504239265_1255786863215789_3828074223979263248_n

2025/06/05

شوناسی ونبوو لە گەشتێکی شیعرییدا

بەرزان عەلی مەجید

(کێڵگەی بەتاڵ وەک ناونیشان)
(کێڵگەی بەتاڵ) ناونیشانی کۆمەڵە شیعرێکی (سروشت نەوزاد)ە. ئەم کتێبە لە بیست و هەشت دەقی واڵای کورت و قەسیدەی درێژ پێک دێت. کتێبەکە براوەی خەڵاتی شیعریی دەزگای نووسیارە بۆ ساڵی ٢٠٢١
نووسینی ناونیشانی کێڵگەی بەتاڵ بە ڕەنگی ڕەش، لەسەر بەرگی کتێبەکە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نائومێدی و پووچگەرایی. نووسینی ناوی شاعیر بە ڕەنگی سوور، هێما و ئاماژەی فرەی تێدان بۆ پیشاندانی دەنگێک، کە دەکرێت دەنگێکی شۆڕشگێڕ و یاخی بێت، هەم بە ئاڕاستەی هەڵوەشانەوە و دەستکاریکردنی نەریتی شیعری کوردی و مانا و ئاڕاستەکانی، هەمیش دەکرێت دەنگێکی ناڕازی بێت لە بەرامبەر ڕۆحی پڕ لە توندووتیژی ژیاریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و ئەو دونیا کوردییەی کە تێیدا دەژی. هەروەها ژیانێکی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرە شیعر، کە لە چەندین ئاستدا سروشت و ئەخلاقیاتی مرۆیی خۆی فڕێداوە. ئەم دەنگە بە ڕەنگی سوورەوە دەردەپەڕێت. لە هەمانکاتدا ڕەنگی سوور هێمایە بۆ خوێن و کوشتن. گوڵە گەنمەکان بە ڕەنگی سپی، مانایەکی سوریالیان پێدراوە، لە بری ئەوەی بە شێوەی سروشتی خۆیان، لە خاکەوە دەرپەڕیبن، هەڵگەڕاوە دەردەکەون و شۆڕبوونەتەوە نێو هەورەکان. هەورەکانیش بە شێوەی سروشتی خۆیان تەڵخ و تەم و مژاوی دەردەکەون. لە بەشی سەرەوەی کتێبەکەدا و لە نێو بازنەیەکی سەوزدا، بە ڕەنگی سپی نووسراوە شیعر، وەک ئەوەی شیعر ئەو دونیا بێگەردە بێت کە دەتوانێت دەرونی مرۆڤ سەوز و پڕ لە ژیان بکات. ڕەنگی سپی لێرەدا لە ڕووی دەرونناسی ڕەنگەکانەوە، هیچ ئاماژەیەکی پێ نەدراوە، ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە ڕەنگی سپی لەوە گەورەتر و پڕ ترە کە بشێت هەڵگری یەک خوێندنەوەی دەرونناسانە بێت و لەو خوێندنەوەیەدا قەتیس بکرێت. بە گشتی بەرگ و دیزاینی ئەم کتێبە شیعرییە لە ڕەوتی ئاسایی لایانداوە و شتەکان تێیدا بەرەواژ دەردەکەون تا بتوانن هەڵگری مانای شیعریی نێو کتێبەکە بن.
کێڵگەی بەتاڵ ناونیشانێکی نامۆیە، خێرا خوێنەر پەلکێشی خۆی دەکات، چونکە شیعرییەت و هێز و قورساییەک لە نێو ئەو ناونیشانەدا هەیە، کە وا دەکات وەک ناونیشانێکی ڕوون، لە هەمانکاتیشدا ناڕوون دەربکەوێت و هەڵگری پارادۆکس بێت. لەم ڕوانگەیەوە کێڵگەی بەتاڵ چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو ئایدیا و بیرۆکە شیعرییانەی لەم کتێبەدا بوونیان هەیە، واتە ئەم ناونیشانە ڕاستەوخۆ دەرهاویشتەی شیعرەکانە و لەوانەوە هاتۆتە دەرەوە.
کێڵگەی بەتاڵ کێڵگەی ژیان و دەرکەوتەکانی ناوییەتی، بە گشتی کێڵگەی پرسیار و ڕامانە لە شوناس و ناسنامەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لە وێنەیەکی گەورەتردا و لە هەمانکاتدا مرۆڤ و تاکی کوردی لە وێنەیەکی تایبەتیدا. لەم ڕووەوە مرۆڤی کوردی لەم کۆمەڵە شیعرەدا لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە مرۆڤێکی بێ شوناسە، ناسنامەی ڕوون نییە و تاکێکی داگیرکراوە. هەروەها خاک و زمانی گەمارۆ دراوە.
کێڵگەی بەتاڵ کێڵگەی شیعرگەلێکە خوێنەر بە ئاڕاستەیەکی دیکەی زمانی و ماناییدا دەبات. ئەو ئاڕاستەیە و ئەو زمانەش جیاوازە لەوەی ئێمە خومان پێوە گرتووە کە وەک حەقیقەتی ڕەها دەردەکەون. ئەوەش لەمیانەی زمانێکی هێمایی و میتافۆڕی فرەڕەهەندییەوە بەرجەستە دەبێت کە لە ڕۆڵی تاک سەنتەری مانایی کەم دەکاتەوە و پانتایی و ئاڕاستە ماناییەکان فراوان دەکات.
