ranan3

2025/03/07

ڕۆمانی پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو

نووسیار

 کاتێ (ست ژیانەوە دڵاوێر یەزدانبەخش) تەمەنی دەگاتە شەست ساڵ، بڕیار دەدات لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا خۆی بکوژێت. چەقۆیەک دەخاتە ناو جانتای شانی و بەرەو ئەو دەشتە دەچێت. ڕۆژی لەدایکبوونەکەی ڕێکەوتی کۆڕەو دەکات، ئەو ڕۆژەی سوپای بەعس هەولێر دەگرێتەوە. دانیشتووانەکەی دەربەدەر دەبن. (ست ژیانەوە) هەر لە گەڕەکی خۆیاندا دوو منداڵی ساوا لە دوو شوێنی جیاوازدا دەدۆزێتەوە. سەرەتا کچێک و دواتر کوڕێک. لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە دەست پێ دەکات: ئایا کەسێک بڕیاری خۆکوشتنی دابێت، دەکرێت منداڵ هەڵبگرێتەوە و ببێتە دایک، لە کاتێکدا تەمەنی گەیشتووەتە شەست؟ ئەوە یەکەم جاری نییە بڕیاری خۆکوشتن دەدات، بەڵکوو پێشتریش بەردەوام هەوڵی داوە، بەڵام سەری نەگرتووە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە لە ناوەوە دوو بەشی جیاوازە. “پێی وایە بەشی ڕاستەی سەرچاوەی هەموو بیرۆکەکانە، بۆیە مەرگ هەمیشە لای ئامادەیە و بە ئارەزووی خۆی هەڵیدەسووڕێنێت، بەڵام بەوەدا جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەوێتە ئەستۆی بەشی چەپەوە، بەو مانایەی پێویستە لە دەرەوە بخرێنە گەڕ، ئەوە ڕەوتەکە ناگاتە مەرگ، بەڵکوو ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێت. دەتوانێت بڵێت ئەو پێنج دەیەی تەمەنی بریتی بووە لە هاوکێشەی (مەرگ/ ژیان). واتە بەردەوام بەشی ڕاست لە ناوەوە بڕیاری خۆکوشتنی داوە و بەشی چەپ هەڵیوەشاندووەتەوە، کە لەمەوە هەستێکی سەیر سەری هەڵداوە و نەیزانیوە چ ناوێکی لێ بنێت”. (ست ژیانەوە) مامۆستای وەرزشە و هەردوو منداڵەکە دەباتە ئەو ژوورەی لە قوتابخانەکەیدا پێی دراوە. دەیەوێت لەوێ هەم ئاو و خۆراکیان بداتێ و هەم بڕیارێکی دروستیش بدات. بڕیاری ئەوەی ئایا خۆی گەورەیان بکات یان کەسانێک بدۆزێتەوە بیانداتێ. دیارە ئەمەیش کارێکی سەختە. ئەوە لە کاتێکدایە وا فڕۆکەکان شار بۆردومان دەکەن. خەڵک بە لێشاو ڕێی کێوان دەگرن، تەنانەت باڵندەکان نایەنەوێت بمێننەوە. لە ڕۆژێکی وەهادا خەڵک منداڵ فڕێ دەدەن، بەڵام هەڵیانناگرنەوە. هەر بەو دوودڵی نیگەرانییەوە دەیانباتە کێوان، بێ ئەوەی بگاتە ئەو باوەڕەی ئایا خۆی بکوژێت یان باقیی تەمەنی بۆ ئەوان تەرخان بکات؟ هەر لەناو ئەو نیگەرانییەدا مێژووی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەگێڕێتەوە، کە (پەروین)ی نەنکی و (یەزدانبەخش)ی باپیری لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەولێر جێ دەهێڵن و دەچنە بەغدا. بەبێ ڕەزامەندیی کەسوکاریان هاوسەرگیری دەکەن و خۆیان لەوێ دەشارنەوە. پارەیەکی زۆریشیان لێ دەدزن و لەوێ بازرگانیی کوتاڵی پێ دەکەن. بازاڕ شوێنی ململانێیە. هەندێجار دەگاتە ئەوەی بازرگانەکان پەنا بۆ کوشتنی نەیارەکانیان ببەن. (یەزدانبەخش) دەتوانێت ببێتە بازرگانێکی دیار. لە ماوەیەکی کورتدا هەم سامانەکەی گەورە دەکات و هەم دەستەڵاتی خۆیشی لە بازاڕدا دەسەپێنێت، بەڵام ئێوارەیەک لە دواوە پەلاماری دەدەن و دەیکوژن. لەمەوە (پەروین) شوێنی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا سێ منداڵی بەسەردا جێ ماون. گەورەکەیان (دلاوێر)ە، کە دواتر دەبێتە باوکی ئەو (ست ژیانەوە)یەی وا ئەمڕۆ دوو منداڵی ساوای لە کۆڕەودا هەڵگرتوونەتەوە. (پەروین) لە شەڕەژندا دەکوژرێت. ڕاستییەکەی هەر ژنێکی دیکەی کورد، کە بازرگانێکی بازاڕەکەیە و ناوی (گوڵچین مەگروون)ە، پەلاماری دەدات و دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت، دەتوانێت بیخنکێنێت. (لەیلا)ی کچی (پەروین) دەرفەت دەهێنێت و بە شێشێک (گوڵچین مەگروون) دەکوژێت، بەڵام (لەیلا) خۆیشی بەرگەی دیمەنەکە ناگرێت و دڵی دەوەستێت. لەمەوە (دلاوێر) و خوشکێکی، کە ناوی (هالە)یە دەمێننەوە. (هالە) دەدەنە ژنێکی دیکە، ناوی (درەختشان)ە، کە دووکانەکەیش دەباتە ڕێوە. (دلاوێر) هەر لە منداڵییەوە مرۆڤێکی هەستیارە و ئەم ڕووداوەی دایکیشی، کە بە چاوی خۆی دەبینێت، هەستیارییەکەی زیاتر دەکات. شیعر دەنووسێت و تەنیایە. کێشەی گەورەی ئەوەیە نابێت جەستەی بەر جەستەی کەسانی تر بکەوێت. لە گەڕەک و لە قوتابخانەدا وەک کوڕێکی ناسکی دەستەپاچە لێی دەڕوانن. ڕۆژانە دەکەوێتە بەر پەلاماری خەڵک. لەم ڕووەوە تووشی کۆمەڵێک کێشە دێت. لە ڕێی هاوڕێیەکی قوتابخانەیەوە، کە ناوی (سمکۆ پەنگرگر)ە دەچێتە ناو دنیای سیاسەتەوە. ئەگەرچی ئەو هەستیارەی ڕێی لێ دەگرێت، بەڵام دواجار هەر تووش دەبێت. لە کۆلیجی یاسا دەخوێنێت و لەگەڵ شەش کەسی دیکەدا یەکەم شانەی کۆمۆنیستی پێک دەهێنن، بەو ئامانجەی ببێتە ناوکی پارتیی کۆمۆنیستیی عێراق. لە شانەکەدا سێ کورد هەن، کە (دلاوێر)، (دڵیهان) و (سمکۆ پەنگرگر)ن. سێ لەو ئەندامانە مێیینەن: (دڵیهان)، (هانا ئیلۆن)ی جوو و (ئەسمەهان ئاریاسان) کە ڕیشەی بنەماڵەکەی بۆ داگستان دەگەڕێتەوە. (یووسف تۆما) وەک ناوەکەی دەریدەخات کریستیەنە. (سەمیر سامی) دەستگیرانی (ئەسمەهان)ە. (دڵیهان) کچی (گوڵچین مەگروون)ی بازرگانە، کە (پەروین)ی دایکی (دلاوێر)ی خنکاند. ئەگەرچی چاوەڕێ دەکرا لە ئاییندەدا ژنێکی وەک دایکی لێ دەربچێت، بەڵام دەبێتە ئەندامی شانەکە و دواتر دەبێتە هاوسەری (دلاوێر)یش، بەڵام بەسەر (ژیانەوە)ی نۆبەرەیەوە دەچێت، کە لەمەوە (ئەسمەهان) بۆی دەبێتە دایک. واز لە (سەمیر سامی) دەهێنێت و شوو بە (دلاوێر) دەکات. هەموو ئەندامان دەگیرێن و لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرن، تەنیا (ئەسمەهان) دەمێنێتەوە، چونکە ئامادەیە پاکانەنامە ئیمزا بکات و تا ماوە بە لای سیاسەتدا نەچێتەوە. (ژیانەوە) دەهێنێتە هەولێر و لەوێ گەورەی دەکات. ئەوە هێڵی گشتیی ڕۆمانەکەیە، بەڵام کۆمەڵێک هێڵی تایبەتیش هەن، کە هەر یەکەیان کۆمەڵێک چیرۆکی ورد لە خۆی دەگرێت. لە دەقەکەدا چەندان شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکی جیاواز بە کار هاتوون. دەیەها کارەکتەر تێێدا چالاکن و هەر یەکەی چیرۆکی خۆی هەیە، وەک چۆن هەر یەکەی لە دیدگەی خۆیەوە دەڕوانێت. زمانی ڕۆمانەکە چڕ و ئاماژەدارە. زمانێکە دەچێتە قووڵایی شتەکان و ڕەهەندە نەبینراوەکانیان دەردەخات. بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە تێگەیشتنەکان دەگرێت بە تایبەتی کاتێ یەکەم شانەی کۆمۆنیستی دادەمەزرێت. بە هەمان شێوە کاتێ (ئەسمەهان) لە هەولێر (فەرهاد زامکۆ) دەناسێت، کە پیاوێکە لە بواری سیاسەتدا کار دەکات و دەیەوێت (ئەسمەهان) بۆ دنیاکە ڕابکێشێت.