خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی «پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو»
ئیسماعیل سابیر
«پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو» ڕۆمانێکی نوێی «کاروان عومەر کاکەسوور»ـە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەو دەرفەتم بۆ ڕەخسا کەوا بەشێوەی پچڕ پچر ڕۆمانەکە بخوێنمەوە. بۆ تێگەیشتن و چێژبینین لە وردەکاریی کۆی کارەکە، ئەوڕۆ دەرفەتێکی ترم قۆستەوە تا بۆ جاری دووەم سەرلەبەری ڕۆمانەکە بەڵام ئەم جارەیان بە جارێک لەسەریەک بخوێنمەوە. لە راستیدا تێمای ئەم دەقە لە ڕووداوێکی گەورە و دیاریکراودا بچووک و قەتیس نابێتەوە. بەردەوام چیرۆک لەناو چیرۆک، بە شێوەی سەربەخۆ و پێکەوەبەستراو درێژ دەبنەوە، چیرۆکەکان لە وێستگەیەکدا یەک دەگرن و یەکتر لە ئامێز دەگرن. پێشتر نزیک لە ئەمەم لە ڕۆمانی «بەفر» و «ماڵی بێدەنگی»ـی “ئۆرهان پامۆک” بینیوە. بە دیوێکی تردا پەڕاندنی هەر پەرەگراف و دێڕێک، یان خەیاڵرۆیشتن لە کاتی خوێندنەوە؛ پێچەوانەی زۆرێک لە کارەکانی تری نووسەر، بۆشایی لە تێگەیشتنی کارەکە دروست دەکات. ئەو تێگەیشتنەی “کاروان عومەر کاکەسوور” کە بۆ ئەدەبیاتی گێڕانەوە و ڕۆمانی فرەدەنگ هەیەتی، بە تایبەت لە کتێبی «ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی» کەوا بە تیۆریی باسی لێوە کردووە، ئەو هاتووە لەو ڕۆمانەیدا بە جیاوازییەکی کەم، پراکتیکی کردووە. تەنیا لە مەسەلەی دیالۆگ نەبێت کەوا هەست دەکرێت کەمێک ئایدیای ڤەگێڕ لە بەشێک لە دیالۆگەکاندا بە سەپاندنی هاوشێوە زمانی زاڵە یان دەکرێت بڵێین لێکنزیکیی هەیە. سەبارەت بە مەسەلەی گێڕانەوەی بازنەیی کەوا لەم ڕۆمانەدا بە تەواوی بەرجەستە بووە، هەم لە ڕووی کات و شوێن، هەم لە ڕووی بەرکەوتنی کارەکتەرەکان لەگەل یەکتریدا، لە چەقێکدا کۆنابنەوە. بە دیوێکی تر چەندین ڕق و ئاژاوە دروست بێت، تەنانەت بە هاتنی مەرگیش لەمپەر دروست نابێت تا کار لە دوورخستنەوە و تێکڕژانی ژیانی ئەم کارەکتەرانە بکات. بۆیە دروستکردنی پەیوەندی نێوان ژیان و مردن یان ڕەنگە نزیککردنەوەی ویستی ژیان و خۆکوشتن تەنیا یاریییەک بن لای نووسەر بۆ تەواوکردنی بوون پێناسە بکرێن.
دێڕی یەکەم لە ڕۆمانەکە لە دیمەنێکی نزیک لە فیلمی «تامی گێلاس»ـی «عەباس کیاڕۆستەمی» دەچێت. «ست ژیانەوە» لە ماڵ دەردەچێت بە مەبەستی «خۆکوشتن» لە کاتێکدا بەڕێگاوەیە بۆ دەشت و دەر تا بەو چەقۆیەی لەناو جانتاکەی ناوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. بەڵام دۆزینەوەی دوو کۆرپەی ساوا لە ڕۆژێکی پڕ تەنگوچەڵەمەدا، دووچاری ڕاڕایی دەکات. لێی تێک دەچێت لەوەی کارە دروستەکە ئەوەیە ژیانی ئەو دوو کۆرپەیە لە مردن ڕزگار بکات یان وازیان لێ بهێنێت و بچێت ژیانی خۆی پێشکەش بە مەرگ بکات. ئەم ڕووداوە لێرە دەبێتە درێژکردنەوەی گێڕانەوەکە تا زۆر بە وردیی باس لە دوو نەوەی پێش خۆی هیی ناو خێزانەکەی بکرێن.
