ڕۆمانی (مۆرسۆ ــ دژە لێکۆڵینەوە)
کارزان عەلی
ئەم ڕۆمانە لە لایەن نوسەری بەناوبانگی جەزائیرییەوە (کەمال داود) لە ساڵی 2013 بڵاوکراوەتەوە، و لە ساڵی 2015 دا خەڵاتی کۆنکۆری لە فەرەنسا وەرگرتووە، هەروەها ئەم نوسەرە ساڵی 2024 یش دووبارە خەڵاتی کۆنکۆر بۆ رۆمانێکی نوێی بەناوی (حۆرییەکان) ەوە وەردەگرێت.
هەروەها لە لایەن بەڕێز (سەلاحەدین بایەزیدیی) ەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی نوسیار ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە، لە ساڵی 2023 دا.
لە ڕاستیدا بە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بەناوبانگە لە لایەن دەزگای ناوبراوەوە، یەکێکە لەو هەنگاوە هۆشیارانەی کە جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە، لەبەرئەوەی ڕۆمانەکە هێندە بەناوبانگ و فرەتێمایە کە دەکرێت بە چەندین تیۆر خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت لەسەری بوەستین، تەنیا خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەی ڕۆمانەکەیە، نەک قووڵبوونەوە بە ناو چەمک و تیۆرییەکاندا.
سەرەتا دەکرێت بە گەڕانەوە بۆ چەمکی دەقئاوێزان، دەتوانین هێندە بڵێین کە ئەم کتێبە لە ڕاستیدا لەسەر تێمایەکی سەرەکی ڕۆمانی (نامۆ) ی ئەلبێرکامۆ بونیادنراوە. ڕۆمانەکەی کامۆ لە ساڵی 1942 دا بڵاو دەکرێتەوە، لەم بەستێنەشدا ناونیشانی ڕۆمانەکە، کۆمەکمان دەکات بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە چاومان لەوە بێت کە ئەم ڕۆمانە لەسەر بونیادی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی نامۆ، بونیاد نراوەتەوە.
دروستکردنی ڕووداوەکان لە ڕۆمانەکەی کەمال داوددا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕۆمانەکەی کامۆ دەبەستێت، کە لێرەدا دەکرێت وەک هەنگاوێکی ئاشکرا لە چەمکی دەقئاوێزان سەیری ڕۆمانەکەی مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە بکەین.
بەمانایەکی تر، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ڕۆمانی مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە تێبگەین، تا ئاستێک پێویستمان بە گەڕانەوە و خوێندنەوەی ڕۆمانی نامۆ ی ئەلبێر کامۆ هەیە.
هەروەها یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی لە ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوەدا) بەرجەستە دەبێت، پرۆسەی ناونانی کارەکتەرەکانە، بە تایبەتی ئەو کەسەی کە مۆرسۆی پاڵەوانی نامۆ، لەسەر کەناری ڕووبارەکە دەیکوژێت. لێرەدا کەمال داود وەک ڕۆماننوسێکی لێزان، ناوی قوربانیەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، و ناوی دەنێت هاروون. جگە لەوەش لەناو ڕۆمانەکەیدا برایەکی بۆ زیندوو دەکاتەوە و دەیکات بە گێڕەرەوەی سەرەکی بە ناوی موسا. کەسێتی موسا لەم ڕۆمانەدا، بریتییە لە ڕۆحی کوژراوی ئەو عەرەبە بێ ناو و بێکەسەی کە زۆر خەمساردانە لە نیوەڕۆیەکدا دەکوژرێت. بەڵام کامۆ وەک ئەوەی بە گرنگی نەزانێت، وەک ئەوەی کەسێک نەبێ کە کوژراوە و خاوەنی دایک و برایەکی ترە، باز بەسەر ڕووداوەکەدا دەدات. ئەو هەنگاوە بوێرەی کە کەمال داود لە ئاست کەسێکی ڕۆژئاواییدا دەینێت، پرۆسەی ناونانە لە قوربانییەکە، لە دۆخی هەژارانەی، لە خەم و ئازارەکانی دایکی، لە تووڕەییەکانی خۆی.
تەنانەت خودی نوسەریش لە دیمانەیەکی گۆڤاری ئەدەبی (los angeles review of books) دەڵێت “لە سەدەکانی ناوەندەوە پیاوی سپی وا ڕاهاتووە کە ناو بنێت لە ئەفریقیا و شاخ و تەنانەت مێرووەکانیشی، هاوکات فەرامۆشکردن و سڕینەوەی ناوی ئەو مرۆڤانەش کە هاتوونەتە سەر ڕێگەی، وە تاوانی گەورەیان بەرامبەر خەڵک و خاکەکەی کردووە. کاتێک تۆ داوای ناوی خۆت دەکەیت، بێگومان ئەمە واتە داواکردنی مرۆڤبوون و هەروەها بەدی هێنانی یەکسانی”.