هەروەک ئەوەی خودی نووسەری ئەم کۆمەڵە شیعرە، لە دیدارێکماندا لەگەڵی، لە بارەی دیدی شوناسسازییانەی نێو کتێبەکەوە ئاماژەی پێدا و گوتی:
“پێم وایە کێڵگەی بەتاڵ بەر لە هەر شتێک پرسیار و تێڕامان بێت لە شوناس، شوناس لەم کتێبەدا ڕوخسارێکی ناسراو و ئاشکرای نییە. خودێک لەوێدا کە زۆر جار خودێکی فرە دەلالەتە و ئاماژەی شتەکان و خاک و نەتەوە و زمانە، خودێکی داگیرکراو و ون و بێ شوناسە. لە بەرامبەر ئەمەدا ئەو خودە زۆرجار لە هەوڵدایە بۆگێڕانەوەی شوناسێکی شیعری ڕاستەقینە و سروشتی بۆ شتەکان و دیاردەکانی دەوروبەری. واتە سەرلەنوێ گێڕانەوەی مانایەکی تایبەتی بۆ ئەو شتانە.
کێڵگەی بەتاڵ، هەندێک جار دەبێتە کێڵگەی بوون، کێڵگەی ژیانی نوێ، شار و دامەزراوە و دەرکەوتەکانی ناوی، کێڵگەی مرۆڤ و زمانەکەی.
بەگشتیش بوون لەوێدا، بوونێکی ڕەسەن نییە، بەڵکو بوونێکی دەستبەسەرداگیراوە.”
لە چەندین دەقی ئەم کۆمەڵە شیعرەدا بەر زمانێکی یاخیی و ڕەق و توندووتیژ دژ بە خۆی دەکەوین، کە دەتوانێت دەرخەری درز و کەلێنەکانی مرۆڤی کوردیی و ژیانە سارد و لێکترازاوەکەی بێت، ئەو ژیانەی تەنگەژە و نا ئارامی دەرونیی و قەیرانی ڕۆحیی تەنگیان پێ هەڵچنیوە.
لە ئاستێکی دیکەیشدا کێڵگەی بەتاڵ دەبێتە ڕەخنە و دەرخەری شوناسی شیعریی کوریی، لەم حاڵەتەدا تەکنیکی شیعر لە بارەی شیعرەوە دێتە ناوەوە. شیعرگەلێک کە لە بارەی شیعرگەلێکەوە دەدوێن. ئەو لێدوانەش لێدوانێکی ڕەخنەییە، لەبارەی ئەو شیعرانەی کە خەسڵەتی شۆیان هەیە و کاتی و زەمەن نەبڕن، تەنیا لە ئاستێکی تەنک پێک دێن و ژیر و دەستەمۆن، هەمان ئەو مانایانە دەدەنەوە کە لای هەمووان ڕوونن. واتە هەڵگری دید و تێڕوانینی تایبەت بە خۆیان نین و درێژکراوەی ئەوانی دیکەن. وە نایانەوێت بە دووی بونیادێکی زمانیی تایبەتی، بونیادێکی دیکەی فیکریی و ئێستاتیکیدا بگەڕێن.
ئەم نەقدە شیعرییەش لەم کۆمەڵە شیعرەدا لە هەندێک شوێن درێژ دەبێتەوە و دەرواتە نێو ئاستی سیاسی و هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە، واتە لێرەدا بونیادی ڕەخنەیی کێڵگەی بەتاڵ بەڕووی ئەو دونیایەدا دەوەستێتەوە کە دژە هۆشیارییە و دژە شیعرییە، لێرەدا کێڵگەی بەتاڵ دەبێتە کێڵگەی ئەو دونیایەی کە دەرە شیعرە، بەبێ شیعر و ڕوانینی شیعری دونیای خۆی دروست دەکات، ئەو دونیایەش بێگومان دونیایی کوردییە. هەر بۆیە لە تێڕوانینی کێڵگەی بەتاڵدا، بەشێکی گەورەی قەیرانی ڕۆحی، ئەخلاقی، مرۆیی ژیانی ئەمڕۆی ئێمە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە دوورە لە شیعر.
کێڵگەی بەتاڵ وەک زمانیی شیعریی، یاخود وێنەی شیعریی، هەندێکجار ڕەخنە و پرسیارسازییە لە خودی کایەی شیعری و هونەرەکانی، چونکە بەو پێیەی لە چەندین شیعری نێو ئەم کتێبەدا شیعر لە بارەی شیعرەوە دەبینین، کەواتە لەو شیعرانەدا دەبینین شاعیر هەر بە هۆی شیعر و وێنەی شیعرییەوە، ڕەخنە و پرسیار دەسازێنێت لە خودی پانتایی شیعرێک کە سنوورەکانی خۆی بەرتەسک دەکاتەوە و خاڵی دەبێتەوە لە ئاماژەی زمانیی و وێنای قوڵ و چڕ و فرە مانا. چونکە لە دیدی هەندێک شیعری نێو ئەم کۆمەڵە شیعرەوە، شیعری کوردیش تا ئەندازەیەک وەک زۆر لە کایەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤی کورد و ناسنامەکەی، بێ ناسنامەیە لە سەر ئاستی ئەدەبیاتی دونیادا. لەمڕوانگەیەوە بوونی شیعری کوردی لەسەر ئاستی تێڕوانینی شاعیردا، بوونێکی جیهانی نییە، بەڵکو بوونە لەسەر ئاستێکی بچووکی لۆکاڵی. چونکە بەشێک لە شیعری کوردی لەو ئاستە فراوانەدا بەگەڕ نەخراوە بەشوێن زمانێکی نوێی گەردوونیدا بگەڕێت بۆ گوزارشت کردن لە خۆی و دونیاکەی.