لێرەدا دەبینین هەڵبژاردنی ئەم ناوە زۆر ورد و ئاگایانە کراوە. ناوەکە ئەگەرچی لە دیوێکدا باگراوەندی خێزانێکی چەپ و کۆمۆنیزمی ئەم خانمەمان نیشان دەدا یان هێلێکی چری نووسەر دەردەخات بۆ بەیەکەوەستنی مەرگ و ژیان و لێک نزیکردنەوەیان، هەروەک لە لاپەڕەکانی سەرەتای کتێبەکە بە ڕوونی دەنووسێت: «خۆکوشتن شتێک نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی پرینسیپی (سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی) کەواتە گەمەیەکە نە لە خاڵێکی دیاریکراو دەست پێ دەکات و نە بەخاڵێکی دیاریکراویش دەگات. ئایا ناکرێت بگوترێت خۆکوشتن سنووری مەرگی بەزاندووە و بووەتە ئازارێکی نەبڕاوە؟ ئەرێ هیچ کەسێک پێی دەکرێت لەناو ئەو کاتە بازنەیییەدا خۆی بکوژێت، تا کۆتایی ئەم گەمەیە ڕابگەینێت؟»
یانیش وتەیەکی ئەپیکۆر فەیلەسووفی یۆنانی دێنێتەوە کەوا گوتوویەتی: «کاتێ ئێمە هەین مەرگ نییە، بەڵام کاتێ مەرگ هەیە، ئێمە نین.»
بە درێژایی خوێندنەوەی رۆمانەکە پرسیارێک لە مێشکمدا دەخولایەوە کەوا بۆچی ڕۆماننووس کاتێک ڕۆمانێکی « مۆدێرن» دەنووسێت چ پێویستییەک وای لێ دەکات لەجیاتی «پیشاندان» هەموو وردەکاریی و ئامادەبوویێک باس بکات. تەنانەت کەسێک تا سەری کۆلان هاتووە و چاوەڕێی کردووە، دەبێت لە گێڕانەوەکانیدا ناوی بهێنرێت و باس بکرێت؟
کاتێک گەیشتمە بەشەکانی کۆتایی، خاڵێک تێگەیشتنمی فێنک کردەوە، بەوەی سەرەڕای هەندێک زیادەئیسرافی لە ڕوونکردنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆتاییی دەقەکە وەک خاڵێکی ئیجابی بە ناڕوونیی و کراوەیی بۆ خوێنەر جێهێڵدراوە. وەک ئەنجامی «بڕیارەکەی ست ژیانەوە» و چیرۆکی «مەرگی دلیهان» و «پاکانەنامەکەی ئاریاسان» و چەندانی تر کە ڕەنگە پەرۆشیەک بدات بە خوێنەر تا بۆ گەڕان بە دوای ئەنجامێکدا لە مێشکیدا بێت و بچێت.
پوختەی باس لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە پرسی مەرگ و ژیان وەک دوو هێزی لێکدژی و ناکۆک ناهێنە باس کردن، بەڵکو بەشێوەی بازنەیی بەبەردەوام بەدوای یەکتریدا دەخولێنەوە و یەکتر تەواو دەکەن. بۆیە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوە بەر هێزێکی گەورەی گێڕانەوە دەکەوێت کەوا تژییە لە خەیاڵی هونەریی، هەست بە ماندوویەتی ناکات، سەرەڕای بوونی لێشاوێک کارەکتەر، وەک لە سەرەوە نووسیومە و حەزم کرد جارێکی تریش لێرە بیڵێمەوە: نازانم بۆ دەبێت ناوی هەموو ئامادەبوویێک بە هەموو وردەکاریییەکەوە بهێنرێت.