شاعیربوون واتە (نارین ڕۆستەم)
کەژاڵ نووری
لە دوای خوێندنەوەی کۆمەڵەشیعرێکی (نارین ڕۆستەم) خەریکە باوەڕی ئەوەم لا دروست ببێت، داوای لێبووردن لە خوێنەرانی خۆم بکەم کە وام تێگەیاندوون شاعیربوون واتە من. شیعر واتە ئەوانەی من دەیاننووسم. ئەم قسەیە ڕەنگە بۆ هەموو ئەوانە ڕاست بێت کە وەکوو نارین ڕێچکەیەکی پێشترنەبینراوییان نییە تایبەت بە خۆیان بێت. ئێمە شاعیرانێکمان هەن، سکێچی شیعریی دەکێشن و چەند ساڵێک دایئەنێن و بڵاوی ناکەنەوە. بەردەوام لەملا و لەولا وێنەی شیعریی و فانتازییای ئەم و ئەو دەخوێننەوە، دواتر دێن لەسەر ئەو پەیکەرە شیعرییانە، سکێچەکەی خۆیان تەواو دەکەن. هەندێکجار دزی لە پەیکەرەکانیش دەکەن. سوپاسگوزارم کە خۆم ئەو خووەم نییە.
کاتێک نارین دەخوێنیتەوە، بۆت دەردەکەوێت هەموو شتێکی ئەو بەس هیی خۆیەتی و ناکرێت لەسەر پەیکەرە شیعرییەکانی ئەو سکێچە ڕەنگڕێژکراوەکانی شیعر تەواو بکرێت. چونکە شیعری نارین نە لاسایی دەکرێتەوە، نە ئەدزرێ نە کۆپی ئەکرێ و نە ئاوێزان دەکرێ.
کاتێک (نارین ڕۆستەم) دەخوێنیتەوە، بۆت دەرئەکەوێ شیعرنووسین واتە: وتن بە ڕێگایەکی زۆر زۆرناباو، کێشانی وێنەگەلێکی شیعریی تەواو پێشتر نەبینراو. گەڕانەوەی شکۆ، بۆ وشەگەلێکی زیاتر لە زۆر غەدر لێکراو. من نارین ناناسم، هەرگیز پەیوەندیشم لە گەڵی نەبووە، بەڵام ئەتوانم بڵێم:
شاعیربوون واتە (نارین رۆستەم).