f049c523-5dcb-4490-ba13-ca10d5ef8e23

2025/04/26

لەو نیشتیمانەدا، ئێسکوپرووسکەکانمان بە شانەوەیە!

کاروان حەسەن

میللەتی کورد خاوەن سەدان ڕووداو و بەسەرهات و شۆڕش و بەرخودان و ئازارە. واتا کەرەستەی چیرۆک و ڕۆمانمان زۆر لەبەر دەستن، بەڵام لێرەدا گێڕانەوە و جۆری تەکنیک و گرێ و ڕێکخستنەکان ڕۆڵ دەبینن لە دروستکردن و نووسینی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانە. بەمانایەکی دیکە، چۆن گێڕانەوە، دەور دەبینێت. نووسەری بەهرەمەند وا دەکات، گێڕانەوەکە لەناو خوێنەردا بمێنێتەوە و تووشی ڕامان و پرسیار و بیرکردنەوەی قووڵی بکات.
(ناوی خۆیان بیر نەماوە) یەکێکە لەو ڕۆمانە تایبەتانەی بە سەلیقەی زۆر نایاب، ڕووداو و بەسەرهاتەکان گێڕدراونەتەوە. من لە کاتی خوێندنەوەدا، پێم وابوو ئەو جۆرە گێڕانەوەیە ئەگەر بکرێتە فیلمێکی سینەمایی، دڵنیام دەنگدانەوەی گەورەی دەبێت.
(ئارام محەمەد) کە زۆرینەی بەرهەمەکانیم خوێندوونەتەوە، وەک ناوەکەی ئارام دەنووسێت. ورد و قوڵ دەچێتە ناو ڕووداوەکان. سەدان چیرۆکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەرباس دەدات و لێیان دەدوێ. لە گێڕانەوەدا زانیاری ورد دەخاتەڕوو، هەندێکجار لە دیمەنەکاندا وا هەست دەکەیت نووسەر بەدیار کاراکتەری ڕۆمانەکە دانیشتووە، هێندە بە وردی و قووڵی و جوانییەوە وەسفی کەسەکان دەکات. دەکرێ بڵێم، نووسەر وه‌ستایانه‌ وه‌ك دارتاشێك سه‌لیقه‌ و زانینی له‌و بابه‌ته‌ خستوه‌ته‌گه‌ڕ و لێزانانه‌ و به‌ ئه‌زموون دەردەکەوێت.
ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە) باس لە چەند خێزانێک دەکات، کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون. ئەو خێزانه‌ کوردانه‌ی، کە ژیانیان بە تراژیدیایەکی گەورە تێکدەچێت. خێزانی یه‌كه‌م پێکهاتووە لە (دایکێک و سێ کچ و کوڕێک) كه‌ ئەو خێزانە بەبێ باوک درێژە بە ژیانە تراژیدییەکەیان ده‌دەن. ژنێك پیاوه‌كه‌ی به‌ر تاوانی ئه‌نفال كه‌وتووه‌ و بێ سه‌رو شوێنه‌، لە پێناو دۆزینەوەی چارەنووسی هاوسەرەکەی، قوربانی زۆر بە ژیانی دەدات. ئازارێکی دەروونی و جەستەیی زۆر دەچێژێت. ئەو سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان، هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی خێزانەکەی و زانینی ڕاستییەکان.
منداڵەکان لە ژێر کاریگەری ئەم بارودۆخە دژوارەدا ئازار دەچێژن. ژیانی بێ باوکی و ژینگەی پڕ لە ناخۆشی و ئازار، باری دەروونی و هەستیاری ئەم منداڵانە تێک دەدات. کچە گەورەکەی خێزانەکە، لە ئەنجامی ئەم فشارە دەروونییە بەرزە، بەیانییەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و خۆی هەڵدەواسێت. براکەیان، دوای مەرگی خوشکەکەی، زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری نەهامەتییەکان. ئەویش سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ ژیان، لە کۆتاییدا ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو ئازار و نەهامەتییە بگرێت و پاش چەندین کێشەی جۆاروجۆر، خۆی دەکوژێت.
گێڕانه‌وه‌ی مێژوو له‌م ڕۆمانه‌دا یان بیرخستنه‌وه‌ی تاوانی ئه‌نفال بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو زه‌روره‌تە و ده‌بێ نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتووش ئه‌و زوڵم و زۆردارییەی بەعس و ئەو تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر میلله‌تی كورد كراوه‌‌ بزانن.