لای سروشت نەوزاد پشتتێکردنی دونیای ئەمڕۆ لە شیعر، بۆتە هۆکارێک پانتایی نائارامییەکانی مرۆڤ بەرینتر ببێت. چونکە شاعیر پێی وایە ژیان بەبێ شیعر، ژیانێکە ئیمکانی گەورەتری لە بەردەستدایە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە سنوورەکانی توندووتیژی. لەم ڕوانگەیەوە شیعر دەبێتە پانتاییەک بۆ ژیان و مرۆڤدۆستی. کاتێک مرۆڤ لە شیعر دوور دەکەوێتەوە، پانتاییەکانی قەیرانی ئەخلاقی و مرۆیی بەرینتر دەبێت، کاتێک ژیان دەبێتە ژیانێکی بەتاڵ لە شیعر و بە بێ شیعر ئەخلاقیاتی خۆی دروست دەکات، دونیایەکی ترسناک وەک دونیای ئەمڕۆی لێ دێتە بەرهەم.
کێڵگەی بەتاڵ نیگایەکی ڕەشبینانە دەربارەی تاریکیی و ژیانی دووبارە و پڕ لە توندووتیژی و دوالیزمیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی و کۆمەڵگای کوردیی پێشکەش دەکات، ئەو ژیانەی پتر هەڵگری خەسڵەتی سیاسییە و خاڵی لە خەسڵەتی شۆڕشگێڕییە. ئازادی پێکەوە ژیان لەوێدا ئیمکانێکی دوورە، کۆنترۆڵکردن و هێزی چاودێری پێگەیەکی گەورەیان هەیە، ژیان هێزی جوانی و ئێستاتیکی خۆی لە دەستداوە.
کێڵگەی بەتاڵ ئەگەرچی لە ئاستی زمانیی و ماناییدا کێڵگەیەکی سەوزە، بەڵام لە ئاستی نواندنەوەی دەرکەوتە ژیارییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا، هیچ درەختێکی سەوزی نییە. لێرەوە لەوە دەگەین کە ئیدی ژیانکردن لەم کێڵگەیەدا جگە لە چنینەوەی ئازار و نائومیدی، هیچ ئاماژەیەکی دیکەی ژیانکردنی تێدا نییە.
ئەو نیگەرانی و نائومێدیانەش، بە زمانێکی هێمایی قوڵ، لەم کۆمەڵە شیعرەدا بەرجەستە دەبن.
پاش دەستنیشانکردنی بەشێک لە هێڵە گشتییە ماناییەکانی ئەم کۆمەڵە شیعرە، خوێندنەوەکەمان تەرخان دەکەین بۆ هەڵکۆڵین لەسەر یەکەمین شیعری ئەم کۆمەڵە شیعرە، بە ناونیشانی (پۆرترێت) و هەوڵ دەدەین بەشێک لە تایبەتمەندییە شیعریی و ماناییەکانی ئەم دەقە دەستنیشان بکەین:
(دەلالەت و مانا لە شیعری پۆرترێتدا)
پۆرترێت*
پێدەچێت وەرزەکە ڕووی لە سستی بێت، پاش ئەوەی ساڵەکە بە هێمنی و قەبارە زەبەلاحەکەیەوە درێژ دەکشێ و لەپشتی گەنجینەکەوە کاژەکەی خۆی فڕێدەدات.
دەمەو عەسرێکی برین پەرستە، زێدنشینەکان بەهەر چوارلای دۆڵەکەدا،
ئەوانەی قەتیس لەو ڕووناکییەی کە خول دەخوات و پاشان پەرش دەبێتەوە،
نەبینراو وەک ئەوەی ژاوەژاوێک بن چەماوە بەسەر سەری خۆیانەوە.
لەوێ سیسرکەکان چەشنی تیر دەرچوو لە کەوانی تینوویان،
بە پڕتاو لە گۆشەکانەوە دەردەپەڕن و بە ڕووناکییەکەدا هەڵدەگەڕێن.
بینراو، بە سەر و سیمای خۆیانەوە وێنای وەهمێک دەدروونەوە:
لەوێ چیرۆکەکان زار هەڵدێنن و فریودەرانە ئازادی خۆیان دەڵێنەوە،
دەیڵێنەوە،
دەیڵێنەوە، لەو ڕوناکییەی کە خول دەخوات و پاشان لە بەردەمی گەنجینەک پەرش دەبێت.
دوای پشوویەک و جێهێشتنی خەواڵوویی،
ڕۆژەکە لە گەشتەکەی دەگاتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و تیشکی کەمتینی
بەسەر دۆڵە قەڵەوەکەدا هەڵدەواسێت. لەوێ دارستان ڕاوەستاوە بەو درەختە لەرزیوانەی پێکوتەکان لە لاقیاندا و زەرد دەچنەوە.
