ژێرخانی چیرۆکە نەگوتراوەکان
کارزان عەلی
دەفتەری سوور پۆڵ ئۆستەر ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین کەرەستەکانی هەر نووسەرێک، ئەو ژێرخانە نهێنی و پتەوە بێت، نوسەرێک ئەزموونەکانی خۆی لەسەر بونیاد دەنێت. ژێرخانی چیرۆکە نەگوتراوەکان، بە مانایەکی تر توخمی ڕاستەقینەیی پێکهاتی چیرۆکەکان. ژێرخانی چیرۆکە نەگوتراوەکان، دانپێدانان و ڕووبەڕوونەوەی واقیعییەیانەه نووسەرێکە، کە لە ساتێکدا بڕیار دەدات تۆماری بکات، و وەک کتێبێکی سەربەخۆ، چاپی بکات.
لە دوو توێیدا باس لە چیرۆکی نووسەربوونی خۆی بگێڕێتەوە. بێگومان زۆرن ئەو نوسەرانەی لە ساتێکی دیاریکراودا، لە شێوەی یادەوەریی یان دانپێدانان، یان دەیان ناونیشانی تردا، هەنگاوێکی بوێرانەی لەم شێوەیە دەنێن. گەر نوسەری تازە کۆچکردووی پیرۆیی (ماریۆ فارگاس یۆسا) بە نمونە وەربگرین، سەرەتای چیرۆکی و ژیانی خۆی لە کتێبی (ماسییەک لە ئاودا) دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەزموونی ڕاستەقینەیی یۆسا لە نووسەربوونی خۆیدا، لە کتێبی (دوانزە نامە بۆ ڕۆماننوسێکی لاو) دا دەخوێنینەوە. پۆڵ ئۆستەری نووسەری مەزنی ئەمریکی، لە توێی کتێبی (دەفتەری سوور) دا، بە یەک هەنگاو، هەردوو کارەکەی فارگاس یۆسا ئەنجام دەدات. کتێبی چاپی نوێی (دەفتەری سوور) کە یەکێکە لە تازەترین چاپکراوەکانی ناوەندی نووسیار بۆ ساڵی 2025، ئەم کتێبە نایابە بە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕی بە توانا بەڕێز (هاشم ئەحمەدزادە) بڵاو دەکاتەوە. لە ڕاستیدا ئەم کتێبەی ناوەندی نووسیار، دەستبردنە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو میراتە مەزنەی کە پۆڵ ئۆستەر لە ڕێگەی ڕۆمانە جوانەکانییەوە، بۆی بەجێ هێشتووین.
(دەفتەری سوور) کە کتومت یەک چیرۆک و تەکنیکی لەوەی فارگاس یۆسا زیاترە، دەکرێت وەک (سیانزە نامە بۆ هەر نوسەرێک) ناوی لێ بنێین. پۆڵ ئۆستەر بەم کتێبەی، کە پێک دێت لە سیانزە چیرۆکی جیاوازی ژیانی خۆی، سیانزە ڕووداوی جیاواز، سیانزە بنەمای گێڕانەوە، دەیەوێت جەخت لە سەرەتای خەونی نوسەربوون بکاتەوە لای هەرکەسێکمان کە ڕۆژێک خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە نوسەر. سیانزە چیرۆکی ڕاستەقینەی ناو ئەم کتێبە، هەوێنی بەشێکی زۆر لە کار و ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی نوسەر خۆیەتی.
کتومت وەک لە چیرۆکی سیانزەیەمی کتێبەکەیدا دەیگێڕێتەوە، کە تەلەفۆن یان پەیوەندییەکی هەڵە، دەبێتە هۆی ئەوەی یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی خۆی بە ناوی (شاری شووشە) کە یەکەمین ڕۆمانیەتی، بنووسێت. لە ڕاستیدا کتێبی (دەفتەری سوور) کە ئاوەڵناوی سوور تێیدا ئاماژەی شتێکە ترسناک و لەناکاو، دەفتەری هەموو ئەوانەیە خەیاڵیان لە نوسین و گێڕانەوە هەیە، چونکە ئەم سیانزە ڕووداوە، هەموویان ڕووداوی واقیعی و ڕاستیین، وە هەریەکەیان دەتوانن بە جۆرێک خزمەت یان کۆمەک بە نووسینی ڕۆمانێکی باش یان چیرۆکێکی باش، بکەن، چونکە بە ڕای ئۆستەر، بونیادی ڕووداوە ڕاستییەکان، دواجار دەکرێت ببنە هۆکاری ئەوەی کەسێک بکەن بە نووسەر. سیانزە چیرۆکی ناو ئەم کتێبە، لە ڕاستیدا بە زمانێکی سادە و ساکار، ڕووداوەکان دەگێڕنەوە.
وەک هەر کەسێکی ئاسایی کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە یان ڕووداوێک باس دەکات، پۆڵ ئۆستەر کە ڕەگەز و تەکنیکە زۆرەکانی گێڕانەوە لەم کتێبەیدا بەکار ناخات، مەبەست و نیازێکی ئاشکرای لە پشتەوەیە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت “چیرۆک هەر ئەوەیە بەم سادەییە بیگێڕینەوە”. بەشێکی تری کتێبەکە، تەرخان کراوە بۆ چاوپێکەوتنێکی درێژ لەمەڕ کار و کتێب و ڕۆمانەکانی تری نووسەر. بەشێک بە ناوی (خۆم لە ناو کتێبەکاندا) کە شێوەیەک لە گفتوگۆیەکی هێمنانەیە لەگەڵ پۆڵ ئۆستەردا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چیرۆکی کارەکتەر و تێمای ڕۆمانەکانی ڕوون بکاتەوە. بە هەمان شێوە ئەمەش یارمەتییەکی باشی خوێنەر دەدات بۆ ئەوەی باشتر لە ڕۆمانەکانی ئۆستەر تێبگات. کتێبی (دەفتەری سوور) لە دووتوێی 117 لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای نووسیارەوە چاپکراوە.