لەبارەی کودەتای گاڵتەجاڕی
کارزان عەلی
دواین بەرهەمی قەڵەمی بە بڕشتی نووسەری لاو (دابان عەتار) ە کە دەزگای نووسیار لە ساڵی 2024 دا بڵاو کردوەتەوە.
پاش کۆمەڵە چیرۆکی (ناچیرۆک)، ئەم کۆمەڵەیە دووەم بەرهەمی نووسەرە.
لە ڕاستیدا بەرهەمەکە لە سێ کورتە چیرۆکی تا ئاستێک درێژ پێک دێن، سێ چیرۆک کە هەڵگری زمانێکی باڵایە لە گێڕانەوە و دەرخستنی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکاندا.
دەتوانین یەک تێمای سەرەکی یان یەک هێڵی سەرەکی لەم کۆمەڵەیەدا جیا بکەینەوە، ئەویش کارکردنی وردی نووسەرە لە یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی دونیای ئەمڕۆدا، کە دیاردەی نامۆبوونە.
ئەم کۆمەڵە چیرۆکە کە لە ڕاستیدا سێ چیرۆک لەخۆی دەگرێت (زیندانی بەرد، دوورگەی شەڕ، کودەتای گاڵتەجاڕی) هەوڵێکی جیددی نوسەرن بۆ ئەوەی دونیای ناوەوەی کارەکتەرەکان بەرامبەر بە دیاردەی ونبوون دەربخات.
لە چیرۆکی یەکەمدا (کە دواتر کورتە چیرۆکی دووەمیش لە خۆیدا هەڵدەگرێت) ونبون و نامۆبوونی پەیکەرتاشێکە، یان باشتر کشانەوەی پەیکەرتاشێکە بۆ ئەوەی خۆشەویستی و ئەوینی خۆی لە تاشەبەردێکدا بەرجەستە بکات، وەک ئەوەی باوەڕ بە وشە، چیرۆک و ڕووداوە نوسراو و گێڕدراوەکان نەکات، دەیەوێت لە ئامێزی سروشتێکی دوورەدەستدا، خۆی لە هەمووان ون بکات و ئەوینی خۆی لە (یارپەیکەر)ێکدا تا هەتایە زیندوو ڕابگرێت.
بە جیاواز لە هەردوو چیرۆکەکەی تر، ئەوەی لێرەدا دەیخوێنینەوە، توانای نوسەرە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی دوو هێڵی تەریبی گێڕانەوەدا، گەڕانەوە و پێشکەوتن لە گوتاری چیرۆکەکەدا (بەو مانایەی جیرار جینێت بۆ هەردوو چەمکی گوتاری گەڕانەوە و پێشکەوتن، دیاری دەکات).
(زیندانی بەرد) چەندە هەوڵی دروستکردن و هێشتنەوەی عەشقی پەیکەرتاشێک، و پاراستنی چیرۆکەکەیەتی، هێندەش دەرگیربوون و مانەوەی پاڵەوانی بێناوی چیرۆکەکە، کە دواجار لە مۆزەخانەیەکدا بەدیار چیرۆکی داتاشراوی پەیکەری مەعشوقەوە، سەختی ڕووداوەکان دەژی. .
چیرۆکی دووەم بە ناوی (دوورگەی شەڕ) بە هەمان شێوە دەتوانین هێڵی سەرەکی لە تێمای نامۆبووندا بدۆزینەوە. باسی نامۆبوون یان ونبوونی چیرۆکنووسێک لەناو باڵندەکاندا دەگێڕێتەوە. گۆڕانی دۆخی دەروونی پیاوێک، کە ژنەکەی لە شێوەی باڵندەیەکدا وێنا دەکات.