دوو ڕووبارەکەش مقەستئاسا سەوڵی دێرینیان دەهاژوون، نائارام بەو دەستانەی
زەنگەکەیان هەڵگرتووە، بەبێ زار بەرەو داهاتوو،
ڕووبەڕوو بەرەو سنوورێک کە دەگڕێت و خۆی قاژ دەکات.
سنوور دەگەڕێ و درێژ دەکشێ: قاژێکی تر لەو ئاشووبەی باشوورییانە چاو هەڵدێنێ و
لە گوندەکە بە نێوانی دوو کێڵگەدا، پریشکهاوێژ ئاگرەکەی بەکێش دەکات.
ئیتر زەنگەکان
زەنگەکان و
دواتر زەنگە ترسناکەکان!
شەو لێرەیە
ئێرەیە شەو، کاتژمێری دڕاوی خەون، گۆرانی شکاوی شوێنکەوتووەکانی،
ئەو جووت لاقەی تاکەوتاک بەرەو پشتیان هەڵدەگەڕێن،
ئەو فیرعەونە ڕەشەی لێ دەگەڕێت چیاکە وا دابڕمێت، جار نا جارێک فریودەرانە
باوەشی خۆی دەکاتەوە و بە پلیکانەکەدا ڕووبەڕومان دێتەوە خوار.
لێرە ناڵەی منداڵێک جار نا جار لەسەر قەرەوێڵەی مۆنی نەخۆشخانەکەدا دادەنیشێت.
پاشان لە ناکاو بەدەم گرمەگرمی ئەو هەورانەی تەوژم دەدەن
ئاسمانەکەش دەکەوێتە خوار، بەو ئەستێرانەی کە دەکۆکن و
پتر لە قەبارەی خۆیان ڕووناکییەکانیان ڕفێنراون.
دیسان ئەمە پۆرترێتی منە، کەسێک کە غەمگینانە دەدوێت، کێڵگەیەکی تەواو نەکراو،
ئەو دەرگایەی بۆ پاشەوەی لەسەر پشتە، یاخود کەشتییەکی بچووک کە دەخزێتە نێو پەرداخ و هەر لەوێدا لەنگەر دەگرێت.
یانیش وەرزی دڵۆپە کردوو بەو تەمانەی خۆیان بە دەلاقەکەیدا دەسوون…
شیعری پۆرترێت، وێنەکێشانێکە، فۆتۆگرتنێکە، تابلۆیەک دەکێشێت. واتە پۆرترێت بێ هیچ گومانێک بریتییە لە هونەری وێنەکێشان. ئەم شیعرە نووسینەوەی ئێستای شاعیر و دونیاکەیەتی، شیعرێکی سیاسی نییە ئەگەرچی ڕەهەندی سیاسی تێدایە. بەو پێیەی خاک و نەتەوەی ئەم شیعرە، کۆڵۆنیاکراوه و دەستبەسەرە لە لایەن ئەوی دیکەی داگیرکەرەوە. لە لە هەمانکاتدا بەرامبەر بەمەش، پۆرترێت ناسنامەی ڕۆژهەڵاتی -کوردییە- لە ناو خودی خۆیدا، کە قەیرانی مرۆیی، شوناس، زمان و داهێنانی هەیە. دیدێکی پوچگەراییە دەربارەی ئەو ژیانە ناڕەسەنەی لە بوون داماڵدراوە و فاکتەرەکانیشی ڕوونن. هەر بۆیە هێندەی دیدێکی ڕەخنەییە لە بارەی خۆیەوە، هێندەش بەدوای ئازادی و درچوونەوەیە لەوی دیکە. واتە لە هەردوو باردا ئەم شیعرە بە دووی شوناس و بوونی خۆیدا دەگەڕێت.
وەک وتمان، ئەم شیعرە ڕامان و پرسیارە لە شوناس و پێکهاتە مێژوویی، ژیاریی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ژیانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و کۆمەڵگای کوردیی بە تایبەتی. پۆرترێت پۆرترێتی مرۆڤی کوردیی، خاک و زمان و کلتوورەکەیەتی، پۆرترێتی ژیانی ئەم کۆمەڵگا و مێژوویەتی، پۆرترێتی خەونی کوردیی و گەمارۆدان و لەدەستدانی ئێستایەتی لە بەردەم باڵادەستبوونی کلتوریی سیاسیانە و جیهانگیری و جێنشینبوونی تەکنەلۆژیا، کاڵای نوێ، هەروەها لێکەوتەکانی ئەم شتانە لەسەر تاک و ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردیی.
پێدەچێت وەرزەکە ڕووی لە سستی بێت، پاش ئەوەی ساڵەکە بە هێمنی و قەبارە زەبەلاحەکەیەوە درێژ دەکشێ و لەپشتی گەنجینەکەوە کاژەکەی خۆی فڕێدەدات.