عه‌بدولڕه‌حمان مونیف له‌ كتێبی (تیشكێك بۆ سه‌ر ڕۆمان)دا ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر مێژوودا بڕوانین بوارمان بۆ ده‌ڕه‌خسێ تا گه‌وره‌ترین پانتایی حه‌قیقه‌تی ئه‌م ژیانه‌ بگێڕینه‌وه‌ بێ سانسۆر و كۆت و پێوه‌ند و ساخته‌كاری). (ئارام محه‌مه‌د) له‌و ڕۆمانه‌دا زۆر به‌ وردی، ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، لەو ڕێگەوە لە گۆشەیەکی تەواو جیاوازەوە، کە تا ئێستا ئیشی لەسەر کراوە، دیوێکی دیکەی تاوانی ئه‌نفالمان پێ ده‌ناسێنێت.
لەم ڕۆمانەدا چەند چیرۆکێکی تر هەن وەک: چیرۆکی (کاژین و کامیار- بوشڕا و مستەفا، تابان و حوسێن- نەجمەدین و سەلما- تابان و بوشرا هتد…). كه‌ گشتیان جێی سه‌رنجن و بە شێوەی جیاواز تێکەڵی گێڕانەوەکە دەبن.
ئه‌م ڕۆمانه‌، چیرۆکی گەلێک دەگێڕێتەوە کە تراژیدیای ئەنفالیان بەسەردا هاتووە، بەڵام لەناو ئەم تاریکییەدا، ڕووناکی خۆشەویستی و وەفا دەدرەوشێتەوە. نووسەر بە زمانێکی پوخت و تەکنیکی هونەریی نوێ، ئێش و ژانی میللەتی کورد بە شێوەیەکی هەستیار دەخاتە ڕوو. لە ڕۆمانەکەدا، سنووری نێوان دۆست و دوژمن تێکەڵاو دەبێت، وەک چۆن ژیان و مەرگ پێکەوە هەڵدەکەن. کارەکتەرەکان – کە ناویان بیر نەماوە – هێمان بۆ نەوەیەک کە لەناو مێژوودا ون بوون، بەڵام هێشتا لە بیرەوەریی گەلەکەیاندا زیندوون. ئەم ڕۆمانە بە دڵسۆزییەوە شایەتحاڵی تاوانێكی گەورەیە، كه‌ به‌سه‌ر میلله‌تی كورددا هاتووه‌، لە هەمان کاتدا داستانی بەرگرییە لە بەرامبەر فەرامۆشکردن. ڕووداوه‌كان، هێنده‌ سه‌رنجڕاكێش و به‌ سه‌لیقه‌یەکی ورده‌وه‌ نووسراون، خوێنەر كه‌مه‌ندكێش ده‌كه‌ن.
چیرۆکی بوشرا، کە تاکۆتایی ڕۆمانەکە لەگەڵ خوێنەردایە، زۆر خەماوییە. پڕ ئازارە. وێرانەیە. ئەو لە نێوان دۆزینەوەی ئێسکوپڕووسکی باوکی و ونبوونی مستەفای مێردی و مردنی پوری و سەرهەڵدانی سەرەداوێک لە دۆزینەوەی دایکی، هەموو ئەمانە ئازارێکی تایبەتی و ترسناكی تووش دەکەن.
دەکرێ بڵێیت، ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی کاریگەر باس لە ئاسەوارە دەروونی و جه‌سته‌یی و کۆمەڵایەتییەکانی شاڵاوی ئەنفال دەکات، لەسەر تاکە جێماوەکانی دوای ئەنفال به‌گشتی و كچه‌کان بەتایبەتی. هه‌روه‌ها چۆنیەتی تێکچوونی ژیانی هه‌زاره‌ها خێزانی كورد، بەهۆی سیاسەتی دڕندانەی ڕژێمی بەعس. وێنەیەکی ڕوونی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعس نیشان دەدات.
ده‌ستخۆشی و سوپاس بۆ نووسه‌ر كه‌ به‌و سه‌لیقه‌ ورد و به‌جێیه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ی خسته‌ كتێبخانه‌ی كوردییەوە.
بەم ڕۆمانە، ئیدی دەکرێ بڵێن تاوانی ئه‌نفال جیاواز و هونەرییانە لە نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا ئامادەیی هەیە.
(ناوی خۆیان بیرنەماوە) شەشەمین ڕۆمانی نووسەر و ڕۆماننووس(ئارام محەمەد)ـە ئەمساڵ وەشانی نووسیار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
چەند ڕستەیەک کە جێی سەرنجم بوون لەناو ڕۆمانەکە.
۱-هەرچەند تەمەن هەڵکشێ، مرۆڤ زێتر ژیانی خۆش دەوێت.
۲-ئەگەر بەدوو کێشەکاندا بچیت، وەک ئەوەیە بەسەر تەنافێکدا بڕۆیت و ژێرەوەشت ئاگربێت.
۳- زۆرجار وشەیەک یان ڕستەیەک مرۆڤ تێک و پێک دەدات.
٤-هەندێ نهێنی هەن، بە هەڵگرتن ئەوەندە لەسەر دڵ قورس دەبن، مرۆڤ لە پەل و پۆ دەخەن.
٥-مرۆڤ لە چاوەڕوانیدا ئیشی پێ ناکرێت.
٦-مرۆڤ ناتوانێت ئەو شتانە فەرامۆش بکات کە ونیان دەکات.
۷-دوو خۆشەویست کە قسان دەکەن، کات مانای نامێنێ.
۸-هەندێکجار مرۆڤ ناچارە باوەڕ بە شتێک بکات، ئەگەرچی دەشزانێت وانییە.
۹-زۆرجار مرۆڤ لەخۆی دەردەچێت و بەدوو خەونەکانی دەکەوێت.
۱۰-مرۆڤ هەتا گۆڕی ئازیزانی نەبینێت، ناتوانێ وەک مردوو وێنایان بکات.