زمانی ڕۆمانەکە تایبەتمەندییەکی سەربەخۆی هەیە
سندی ڕێشاخ
دەمێکە ڕۆمانێکی هێندە تایبەتی نووسەری کوردم نەخوێندیتەوە، زۆربەی ئەو ڕۆمانانەی لەم ماوەیەدا خوێندوومنەتەوە، هیی نووسەری بیانی بوون. ئەو ڕۆمانەی ئارام محمد “ناوی خۆیان بیرنەماوە” دەتوانم بڵێم یەکێکە لە ڕۆمانە تایبەتەکانی نووسەرانی ئێستا، زمانی ڕۆمانەکە تایبەتمەندییەکی سەربەخۆی هەیە و هیچ وشەیەکیش بێ هۆکار دانەندراوە. لە هەندێک شوێن هێندە ئیستەتیکانە مامەڵە لەگەڵ دەقەکەدا کرایە، دەکرێت وشەکان هەر لە شوێنی خۆیان هەڵوەشێنیتەوە و ببنە دەقێکی شیعری.
هەرگیز بەیەکجار خوێندنەوە بڕیار لەسەر کتێب نادەم، بەڵام ئەم ڕۆمانە هەر لەیەکەم لاپەڕەی بە قوڵی سەرنجی ڕاکێشام و پەلکێشی کردم، بەوردی سەرنجم لەسەر هەموو فیگەرەکان بوو، مەبەستم بەس کارەکتەرەکان نییە، بەگشتی لە هەموو ڕووێکەوە هێڵکارییەکان ئەدیبانە و لێهاتووانە بەرەوپێش دەڕۆن. زمانێکی ڕوون و پاک؛ تەکنیکێکی تایبەت و قوڵ، بەڵام ئاسانیش بەر هەستەوەری خوێنەر دەکەوێ.
لە ئەدەبیاتدا هەمیشە خۆم بەدوور گرتییە لەو چیرۆکانەی کە زۆر سواوو و تەقلیدین، ئەوانەی لە نەوەدەکانەوە تا ئێستاش بەردەوام بەیەک شێواز خراونەتەوە بەر دیدی خوێنەران، بەڵام ئارام بە تەکنیکێکی تایبەت، هەمان بابەت “پیاوساڵاری و ژن سالاری و کێشەکانی نەتەوە و کۆمەڵگا” دێنێتەوە بەرباس، بەجۆرێک خوێنەر یەکەمجاری بێ بەریان بکەوێت. لە هەندێک شوێن، بەڕاستی خوێنەر دەباتە ناو گەرمەی ڕووداوەکان و ئاوێتەی دەکات.
ـ لە خەیاڵی خۆم، چەندجارێک دەمگوت ئەم لاپەڕەیە، یان دوو سێ لاپەڕەیتر دەخوێنمەوە و لێی دەگەڕێم بۆ دواتر، بەڵام هێندەم زانی تەواوم کرد!
پێمخۆشە کە ڕۆمانێکی ئەوها لە ژوورەکەمدا هەیە.