شاعیر بە وەرز دەست پێدەکات، وەک ئاماژەیەکی ڕەها بۆ بوونی کات، دەستپێکی شیعرەکە ئاماژەی خاوبوونەوەی کات و هەستی لەدەستدانی کاتە، لێرەدا بوونێک، یان خودێک شتەکانی، لە بەردەم هەڕەشەی داگیرکردندان. ڕەنگە ئەم بوونە لە یەکەم وێنەیدا، خاکی کوردان و زمان و ئەو گەنجینانەیان، یان ئەو کەرەستە خاوانەی ژێر زەوییەکەیان بن، کە هەمیشە و بە درێژایی مێژوو، بە ئێستایشەوە، هۆکارێک بوون بۆ تەماعکاری و پەلکێشی و داگیرکارییەکانی ئەوانی دیکە بۆ سەریان. لێرەدا و بە هۆی ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانەی ئەوانی دیکە بۆ سەر ژیان و ژینگەی ئەم وڵاته، وای کردووە ئاستی گەشەی ژیانی لەم وڵاتەدا خاو ببێتەوە.
وەرز لێرەدا کە پێدەچێت میتافۆڕێک بێت بۆ کات سوڕانەوەی زەوی، وەرزێکی سستە، واتە کات لێرەدا کاتێکی کوردانەیە، ئەم کاتە لە پاشەکشەدایە. واتە وەرزی کوردان و نەتەوەی کوردان، میکانیزمی سروشتی خۆی لە دەست داوە و هێزی خاوی و سستی هەڵگرتووە. (پاش ئەوەی ساڵەکە) ساڵیش لێرەدا هەر هەمان ئاماژەی کاتی هەڵگرتووە، بەڵام بە پێچەوانەی وەرز، ساڵ درێژ ترە، ئەگەر وەرز وەک ئەوەی وتمان وەرزێکی کوردانە بێت، کە هەڵگری سستی و خاوییە و درەنگ ڕادەگات بەوەی خۆی بونیا بنێت (بونیادنانێکی نەتەوەییانەی کوردانە)، ئەوا (ساڵ)بە پێچەوانەوە ساڵێکی داگیرکەرانەیە و پەیوەستە بەوی دیکەی داگیرکەرەوە. وەک دەبینین شاعیر لێرەدا شوبهاندنی بەکار هێناوە و (ساڵ)ى شوبهاندووە بە مارێکی درێژ، کە لە پشت گەنجینەی کوردانەوە دەبینرێت و بۆ ئەو گەنجینەیە درێژ دەکشێت، وە لە پشتی ئەو گەنجینەیەوە کاژەکەی خۆی فڕێ دەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە.
لێرەدا دەکرێت بگوترێت ئەمە سەرتا و مێژووی دروستبوون و بەردەوامبوونی نەتەوە، زمان و خاکی کوردانە، ناسنامەیەکە کە ئەوی دیکە پێی دەبەخشێت و لەژێر چەتری ئەو ناسنامەیەدا کاتەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت، ناسنامەیەک لە داگیرکەرەوە بۆ داگیرکراو. پاشان دیدە ڕەخنەیەکەی شاعیر لە دێڕەکانی دواتردا، ڕووەو ناوەوەی خۆی بەرجەستە دەبێت. ناوەوەی خۆی وەک کۆمەڵگا، زمان و شێوازی خۆبەڕێوەبردن و ژیانی ناوەکی خۆی.
کات لێرەشدا ئاڕاستەیەکی نێگەتیڤی هەیە و ڕوو لە ئاوابوونە، چونکە غەرقی برینە: (دەمەو عەسرێکی برین پەرستە)، عەسر لێرەدا ئەڵقەی پەیوەندی نێوان ڕۆژ و شەوە تا ساتەوەختی گەیشتن بە تاریکی و دەرکەوتنی دڵەڕاوکێ و ترس، بێگومان ئەم کاتە میتافۆڕی بوونی کوردانە کە بوونێکە لە دڵەڕاوکێ و نادیاریی لە جەستەی مرۆڤی نێو چوار دۆڵەکەدا. لێرەدا (دۆڵ) شوبهێندراوە بە خاکی کوردان، هەر چوارلای دۆڵەکەش ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ چوار پارچەی کوردستان، دانیشتوانی ئەم دۆڵە، دوورە دەست و تاریکنشینن، چونکە ئەو شتەی کە پێویستە هەیانبێت تا ببێتە فاکتەری دەرکەوتن و بینراوییان، نیانە، واتە نادیاریی بوونی کوردان لێرەدا گرێدراوە بە شتێکی گەورە لە چەشنی داهێنانەوە، واتە ئەگەر داهێنان سەرچاوەی بوونێکی ڕەسەن و بە دیارکەوتنی ئەو بوونە، ئەو کلتوورە بێت، ئەوا بوون و کلتووری کوردان لەم دەقەدا ئەو شتەیە کە نییە و نادیارە، چونکە ڕەگەزیی داهێنان و بەرهەمهێنان تێیدا لاوازە. هەر بۆیە ئەو بوونە و دەنگی ئەو بوونە، جگە لە (ژاوەژاوێک بن چەماوە بەسەر سەری خۆیانەوە) شتێکی دیکە نییە:
دەمەو عەسرێکی برین پەرستە، زێدنشینەکان بەهەر چوارلای دۆڵەکەدا،
ئەوانەی قەتیس لەو ڕووناکییەی کە خول دەخوات و پاشان پەرش دەبێتەوە،
نەبینراو وەک ئەوەی ژاوەژاوێک بن چەماوە بەسەر سەری خۆیانەوە.
