دەقگەلێک لەڕوئیای بنیامین
هۆشەنگ قادر
واڵتەر بنیامین
حکایەتخوان و قەیرانی ڕۆمان
چەند ڕامانێک دەربارەی کارەکانی
نیکۆڵای لیسکۆڤ و کۆمەڵە وتارێک
وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە کاک پێشڕەو محەمەد.
واڵتەر بنیامین وەک بیرمەندێکی ڕادیکاڵی مۆدێرنەتە ڕەخنەکانی ئاڕاستەی پرسە گرینگەکانی ڕۆژ کردووە.
وەک پرسی جەنگ، فۆرمە جۆر بەجۆرەکانی ئەدەب، بەربەریزم
سەرمایەداری، پرسی ئەزموون کە کڕۆکی بابەتەکانیەتی.
واڵتەر بنیامین لەم کتابەیدا تێماو پرسی حیکایەتخوان و قەیرانی ڕۆمان باس دەکات.
*******************
چیرۆکی بومەلەرزەکەی لشبۆنەی پورتوگال و ئەزموونی هەژاری کە چۆن جەنگ هەموو شتێ دەگۆڕێ و مەسەلەکان یەکلایی دەکاتەوە.
جوانترین تێکستێک کە بنیامین دەستی بۆ بردووە باسی کەلتووری شوشە دەکات، کە چۆن ئەو مەتریالە بریقەدارە شەفافە ڕونە ڕەنگاوڕەنگە شتەکان بە نهێنی وەک خۆی بە ئەمانەتەوە دەهێڵێتەوە.
وە کارەکانی نیکۆڵای لیسکۆڤ و ژنە جادوگەرو حیکایەتی هیرۆدۆتی یۆنانی وەک یەکەمین حیکایەتخوان و ئۆسکار ماریا گراف دەکات.
لەباسی نیکۆڵای لیسکۆڤ و حیکایەتی پەریان، وە چۆن لیسکۆڤ باسی دایکە میهرەبانەکەی دەکات.
وە تەنانەت یەکێکی وەک ماکسیم گۆرکێ کە چۆن کاریگەر بووە بە چیرۆکەکانی لیسکۆڤ پێدەچێ گۆڕکێ لە ژێر کاریگەری لیسکۆڤ ڕۆمانی دایکی نوسیبێ.
*******************
حیکایەتخوان شتەکان دەباتە نێو قوڵایی ژیانی کەسی چیرۆکخوانەوە تا جارێکی دیکە ئەو شتانەی لە ژیانی ئەودا بهێنێتە دەرەوە.
ئەوەی هاوگەشتی حیکایەتخوانە بەشدار دەبێت لە چیرۆکە یادەوەریەکەدا.
ئەمما خوێنەری ڕۆمان گۆشەگیرە.
کۆمەڵە چیرۆکێک دواجار ڕۆمانێک پێک دەهێنن.
ڕۆمان قوڵترو فرەترو گشتگیرترە.
ڕۆمان مۆدێرنەیە، چیڕۆک کلاسیکە
ڕۆمان جێگە بە حیکایەتخوان هەڵدەتەکێنێ، وەک چۆن مایکڕۆف جێگەی بە بەیت بێژو مەقام خوێنان لەق کرد.
ڕۆمان بەچاوی نامۆوە سەیری حیکایەتخوان دەکات.
*******************
تەوەرێکی تری کتابەکە لە باسی فریدریک نیتشەو واڵتەر بنیامین
جیاوازیەکانیان بەدیار دەخات.
جیاوازی نێوان پاڵەوانپەرستی نیچەو دژە پاڵەوانیەتی بنیامین لەوەدایە کە هەردوکیان بەربەریزم دەرک دەکەن، پاڵەوانی کەسی لێدادەتاشن،کە دەکرێت لە هەیکەل و
شکلی کاراکتەری کاریزمایی تاکە کەسی بەرجەستە بێت.
ئەگەر نیتشە ئەدیب بوایە ئەوا دەبو بە ڕۆماننوس، بنیامین هەر وەک حیکایەتخوان.
وە دواجار نیتشە فەیلسوفە ئەرستۆکراتیەکە، بنیامینی تیۆر و
تێزە ڕادیکاڵە کۆییەکە.
*********************
بەڕای من ئەوەی جێگەی گومان و سەرنجە لەم کتابەدا نوسەر کەمترین ئاوڕی لە چیڕۆکە ڕۆژهەڵاتیەکان داوەتەوە.
کەدەبوایە تێماو چیرۆکەکانی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵێنجابا.
چیرۆکی گلگامێش و ئەنکیدی کێوی سەرگوزشتەی ئەخێل و ڤیکتۆر چیرۆکی کوشتنی شا فلیپی مەکدۆنی بە پیلانی پادشا کۆڕشی فارسەوە، وە دیسان مردنی گوماناوی ئەسکەندەری مەکدۆنی لە تەمەنی ۳۲ ساڵی.
چیرۆکی گەڕانەوەی دە هەزار سوارەی ئیکزەینەفون و شەڕی کوردەکان.
چیرۆکی ئاشور بانی پاڵ و حیکایەتی خواکانی یۆنان، وەلەشکرکێشی مەغولەکان کە چۆن لە کاتی هێرش مەیدانی جەنگ لە ژێر پێی ئەسپەکان زەمین لەرزەیان دروستکردوە وەک سەرەتای لەشکری بەربەر، وە حیکایەتی سوڵتانەکانی تورک، چیرۆکی خەلیفەکان و شا چیڕۆکەکانی هەزار شەوو شەوارە.
ڕۆژهەڵات هەگبەی گەنجینەی ئەزمون و چیرۆکەکان.
کە ئەبوایە واڵتەر بنیامین حیکایەتخوانەکەی پێدەوڵەمەنترو فرە ترو دانسەقەتر کردبا.
********************
دواجار حیکایەتخوان و قەیرانی ڕۆمان کتابێک تژی لە تێکستی ناوازەو پڕ لە زوغروفەی جوان.
من دڵنیام هەر کەسێک ئەو کتابە بخوێنێتەوە یەکەمجاری دەبێت بەر ئەو تێکستە قوڵانە بکەوێت.
دەق گەلێک مەگەر لە ڕوئیای بنیامین هاتبێ.
*******************
وە بەدڵنیایی وەرگێر کاک پێشرەو دەستی بۆ بابەتێک بردوە لێرەوە دەیهەوێت گەنجینەو مەکتەبەی کوردی پێدەوڵەمەنتر بێت.
کتابێکی زیاتر نوخبەوییە.
****************
نامیلکە وتاری حیکایەتخوان چەند ڕامانێکە زیاتر دەربارەی نیکۆڵای لیسکۆڤ وەک یەکێک لەگرینگترین نوسراوەکانی سەدەی بیست.
کە تەوەرەی باسەکانی لە بازنەی تیۆر ڕەخنەی ئەدەبی ئیستاتیکایە.
دواجار ئەم بەرهەمە یەکێک لە کتابە سەرنجڕاکێشەکانی واڵتەر بنیامینە.
مەبەست لە کاری وەرگێڕان بۆ کوردی زیاتر ناساندن و ئاشنابوونی واڵتەر بنیامین بە خوێنەری کورد.
ئەم کتابە لە بەرهەمی پڕۆژەی دەزگای نوسیار، ساڵی ۲۰۲٤.
پڕ بەدڵ هیوادارم خوێنەری ئەم شاکارە دانسەقەیە بن.