470682021_1114993663961777_1057956211765161049_n

2024/12/19

بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز

کاروان کاکەسوور

ئەگەر (نارین ڕۆستەم)ی شاعیر بە ئاگایییەوە وشەی (بەرەواژ)ی بۆ ناونیشانی دیوانەشیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لە ڕێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە ڕزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکوو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکوو دەکرێت لە بێژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ (ئەنینسیەیشن)ی جیاوازە، کە لە ڕێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی، کە بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و ڕاستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا، لە (بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگی و فرەڕەهەندی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەر یەک دەکەون.

وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەییی پێ دەدات، کە لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکوو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.

لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، کە وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکوو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.

پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
ڕۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.

هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانەبەرچاو). لە هێنانەبەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پێبەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاوی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن، کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکوو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.

ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە ڕات کرد.
عەبا ڕەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!

لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەیییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو ڕەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (دیسپلەیسمێنت) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشان دەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاری دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی ڕۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و ڕاڤەی جیاواز دەخوازن.

ساڵێکی دیکە
هەژاری کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی…
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.

دەقی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتە ڕوو، کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەبڕێت. واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکوو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.

ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.

#ئەدەب و هونەر