ئەمە چیرۆکی کوردانە، لەسەرێکەوە خۆیان هۆکار و داهێنەری نادیاریی بوونی خۆیانن، لەسەرێکیشەوە بەهۆی لاوازیی جەستەی ئەم بوونە و دۆخی لێک هەڵوەشاوەیی و نا یەکڕیزی تاکەکانی ئەم خاکەوە، کە هیچ میکانیزمێکی گرنگی وایان نییە بۆ پەرەپێدان و داهێنانگەلێک تا ئەوی دیکە ناچار بکات بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت، بینراو نین لە چاوی ئەوی دیکەوە، داگیرکاری و دەستێوەردانەکانی ئەوی دیکەی داگیرکاریش سەرچاوەی لاواز کردن و نادیاربوونی بوونی کوردانن. دیارە بێگومان خاکی داگیرکراو و زمانی داگیرکراو، بەهۆی بەرتەسک بوونەوەی سنووری ئازادییەکانی، کەمتر دەتوانێت لە نێو واقیعێکدا بژی کە بیر لە گەشەسەندن و داهێنانی خۆی بکاتەوە، هەمیشە لە دۆخی داگیرکردندا، ئەو وێنەیەی کە زەق دەبێتەوه و زاڵ دەڕوانێت، وێنەی ئەوی دیکەیە لە بری وێنەی ڕاستەقینەی جێنشینی ئەسڵی:
لەوێ سیسرکەکان چەشنی تیر دەرچوو لە کەوانی تینوویان،
بە پڕتاو لە گۆشەکانەوە دەردەپەڕن و بە ڕووناکییەکەدا هەڵدەگەڕێن.
بینراو، بە سەر و سیمای خۆیانەوە وێنای وەهمێک دەدروونەوە:
لەوێ چیرۆکەکان زار هەڵدێنن و فریودەرانە ئازادی خۆیان دەڵێنەوە،
دەیڵێنەوە،
دەیڵێنەوە، لەو ڕوناکییەی کە خول دەخوات و پاشان لە بەردەمی گەنجینەک پەرش دەبێت.
لێرەدا وێنای داگیرکەر بە سیسرک شوبهێندراوە، سیسرک گیاندارێکە بە شەودا دەردەکەوێت، ژیانی لە ناوچەی تاریک و پیس و شێداردایە، ئەو داگیرکەرە یان ئەو سیسرکە هێندە تینووە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەوی دیکە، وەک تیر بە خێرایی لە کەوانەوە دەردەچن، ئامانجی ئەمان پارێزگاریکردن نییە لەوی دەست بەسەرداگیراو، بەڵکو داگیرکەر کاتێک دێت کە ڕووناکییەک یان گەنجینەیەکی بەنرخی لێوە دیار بێت و لە ژێر دەیان دروشمی فریودەرانەدا دێت. چیرۆکێک دروست دەکات وەک ئەوەی وای دەربخات چیرۆکی ئازادیی بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکە، چیرۆکی دەستدرێژییە.
دوای پشوویەک و جێهێشتنی خەواڵوویی،
ڕۆژەکە لە گەشتەکەی دەگاتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و تیشکی کەمتینی
بەسەر دۆڵە قەڵەوەکەدا هەڵدەواسێت. لەوێ دارستان ڕاوەستاوە بەو درەختە لەرزیوانەی پێکوتەکان لە لاقیاندا و زەرد دەچنەوە.
دوو ڕووبارەکەش مقەستئاسا سەوڵی دێرینیان دەهاژوون، نائارام بەو دەستانەی
زەنگەکەیان هەڵگرتووە، بەبێ زار بەرەو داهاتوو،
ڕووبەڕوو بەرەو سنوورێک کە دەگڕێت و خۆی قاژ دەکات.
سنوور دەگەڕێ و درێژ دەکشێ: قاژێکی تر لەو ئاشووبەی باشوورییانە چاو هەڵدێنێ و
لە گوندەکە بە نێوانی دوو کێڵگەدا، پریشکهاوێژ ئاگرەکەی بەکێش دەکات.
لێرەدا گێڕانەوەی چیرۆکی کوردان، لە وێنەیەکی تایبەتییەوە درێژ دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ وێنەیەکی گشتی چیرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێویشیاندا چیرۆکی گەلی عێراقی: (تیشکی کەمتینی
بەسەر دۆڵە قەڵەوەکەدا هەڵدەواسێت)، تا واقیعی بوونی کوردان هاوشێوە بە واقیعێکی گەورەتر بکات کە واقیعی عێراقیی: (دۆڵی قەڵەو)ە.
بە گشتی لێرەدا کۆمەڵگای عێراقی بە دارستان شوبهێندراوه کە درەختەکانی ئەم دارستانە هەڵگری ڤایرۆسن و پێکوتە لە لاقیاندایە و زەرد دەچنەوە، پێکوتە و زەردچوونەوە، هێمای نەخۆشی و دەرد و ئازارە. وەک وتمان لێرەدا فۆکسی شیعری و جووڵە و ئاڕاستەی ڕەخنەی شیعریی، لە شەنووکەو کردنی واقیعی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەپەڕێتەوە بەرەو وێناکردنی واقیعی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی- عێراقی.
