لەنێوان ئەمڕۆ و بڕینی زەمەندا
میدیا خۆشناو
بەرهـەمە سەنگینەکەی ” ئارام حاجی “
لەنێوان ئەمڕۆ و بڕینی زەمەندا.
“وێـــژان” زیاتر لە پەرتووکێک….
وێژان پەرتووکێکی دیدارسازییە، کە تیایدا وتووێژ لەگەڵ پانزە” لێکۆڵەر”، پانزە “وەرگێڕ” و پانزە “شاعیر”
ی پاش ساڵی
“دوو هەزار” کراوە.
ـ سەرەتا دەبێت ددان بەو ڕاستییە بنێین، کە ئەم پەرتووکە وەها ئاسان نەخراوەتە بەردیدی ئێمەومانان. هەرکەسێک سەرووکاری لەگەڵ خوێندنەوەی بەردەوام هەبێت و ئەدەبدۆست بێت، ناتوانێ لەو ڕاستییە خۆی وەشێرێ و ڕەتیبکاتەوە.
ـ “نووسەر” لەم پەرتووکەدا چەندەها پرسیاری وردو قوڵ و فرە خاس دەورووژێنێ کە بۆ زۆرێک لە خوێنەران جێگای خۆشحاڵییەو هەمیش جێگای سەرسووڕمانە کە ئەەوەی ئەم کردوویەتی زیاترە لەوەی نووسەرێکی ئاسایی بیکات. ئاخر تاقەتێکی فرەی دەوێت تۆ ئەم هەموو پرسیارە درووستبکەیت و، بەپێی کەسایەتی و پسپۆڕی ئەدیبەکە ئاڕاستەی بکەی، لە هەمووشی بەبایەختر ڕازی نەبوونە
بە تەنها وەڵامێک، بە جۆرێک لە چەند دیدارێکدا یەک پرسیاری ئاڕاستەی دوو کەسایەتی کردووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە نێو خودی وەڵامەکانیش هەم پرسیاریتری لێهەڵێنجاوە. بێگومان ئەمەش لە خەمخۆری نووسەرە
تا وەڵامەکان بە پڕی و چڕی بە خوێنەر بگەیەنێت.
ـ سەبارەت بە لێکۆڵەرەکان
نووسەر چەندەها پرسیاری جیاواز و هەنووکەیی ئاراستەکردوون، کە وەڵامی هەریەک لەم لێکۆڵەڕانەی دەرخەی “ئاگا” ییانە بۆ ئەدەب بە گشتی و شیعر بەتایبەتی.
بۆ نموونە:
نووسەر دەپرسێت: میتۆد چییە؟
ڕەخنەی نوێ چییە؟ وە ئایا شتێک هەیە بەناوی ڕەخنەی نوێ؟
وە هەروها لە شوێنێکی تر ئەپرسێ: بۆچی مامۆستایانی زانکۆ وەک پێویست کارێکیان نەکردووە تاوەکوو خوێندکاران لە توێژینەوەی قۆناغی چواریان زیاتر ڕووبکەنە ئەو شاعیرانەی کە بەرهەمەکانیان کەوتۆتە پاش ساڵی دووهەزار؟
دیارە بۆ هەریەکێک لەو پرسیارانە وەڵامی پێویست دراوەتەوە، بەڵام سیحری ئەم پرسیارانە لەوەدایە کە نووسەر هەستی بە کەلێنێک و کرچ و کاڵیەک کردووە لەم بارەوە.
وەک بە هەموومان ئاشکرایە، کە بەداخ و ئەسەفەوە دەیڵێم. ڕەنگە بەرهەمی زۆری شاعیرانمان خوێندبێتەوە، بەڵام نەزانین لەچ سەردەمێک نووسیویەتی، دواجار ڕووکەشگەرایی هەموویشی نەبێت بەڵام بەشێکی زۆری لە ئێمە داگیرکردووە بەتایبەتی لەم سەردەمی تەکنەلۆژیادا.
لە دیدارێکیتر ” نووسەر” دەپرسێت: شیعر بەو تەمەنە درێژەی کە هەیەتی باوەڕناکەم ڕۆژێک لە ڕۆژان بووبێت
بە ژانرێکی پڕ خوێنەر؟
دیارە ئەم هەستکردنەی نووسەر بەجێیە، بەداخەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، بەجۆرێک مەرج نییە ئەوەی هەمیشە خوێنەری شیعر بێت،
خوێنەری ڕاستەقینەی شیعر بێت!
ــ سەبارەت بە وەرگێرەکان.
