە ڕۆمانەکانییەوە(ئەو هاوارەی نەبیسترا) بووە بە براوەی خەڵاتی کاڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی نوێی نووسەرە لە نێو پانتایی دونیای گێڕانەوەدا، ڕامانە لە دیوی کۆمەڵایەتی و دەروونی ژیانی مرۆڤ لە ساتەوەختی چاوەڕوانیدا، هەوڵدەدات ڕووناکی بخاتە سەر کۆمەڵێک ڕووداوی پەراوێزخراو، قسە لەسەر دۆخ و برینی ئەو مرۆڤانە دەکات لە نێوان ژیان و مردندا وەستاون، ئەوان نوقمی خەیاڵاتێک بوون سوور دەزانن ئەوەی دەیکەن بێمانایە، کەچی بێ هیوا نین و بەردەوامن لە گەڕان و گەڕانەوە، “ئارام محەمەد” یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی گرنگی بە فۆڕم و چۆنیەتی گێڕانەوە دەدات، نەک چییەتی گێڕانەوە؛ بۆیە لەم ڕۆمانەشدا گێڕانەوەکە ڕەنگدانەوەی جەستە و دەروونی شێواو و برینداری مرۆڤەکانە، بە پێی پێویست (خەیاڵ، خۆدواندن، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ)هەیە، هەوڵدەدات هەست و نەستی کارەکتەرەکان لە ڕێگەی وردە چیرۆکی پارچە پارچە و جیاوازەوە نیشانبدات.
” ئارام محەمەد” یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی گرنگی بە مێژوو و ڕوداوی مێژوویی دەدات و دەیکات بە تێما و بابەتی سەرەکی لە ڕۆمانەکانیدا، لە ڕاستیدا مێژوو گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لەبەردەم ڕۆماننووسدا بۆ ئەوەی کەرەستەی ڕۆمانەکانی لێ دروستبکات، ” ئارام محەمەد” لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا هەوڵدەدات مێژووی قۆناغێک بە شێوەیەکی ئەدەبی بگێڕێتەوە، کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ بەستنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو بە یەکەوە و گەیاندنی ڕووداوە مێژووییەکان بە نەوەکانی ئایندە، خاڵی هاوبەشی نێوان مێژوو و ڕۆمان بریتییە لە گێڕانەوە، بەڵام لە چۆنییەتی و شێوازی گێڕانەوەدا جیاوازییان هەیە، مێژوو کۆمەڵێک ڕووداوی واقیعی، کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دەگێڕێتەوە وەکو دۆکۆمێنتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەرشیفییان دەکات، هەرچی ڕۆمانە وەکو ژانرێکی مۆدێرن سوود لە ڕووداوی واقیعی جا چ ئێستا یان ڕابردوو وەردەگرێت سەرلەنوێ دروستیدەکاتەوە، واتە ڕۆمان ڕووداوەکە وەکو خۆی ناگوازێتەوە، بەڵکو دەستکاریشی دەکات، واتە بەر جۆرێک لە مەعریفەی جیاواز دەکەویت نووسەر هەوڵدەدات بۆشایی و کەلێنەکان بە خەیاڵ پڕبکاتەوە، ئەمەش بووە بەهۆی دروستبوونی جۆرێک لە ڕۆمان، کە ڕۆمانی مێژووییە، ئەم جۆرە ڕۆمانە سوود لە ڕووداو و کەسایەتی مێژوویی وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئارێشەکانی سەردەم بخاتەڕوو، کەرەستەی ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا بە پێی هەندێک لە ئاماژەکان گێڕانەوەی ئەنفال و کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتییە، ئەگەرچی باشتروایە خوێنەر لە ناو ئەدەبدا بە دوای واقیعدا نەگەڕێت، چونکە ئیشی سەرەتایی ئەدەب تێکشکاندنی واقیعی زانراو و بەردەستە، دەبێت بە جۆرێکی دیکە ئەو واقیعە بخوڵقێنێتەوە؛ بۆیە کاریگەرییەکانی ئەم کارەساتە لەسەر نووسەر بووە بە هۆی نووسینی ئەم ڕۆمانە، لەبەرئەوەی خۆی لە ڕووداوەکاندا بووە باشتر توانیویەتی قسە لەسەر برین و ئازاری قوربانییەکان بکات بچێتە ناخی کاراکتەرەکانەوە و دەست بۆ هەندێک لایەنی ئەو ڕووداو و کارەساتە ببات، کە ئێمە لە واقیعدا هەستی پێناکەین.