ئاڕاستەگۆڕین لەم شیعرەدا یارییەکی تەکنیکی زمانییە و پتر بۆ مەبەستی فرەدەنگکردنی شیعرەکەیە. گەشتی کات لێرەدا درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە (دۆڵە قەڵەوەکە). دیارە ئاماژەی (دۆڵی قەڵەو) زیاتر ئاماژەیەکی تەنزیی و ئایرۆنییە. ودرەکاری و وەسفی زۆر لەم بەشەی شیعرەکەدا نابیندرێت، ئاماژە شیعرییەکانی ژیان سەبارەت بەم کۆمەڵگایە، لەم بەشەدا پتر هێمایین و بە هێڵی کاڵ بەرجەستە کراون. ڕاگوزەرانە دێڕەکان وەک کامێرایەک فلاش لێدەدەن و وێنەی خێرای واقیعێکی گشتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی دەگرن. لێرەدا ئەوەی گرنگ بێت، ڕۆژهەڵات بە دارستان شوبهێندراوە، دارستانیش بە نەخۆشخانەیەک کە درەختەکانی (تاکەکانی) پێکوتە لە لاقیاندایە و نەخۆش و زەرد هەڵگەڕاون. لە نێو ئەم وێنە گشتیەشدا وێنەیەکی بچوکتری کۆمەڵگای عەرەبی- عێراقیمان هەیە، کە بە ئاماژەی (دوو ڕووبارەکە): وڵاتی نێوان دوو ڕووبار، گوزارشتی لێ کراوە، وڵاتی نێوان دوو ڕووبار لەم شیعرەدا وەک مقەستێک وێنا کراوە کە هەناو و ناوەوەی خۆی دەبڕێت و قاژ دەکات. بە دەستەکانیشی هەمیشە زەنگی مەترسی بۆ ژیانی ناوەکی خۆی لێ دەدات. وڵاتێک کە وەک بورکانێک لە ناوەوەی خۆی دەکوڵێت. وڵاتێک هاوشێوەی وڵاتی کوردان، زاری نییە، بەرهەم و داهێنانی نییە. بەهەمانشێوە ئەمیش لە چاوی ئەوی دیکەدا بینراو نییە، وڵاتێک سەرەڕای ئەوەش، هەمیشە بە ڕۆحە توندووتیژەکەیدا دەناسرێتەوە.
سنوور دەگەڕێ و درێژ دەکشێ: قاژێکی تر لەو ئاشووبەی باشوورییانە چاو هەڵدێنێ و
لە گوندەکە بە نێوانی دوو کێڵگەدا، پریشکهاوێژ ئاگرەکەی بەکێش دەکات.
دیسان لێرەدا ئاڕاستەی شیعریی دەگۆڕێت و فۆکس دەگەڕێتەوه سەر دونیای کۆمەڵگای کوردیی. وێنەکەش وردتر دەبێتەوە و دێتە سەر ئەو بەشەی پێی دەڵێین: باشوری کوردستان. لێرەدا ئەم بەشە خاکە و ئەم سنوورە، بە قاژێک لە ئاشووب وێنا کراوە، ئاگرەکەی هەمیشە دەگڕێت و لەگەڵ خۆی بۆ سوتانی خۆی و ئەو دوو زۆنەی کە لە نێوان دوو کێڵگەدایە بەکێشی دەکات.
ئاگر لێرەدا هێمای توندووتیژی و خۆ لە ناوبردن و ماڵوێرانییە.
ئیتر زەنگەکان
زەنگەکان و
دواتر زەنگە ترسناکەکان!
شەو لێرەیە
ئێرەیە شەو، کاتژمێری دڕاوی خەون، گۆرانی شکاوی شوێنکەوتووەکانی،
ئەو جووت لاقەی تاکەوتاک بەرەو پشتیان هەڵدەگەڕێن،
ئەو فیرعەونە ڕەشەی لێ دەگەڕێت چیاکە وا دابڕمێت، جار نا جارێک فریودەرانە
باوەشی خۆی دەکاتەوە و بە پلیکانەکەدا ڕووبەڕومان دێتەوە خوار.
لەم بەشەدا کاتی شیعرەکە گەیشتووە بە تاریکترین سنووری خۆی کە شەوە. شەو میتافۆڕی تاریکییە، ڕووناکی دەمەو عەسری سەرەتای شیعرەکە، لەم بەشەدا دەگاتە شەو، لێرە بەدوا شیعرەکە زەنگی مەترسی لێدەدات، ئەگەرچی شەو هەندێکجار میتافۆڕی بێدەنگی و ئارامی و خەونە، بەڵام لەم بەشەی شیعری پۆرترێتدا، شەو پانتاییەکە بۆ سڕینەوەی ئارامییەکان و سوڕانەوەی میلی کاتژمێر بەرەو نائومێد و ئازار، باڵبەسەرداکێشانی تاریکیی، دەرکەوتنی برین و ئازارەکانی مرۆڤی کۆمەڵگای کوردیی: (ئێرەیە شەو، کاتژمێری دڕاوی خەون). لە دۆخی متبوونی کات و چەقبەستنی سوڕی ژیان، خەونەکانیش پاشەکشە دەکەن، سوڕی گەشە لە بری ڕۆیشتن بە ئاڕاستەی پێشەوە و داهاتوو، بەرەو پاش دەبنەوە:
(ئەو جووت لاقەی تاکەوتاک بەرەو پشتیان هەڵدەگەڕێن،
ئەو فیرعەونە ڕەشەی لێ دەگەڕێت چیاکە وا دابڕمێت، جار نا جارێک فریودەرانە
باوەشی خۆی دەکاتەوە و بە پلیکانەکەدا ڕووبەڕومان دێتەوە خوار).