وەرگێڕان کارێکی هێندە ئاسان نییە، کە کەسێک قیت بێتەوە زمانێکی بیانی بزانێ بێژێ: من وەرگێڕم!
دیارە دونیایەکی فراوانەوە وەرگێر دەبێ شارەزاییەکی باشی هەبێت لە زمانی دووەم بە هەموو بارەکانەوە.
وەک نووسەر دەپرسێت: بۆ وەرگێڕ، تەنیا مەعریفە ( زمانزانییەکە)یە، کە کاری وەرگێڕان دەکەن؟
ئایا لە وەرگێڕاندا لە هەڵبژاردنی ئەو ژانرەی وەرگێڕانی تێدا دەکەی، پاڵنەر هەیە؟
ئایا وەرگێڕان داهێنانە؟
ئایا زمانی کوردی توانای ئەوەی هەیە هەموو دەقێکی شیعری پێ وەرگێڕین، جا بەهەر زمانێک نووسرابێ؟
ئایا وەرگێڕانی شیعر، ئەگونجێ ڕێخۆشکەربێ بۆ ئەوەی کەسی وەرگێڕ بکات بە شاعیریش؟
لە دیدارێکیتر، قوڵتر ئەپرسێت: ئایا لە ناخی هەر وەرگێڕێکی شیعردا، شاعیرێک هەیە یان خۆشەویستی و حەزێک بۆ شیعر هەیە؟
شایانی باسە دەستبردن بۆ هەرکارێک پێویستە خۆشەویستیت بۆ ئەوکارە لە ترۆپک بێت، جا وەرگێڕانیش بەشێکە لەو خۆشەویستیە کە وەرگێر لە دڵی خۆیدا چەکەرەی پێکردووە، تا وەرگێڕانێکی باش و بە پێزی
لێوە بەرهەم بێت.
ــ سەبارەت بە شاعیرەکان
وەکوو دەزانین شیعر پانتایەکی فراوانی لە ئەدەبی کوردی داگیرکردووە، شیعر بەو مێژووە درێژەی کەهەیەتی بێگومان بەدەر نییە لە کرچ و کاڵی.
بەو پێیە شاعیریش ئەرکێکی قورسی کەوتۆتە سەرشان، چونکە ئێمە لە نووسینی شیعری باش دەوڵەمەندین. دەبێ شاعیرەکانی ئێمەش زیاتر پارێزگاری لەو بە پێزیەی شیعر بکەن و،
بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ بکەن. چونکە شاعیر بەتەنها مرۆڤێکی ئاسایی نییە
کە بە دووچاوی سەر دەبینرێن. بۆ بینینی شاعیرە ڕاستەقینەکان پێویستمان بە چاوی ڕۆح هەیە.
لەم سۆنگەیەوە نووسەر چەندەها پرسیاری گرنگی ئاراستەی بەشداربووانی ئەم پەرتووکە کردووە، کە زیاتر پرسیارەکان دەربارەی کتێبە شیعرییەکانی خودی شاعیرەکانە، لەگەڵ چەندەها پرسیاریتر دەربارەی زمان و تەکنیک و ئەرک و ئەو پاڵنەرانەی وادەکات شیعر بنووسێرێت!
بۆنموونە دەپرسێت: ئایا ئەوانەی دژی کتێبی شیعری( زەلکاوی ژنە پیسەکان)ت وەستانە،کێ بوون؟ بۆ پێیان هەزم نەدەکرا؟
ئایا پێتان وانییە شیعری کوردی شیعرێکی ماندووە، ماندوو بەو واتایەی کە کۆمەڵێ ئەرکی خراوەتە ئەستۆ کە هی شیعر نییە؟
ئەمانەو دەیەها پرسیاریتر کە کتێبەکەی لەمەڕ وەڵامی شاعیرەکان دەوڵەمەندتر کردووە.
تێبینی//
١- بۆ منی خوێنەر وێژان یەکێک بوو لەو سێ باشترین کتێبەی کە لە ساڵی ڕابردوو خوێندمەوە.
٢- بەشبەحاڵی خۆم زۆرینەی پرسیارەکانم لا فرە باش و پەسەند بوون، بەڵام وەکوو وەڵامەکان بەشێکی وەک پێویست نەبوون، جا ئەوە یان بەهۆی نەبوونی زانیاری بوو یان کەمتەرخەمی.. دواجار ئەوەش پێویستی بە خوێنەرێکی “فرۆید” ئاسایە کە ئەم دوو حاڵەتە لەیەکەترجیابکاتەوە.
ــ بەهیوام هەموو ئەوانەی خەمخۆری کتێب و
ئەدەبن بەگشتی، ئەم پەرتووکە دەستبخەن و بیخوێننەوە.