470051725_949938956643542_1439464817642842716_n

2024/12/06

دونیا هێند بچووکە لەنێو دەستمدا خلۆردەبێتەوە

دابان عەتار

بۆ هاوڕێ ئەدەبییەکانم
هێند بچووکم وەک نینۆکی شارێکی جەنجاڵ پڕپڕبووم لە قڕێژ، شەقام فیکەفیکیەتی و سەرم دەڕژێتە نێو دەستی سێبەرەکەمەوە. هەموو شتەکان لە ناوەوەی مندا ڕوودەدەن، تێكچڕژاوم، پێویستم بە هەناسەیەکی پاکە و سینگم سیخناخە لە دووکەڵی حیکایەتی باڵەخانە باڵابەرزەکانی شار.
هاوڕێ گیان چۆنیت؟ هیوادارم باش بیت، ماوەیەکی درێژبوو ئاگام لێت نەبوو، لە وێبسایتەکاندا و لو کتێبخانەکاندا ڕبەدوای نووسینێکی باشەوە وێڵ بووم، تۆم ناسییەوە و چەندین تێکستم لێت خوێندەوە، پێشتر وەک هاوڕێیەکی ئەدەبیت یەکەمین کەسانێک بووم بە دیداری ئەو نووسینانە شاد دەبووم، بەڵام ئەسەف بەهۆی دووریمەوە لە دونیای مەجاز خوێندنەوەی من درەنگ کەوت، بەهەمان هۆکار تۆیش لە یەکەمینەکان نەماویت کە چیرۆکەکانی من بخوێنیتەوە و جارجار بڵێیت ئەرێ ئەوە چۆن؟ یان بڵێیت کۆتاییەکانم زۆر بەدڵە! یا هەر شتێکی تر کە لەوەیە بیڵێیت، بۆ نمونە: ئەم چیرۆکەتم پێ باش نییە، پەلەت لە نووسینیدا کردووە. بەجددی کۆتاییەکان پڕپڕن لە توڕەهاتەکانی گرێی چیرۆکەکان، ئەوێ ڕۆژێ بارانی کوڕم دەیگوت کۆتایی چیرۆکەکان خەمگینن، پرسیم بۆچی دەبێت وابێت؟ وەڵامی دامەوە تا هەستی خەڵکی ببزوێنن! من وای لێ حاڵی بووم چونکە ئەو بە ئینگلیزی باسی ئیمۆشنەڵ و شتی دەکرد! ئەرێ من و تۆیش تەنیا لەبەر بزواندنی هەستی خەڵکی کۆتاییەکان بەو ئاڕاستانەدا دەبەین؟
پێموایە باشترە حیسابی هەستی خەڵکیش بکەین، تا زیاتر بخوێندرێینەوە، بۆچی کە دەکەوینە ناو خەیاڵی خۆمان بیرماندەچێتەوە خەڵک حەزی لە ژەمی سووکە؟ هاوڕێ گیان من باش دەزانم مرۆڤی قەڵەوی مۆدێرن حەزی لە ژەمی سووکە، لەوانەیە ئەسڵەن مەجالی نەبێت شتێکی تر بخوات، دراو بەجۆرێک ژیانمانی دووریوە کاتمان نەماوە بۆ… بۆچی؟ پێموایە تەنانەت بۆ خۆشمان!
منیش ناچارم مرۆڤێکی قەڵەوی شاربم، بەڵام ئەوەی لەناوەوەی مندا دەگوزەرێت ئاڵۆزترە لەوەی بتوانم بەتامتری بکەم لە ساندویجێکی چەور و بەلەزەت.
هێند ژیاوم تەمەنم کورتتربێت لە ئاو، هێند دواوم بێماناتر بم لە ژاوەژاو…
بەردەوام ڕادەکەم و لە پڕ دەستێک بەربینم دەگرێت و دەبێژێت: هێی کابرا بۆ کوێ، ئۆغربێ؟
بەنیازنەبووم هێند زوو دەستێک بەربینم بگرێ، بەڵام ئالانی هاوڕێ ئەوێ ڕۆژێ سڵاوێکی نارد و گوتی: ئۆغر بێ؟
هەمیشە پێموابووە لەوانەیە ئەمەیان کۆتایی بێ، چون مرۆ وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە و نازانێ چۆن و کەی و بۆ کوێ دەچێ، یان چی دەبێ و لێی دێ و دەبێ…
هەیهو وەیهو ئیدی وشە لێکدەئاڵۆزکێ و منیش وەک جاڵجاڵۆکەیەکی نەشارەزا سەرم لێ دەشێوێ و ڕایەڵەکانی ئەم تەونە بە پێی من ناپێورێ نا! ئەرێ بەسە !
هێند ئاڵۆزکاندم بیرمچووەوە زووتر پێت بڵێم، لەوانەیە کتێبێکی ترم لەدایک بێ! لەگەڵ ئالاندا لەوبارەیەوە گفتوگۆمان کردووە…
با ئەم نامەیەت لە کن بێ، هەرکاتێک کتێبەکە بڵاوبووەوە، بڵاویکەوە… با پێشکەشی خوێنەرانی ئەدەبی کوردی بێت…
چی هەستێک هەیە لە لەدایکبوونی بەرهەمێکی ئەدەبیم خۆشتر بێت؟
ئەرێ مرۆڤ بەچی دەژیێ؟
*هیوادارم هەرکاتێک هاوڕێ ئەدەبییەکانم ئەو نامەیەیان لەلای تۆ خوێندەوە ئەو هەستەیان لەلا زیندووبێتەوە بۆ ئەوانیش نووسراوە