بەرپرسیارێتی ئەم هەرەسەش لە دیدی شاعیرەوە، نیشتەجێبوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و خۆبەڕێوەبردنی دونیای کوردییە. لەسەرەتای شیعرەکەدا بینیمان داگیرکەر ئەوی دیکە بوو، دەستدرێژییەکانی ئەوی دیکە بوو بۆ سەر خاک و زمان گەشەی سروشتی کۆمەڵگای کوردیی. بەڵام لێرەدا ئاڕاستەی داگیرکەر ڕووی لە خۆیەتی، دەسەڵاتی کوردییە کە لە هەناوی خودی کۆمەڵگای کوردییەوە سەر دەردەهێنێت. ئەم دوانەش: هەم خوود و هەمیش ئەوی دیکە، پێکەوە قەیرانی گەورەی شارستانی، مرۆیی، ئەخلاقی، لە هەناوی ئەم کۆمەڵگایەدا دەخوڵقێنن. هیچ بوارێک بۆ ئەوە ناهێڵنەوە تاکەکانی بتوانێت لەگەڵ خەونی خۆیی و جیهانی خۆی تەبا بێت. بۆیە دەبینین هەر لە دەسپێکی شیعرەکەوە تا کۆتایی کەشێکی نا ئارام، تۆقێنەر و ترسناک زاڵە. هیچ ئاماژەیەکی شارستانیی و ژیاریی لە وێنە شیعرییەکاندا دەرناکەون. تەمێکی چڕ بەسەر یەک بە یەکی دێڕە شیعرییەکانەوە دەبیندرێت. ئاماژەی نیگەرانیی و نائومێدی زیاتر لە هەر شتێکی دیکە زاڵترە. ئەوەی کە هەیە ئاڕاستەی کاتە لە ڕووناکییەکی کزی دەستپێک بەرەو تاریکی و شەو. فیرعەونی دەسەڵاتی کوردیی لە دیدی ئەم شیعرەدا، باوەشێکی فریودەرانەی هەیە و لە سایەی ئەم ئامێزە فریودەرانەیەوە، کۆمەڵگای کوردی جگە لە نەخۆشخانەیەکی گەورە کە دەنگی هیچ منداڵێکی تێدا نییە (منداڵ وەک میتافۆڕی پاکی و بێگەردییەکی سروشتی، کە دونیاکەی دەستی لێ نەدراوە و پیس نەکراوە:
لێرە ناڵەی منداڵێک جار نا جار لەسەر قەرەوێڵەی مۆنی نەخۆشخانەکەدا دادەنیشێت.
پاشان لە ناکاو بەدەم گرمەگرمی ئەو هەورانەی تەوژم دەدەن
ئاسمانەکەش دەکەوێتە خوار، بەو ئەستێرانەی کە دەکۆکن و
پتر لە قەبارەی خۆیان ڕووناکییەکانیان ڕفێنراون.
ئەم ئاسمانەش، ئاسمانی کۆمەڵگای کوردییە، ئەستێرەکانی ئەم ئاسمانەش ئەوانەن کە نەخۆش کەوتوون، لە سایەی دەسەڵاتی سیاسی کوردییەوە، لە خێر و بێری ئەم خاکە بێبەشن، هیچ ژینگەیەکیان بۆ فەراهەم نەکراوە تا لە سایەیەوە بتوانن گەشە بکەن، دەنگ و داهێنان هەبێت و بەهەمدار بن، تا بەهۆی ئەم ئەستێرانەوە بوونی کوردیی ببێته بوونێکی بینراو لە چاوی ئەوی دیکەوە.
دیسان ئەمە پۆرترێتی منە، کەسێک کە غەمگینانە دەدوێت، کێڵگەیەکی تەواو نەکراو،
ئەو دەرگایەی بۆ پاشەوەی لەسەر پشتە، یاخود کەشتییەکی بچووک کە دەخزێتە نێو پەرداخ و هەر لەوێدا لەنگەر دەگرێت.
یانیش وەرزی دڵۆپە کردوو بەو تەمانەی خۆیان بە دەلاقەکەیدا دەسوون…
ئەم شیعرە پۆرترێتی خودی شاعیرە کە وێنەدانەوەیەکی گشتی ژیانی دونیای کوردییە، کێڵگەیەکی ڕەشبینە، دەرگایەکە لە بری ئەوەی ڕووی لە ژیان و ئایندە و خەون و خۆزگەی خۆی بێت، ڕووی لە پاشەکشێدایە. خەونی مرۆڤی کوردی لێرەدا لە وێنەیەکی ناباو و سوریالیدا، بە کەشتییەکی بچووک شوبهێندراوە کە لە بری ئەوەی لە دەریادا گەشت بکات، لە پەداخێک ئاودا لەنگەری گرتووە.
کۆتایی ئەم شیعرە، پێچکردنەوەیەکی تەکنیکی و یەکانگیرییەکی شیعرییە بەرەو سەرەتای شیعرەکە، بەوەی تۆنی غەمگینی سەرەتای شیعرەکە دەبێتە هەمان تۆنی غەمگینی کۆتایی.
____________
* / کێڵگەی بەتاڵ، سروشت نەوزاد، شیعر، براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ۲۰۲۱، وەشانی نووسیار، چاپی یەکەم ۲۰۲۱، لاپەڕە ۱۱