لە ڕاستیدا (مۆرسۆ) تەنیا ڕۆمانێک نییە بە یەکجار خوێندنەوە تەواو ببێت، بەڵکو دەکرێ لێرەدا خوازەیەک لە فەیلەسوفی ئەڵمانی (هابرماس) بخوازم کە دەڵێت “مۆدێرنیتە پرۆژەیەکی ناتەواوە”، ئەم خوازەیە بەو مانایە دێت کە مۆدێرنیتە هێشتا شتی تری ماوە کاری لەسەری بکرێت، کتومت ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) ش هەڵگری هەمان ئەدگارە، چونکە نوسەر لێرەدا لە چەقی ڕێگەیەکی ژیاریدا وەستاوە، هەڵگری پەیامێکە لە سەروو زۆرینەی پەیامەکانی ترەوە، بە تایبەتی پەیامی سیاسیی. نوسەر پێمان دەڵێت ئیشی نوسەران کەشفی پشت پەردەی ڕووداوەکانە، دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاوە بەرەو گفتوگۆی شارستانی لە ڕێگەی کتێبەوە نەک کوشتن و بڕین. ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە، پرۆژەیەکە “هێشتا تەواونەکراوە” و پێویستی بە پێکەوەبوون و هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی تەواو ببێت.
دامەزراندنی گفتوگۆی شارستانی لە جیاتی پێکدادانی شارستانی، پرۆژەی ناوەوەی ئەم ڕۆمانەیە کە ڕێگە بۆ تێگەشتن و خوێندنەوەی ناخی ئەویتر خۆش دەکات. دەیەوێت پێمان بڵێت هیچکات ئەویتر نە جەللادە نە قوربانی، بەڵکو لەیەک کاتدا چ بکوژ بە تێمای ڕۆمانەکەی کامۆ و چ تۆڵەئەستێن بە تێمای ڕۆمانەکەی کەمال داود ، هەردووکیان قوربانی هێزێکی ترن کە ناڕاستەوخۆ ئاراستە دەکرێن.
یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) جەخت دەکاتەوە لەسەری، تۆڵەکردنەوە لە ڕێگەی وشەکانەوە. کە ئەمە یەکێکە لە جوانترین تێماکانی ڕۆمان لەسەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا، بە تێپەڕین بەناو (دڵی تاریکی) کۆنرادا تاوەکو (شتەکان دادەڕمێن)ی چینوا ئاچەپێدا. تێمایەکە لە خۆیدا هەڵگری چەندین مانایە بۆ ئەوەی لەو هۆکار و پاڵنەرانەی پشت هێرشەکانی کۆلۆنیالیزمەوە قسەی تازەی لەسەر بکرێت، چونکە بێگومان ڕووداوی کوشتنێک بە ڕۆژی ڕووناک و لەسەر دەریا، دواتر هەڵهاتن و دادگایەکی ڕاگوزەری تاوانبار، ونبوونی خوێنی کوژراوەکە، و تێمای گشتی ڕۆمانەکە، لەوکاتەدا ڕوو دەدات کە بکوژ (مۆرسۆ) داگیرکەری وڵاتی کوژراوەکەیە (بێ ناو)، لەو دەمەشدا خوێن و ماڵی کەسانی داگیرکراو و کۆڵۆنایزەکراو، وەک شتێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵام دوای نزیکەی نیو سەدە، نوسەرێک (کە لە وڵاتی داگیرکراوەکەیە) دێت و بە هەمان شێوە لە ڕێگەی گێڕانەوەوە تۆڵە دەکاتەوە، نهێنی و دۆخ و باری گشتی ئەو خێزانە ڕوون دەکاتەوە پاش کوشتنی کوڕەکەیان
ڕۆمانی مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە، ڕۆمانێکە هەڵگری گفتوگۆ و لێک یێگەشتنی شارستانییە لە نێوان میللەتاندا، دەرخەری ئەوەیە کە دەکرێت تۆڵەکردنەوە دوا بکەوێت، بەڵام دواجار لە ڕێگەی نوسینەوە پاش چەندین سەدەش، بە هەمان ئامڕاز تۆڵە بکرێتەوە.
ئەوەی ماوەتەوە ئاوڕی جددی لێبدرێتەوە، زمان و وەرگێڕانی ڕۆمانەکەیە بۆ زمانی کوردی، بە شێوەیەک بێ گرێ و سادەیە، کە خوێنەر چێژێکی زۆر لە خوێندنەوەی دەبینێت، هەروەها پێویست دەکات سوپاسی دەزگای نوسیار بکرێت کە لە ڕاستیدا هەنگاوێکی ژیرانەی ناوە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆمانە بەناوبانگە بکرێتەوە بە کوردی و چاپ بکرێت.