زۆرینەی کاراکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوانەن، کە بە تراوماوە دەمرن یان خۆیان دەکوژن، زۆربەی کاراکتەرەکان لە شۆک و نائارامییەکی دەروونیدا، ناتوانن گوزارشت لە خەم و ئازارەکانی خۆیان بکەن، تراوما حاڵەتێکی دەروونییە، کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی ترسناکی دەروونیدا مرۆڤ دووچاری دەبێت، یان کاتێک مرۆڤ کەسێکی تر دەبینێت لەڕووداوێکی دڵتەزێن دا کاریگەریی لە سەر دەروون و جەستە و هزری دادەنێت وەک لە ڕووداوی (هاتوچۆ، ئاگرکەوتنەوە، دەستدرێژی سێکسی، یان لەدەستدانی لە ناکاوی کەسێکی خۆشەویست)، ئەمەش دەبێتە هۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکە، نائارامی سترێس کێشەی دەروونی جۆراوجۆر ڕوو لە مرۆڤ دەکات، چۆن تاکەکەس تووشی تراوما دەبێت ئاواش کەسانێکی زۆر لە دەربازبووان، شایەتحاڵ و کەسانی نزیکی قوربانیانی کارەساتە گەورەکان تووشی تراوما دەبن، کە پێیدەوترێت(تراومای بە کۆمەڵ)، تراوما لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە چیرۆکێکی بچڕ بچڕە، کە نەتوانراوە بخرێتە نێو گێڕانەوە و گوزارشتکردنەوە، “فرۆید” پێیوایە تراوما لەو شوێنەدا دەمێنێتەوە، کە بوار نییە بە وشە دەرببڕێت، کە ئەدەبییات ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە دەربازبوون لەو دۆخە دەروونییە قورسانە، بۆیە لەم ڕۆمانەدا بەر جۆرێک لە کاراکتەر دەکەوین بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە ژیان و خەم و ئازارەکان پەنا بۆ نووسینی شیعر و ئەدەبییات دەبات، وەک چۆن جۆرێک لە کاراکتەرمان هەیە خۆی دەکوژێت وەک جۆرێک لە هەڵوێست وەرگرتن.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر تراژیدیا و جینۆسایدی بە شێوەیەکی ئەدەبی بەرز و لە ڕێگەی خەیاڵ و ئیستاتیکاوە خستۆتە ڕوو، توانیویەتی زۆر دۆخی دەروونی نیشانبدات، کە هەرگیز لە ڕێگەی دۆکۆمێنت و ڤیدیۆوە ناتوانرێت گوزارشتیان لێبکرێت.
گێڕەرەوە لە ڕۆمانەکەدا هەمووشتزانە و توانیویەتی وردەکاریی بارودۆخە دەروونییە جیاوازەکانی کارەکتەرەکان نیشانبدات. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای نیوەی ڕۆمانەکەوە مۆنۆلۆگێکی زۆر هەیە و زۆربەی ڕووداوەکان مۆنۆلۆگی کاراکتەرێکە لەگەڵ خۆی و بەشێکی زۆری ڕۆمانەکەی داگیرکردووە، کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بوشرایە، کچێک کە بەئاواتی دیتنی باوکییەوە دەژی و لە سەرەتا تا کۆتایی ژیانی پڕیەتی لە خەم و کێشە و ناڕەحەتی، دیاردەی پیاوسالاریی و ژن کوشتن و خۆ کوژی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک ڕێگەچارەی گرفتەکان لە گرنگترین ئەو بابەتانەن ئەم ڕۆمانە تیشکیان دەخاتە سەر، ڕۆمانەکە تیشک دەخاتە سەر چەند خێزانێک، کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون پاشماوەکانی ئەنفال لە چاوەڕوانیی و ئومێدێکی بەردەوامدا دەژین، کە کەسوکاریان لە ژیاندابن و بەردەوام بە دوایاندا دەگەڕێن، ڕازین ئێسک و پروسکەکەشیان بدۆزنەوە؛ بۆیە بەر کۆمەڵێک کاراکتەریش دەکەوین، کە بازرگانی بە ئازاری ئەوانی دیکەوە دەکەن و پارە وەردەگرن و لە بەرامبەردا ئێسک و پروسکی قوربانییەکان دەهێننەوە بۆ خانەوادەکانیان، کە ئەوە لە چاوەڕوانی ڕزگاریان دەکات، بابەتی ژن و جەستەی ژنیش لەو بابەتە گرنگانەن لە ڕۆمانەکەدا بەریدەکەوین، ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ئەدەبی باڵا و بە ڕەچاوکردنی کورتبڕی و هونەری نوێی گێڕانەوە توانیویەتی قۆناغێکی پڕ تراژیدیای مێژووی کورد بخاتەڕوو، هیوادارم هەمووان خوێنەری بین.