473365446_1272296287411470_5287232997586607734_n

2025/01/22

لەبارەی ئەم کتێبە

پێشڕەو محەمەد

ئەم کتێبە کۆمەڵە وتارێکە خۆم لەنێو لێکۆڵینەوە زۆر و زەوەندەکانی بنیامین دەربارەی بابەتەکانی وەک ڕۆمان، گێڕانەوە، حیکایەت، ئەزموون، کەوتنی ئەزموون، مۆدێرنیتە و فۆرم و ژانرە ئەدەبییەکان هەڵمبژاردوون. یەکێک لە بەناوبانگترین دەقەکان بریتییە لە «حیکایەتخوان: چەند ڕامانێک دەربارەی کارەکانی نیکۆلای لیسکۆڤ». ئەم دەقە بووەتە ئیلهامی هەزاران نەک تەنها لێکۆڵینەوەی فیکریی و ئەدەبیی و کولتووریی، بەڵکو هەروەها ئیلهامی ڕۆمان و شیعر و پەخشانیش. یەکێک لە دیارترین بیرمەندانی سەردەمی مۆدێرن، سوزان زۆنتاگ، لە کتێبەکەیدا بەناوی «لەژێر هێمای ساتورەندا» قووڵ بەنێو دڵی ئەم وتارەدا ڕۆدەچێت و دەمەوێت لێرە بە کورتیی ئاماژەیان پێبکەم:
١. نۆستالژیا بۆ مۆدێلە پێش-مۆدێرنەکانی پەیوەندیی: زۆنتاگ باس لە دانپیانانی میلانکۆلیانەی بنیامین بۆ داوەشان و ئاوابوونی حیکایەتخوانیی وەک مۆدێلێکی پەیوەندییگرتن لەنێو مۆدێرنیتەدا دەکات. باس لەوە دەکات چۆن بنیامین بەپیشەسازییبوون و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان وەک هێمای لەناوبردنی نەریت و یادەوەریی کۆیی دەخوێنێتەوە.
٢. کەرتکەرتبوونی ئەزموون: زۆنتاگ بە دەنگدانەوەی بنیامین باس لەوە دەکات چۆن سەردەمی مۆدێرن ئەزموونی مرۆیی کەرتکەرت دەکات و وا دەکات تاکەکان چیتر نەتوانن ژیان بەشێوەیەکی یەکدەست بگێڕنەوە و خۆیانی لەگەڵ یەکبخەن.
٣. ڕەخنەگرتنی مۆدێرنانە لە مۆدێرنیتە: پۆستمۆدێرنیستەکان ڕەخنەی بنیامین لە مۆدێرنیتە وەک سەرچاوەی بیری پۆستمۆدێرنی خۆیان دەبینن، بەڵام زۆنتاگ ژیرانە و بلیمەتانە باس لەوە دەکات ڕەخنەی بنیامین لە مۆدێرنیتە ڕەخنەیەکی پێشکەوتووخوازانە و ڕزگارکەرانەیە، نەک ڕەخنەیەکی کۆنەپارێزانەی بیری پۆستمۆدێرنیزم لە مۆدێرنیتە کە هیچ نییە جگە لە هێرشکردنە سەر بەها باڵاکانی ڕۆشنگەریی و مۆدێرنیتە. بنیامین نایەوێت مۆدێرنیتە ماڵئاوایی بکات، بەڵکو باس لە ڕەهەندە تێکدەرەکانی دەکات کە پێویستە لە بەرانبەردا، ڕەهەندە ڕزگارییخوازییەکانی زەق بکرێنەوە.
٤. میلانکۆلیا و لەدەستچوون: لە وتاری «حیکایەتخوان»دا بنیامین باس لە ئاوابوون و لەدەستچوونی حیکایەتخوانیی نەریتیی دەکات کە وەک برین و بێدەربەستییەکی سەردەمی مۆدێرن دەیبینێت. زۆنتاگ لە کتێبەکەیدا ئەم مانا و هەستی لەدەستچوونە بە ڕوانگەی فراوانتری بنیامین بۆ چەمکی میلانکۆلیاوە دەبەستێتەوە، بەتایبەت لەو شوێنەدا کە ڕەوتە کولتووریی و سیاسییەکان بەرانبەر بە ڕەهەندە باڵاکانی کولتووری مرۆیی بێباک و نابەرپرس دەبن و خۆیان ڕادەستی وێرانکاریی دەکەن.