کارەکتەری سەرەکی لە نێوان گێڕانەوەیەکی فرە ڕەهەندا، دەستنووسێکی خۆی دەدۆزێتەوە کە باس لە هێرشی بەربڵاوی باڵندەکان دەکات بۆ سەر مرۆڤایەتی، وەک ئەوەی باڵندەکان دەنگی نەبڕاوە و ناڕازی ژنەکەی خۆی بێت کە لە شێوەی باڵندەیەکدا لێرەولەوێ دەنیشێتەوە. گێڕانەوە لەم چیرۆکەدا لە زمانی کارەکتەری ژنەکەوە دەگۆڕێت بۆ سەر زمانی کارەکتەری پیاوەکە، تێکەڵیی و ئاڵۆزییەک دروست دەکات کە خوێنەر پێویستە چەند جارێک چیرۆکەکە بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی هەمان خەونی پیاوە چیرۆکنووسەکە ببینێت کە لە ساتێکدا ژنەکەی لێ دەبێت بە باڵندە.
لە ڕاستیدا چیرۆکی (کودەتای گاڵتەجاڕی) کە کراوە بە ناونیشانی کتێبەکەش، یەکێکە لە ئاڵۆزترین چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە، چونکە بە پشت بەستن و گەڕانەوە بۆ چیرۆکی ئەفسانەیی (دێوی ناو قۆری) دەیەوێت دیوێکی تری کارەکتەرێک دەربخات کە تا ئاستێکی زۆر کەسێتییەکی جیاوازی هەیە، چ لە ڕووی بیرکردنەوە و چ لە ڕووی شێوازی جلوبەرگ و پیاسە و دایەلۆگییەوە. کارەکتەرێک کە خوێندکاری دواین قۆناغی بەشی فیلمسازییە، و دەیەوێت فیلمێکی یەک خولەکی بەرهەم بهێنێت، بەڵام لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆژەکەیدا تێک دەچێت.
ڕووداوەکان زیاتر لە زمانی ژنێکەوە باس دەکرێن کە لە خوێندندا هاوڕێی نزیکی کارەکتەری فیلمسازە و دواتریش دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە.
تێمای ونبوون لەم چیرۆکەدا، جۆرێکە لە نامۆبوونی کارەکتەری سەرەکی، کارەکتەرێک دەیەوێت بیرۆکە نامۆکانی خۆی بخاتە نێو فیلمەکەیەوە.
لەم بەستێنەدا لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی تری لاوەکی ناو چیرۆکی (کودەتای گاڵتەجاڕیی) یەوە، هەوڵی نووسەر بەدی دەکەین بۆ ئەوەی ڕوداوی تری ئەو ساڵانە وەکو ڕاپەڕین و قۆناغەکانی دواتری، دروستبوونی حیزبەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو کاتە ڕوون بکاتەوە، چیرۆکەکە هێندە پێکدا دەچێت، کە پێویستی بە پۆلێن و جیاکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی دواجار وێنەیەکی تەواو بدات بە خوێنەر.
ئەوەی بەگشتی سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت لەم کۆمەڵە چیرۆکەی دابان عەتاردا، زمانی بەرزی گێڕانەوەیە، ڕستەی کورت و کەم مەودایە، وەسفی وردی دۆخێکی دەروونی کارەکتەرەکانە لەهەر سێ چیرۆکەکەدا کە کتومت دەربڕینە لە دۆخی دەروونی هەموومان. لەگەڵ ئەوەشدا فرە وێنەیی و بەدوایەکدا هاتنی ڕووداوەکان، ئاستی وێنەکێشانی چیرۆکەکان بەرز دەکاتەوە، بە شێوەیەک لەناو هەر چیرۆکێکی ئەم کۆمەڵەیەدا، بەر چەندین وردە چیرۆکی تر دەکەوین کە لێکەوتەی چیرۆکی سەرەکین.
گرنگی چاپبوون و خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە، لە کەشفی قەڵەمێکی تازەدایە کە جیاوازتر هەوڵی نووسین و گێڕانەوە دەدات. جیاوازتر چیرۆک و تان و پۆی دەچنێت، بە شێوەیەک کە هەندێکجار ئەوەی دەیخوێنینەوە وەک چیرۆک، لە چیرۆکێک زیاترە.