458976913_389182250729732_3642163587208832793_n

2024/09/20

لەبارەی مۆنادۆلۆژی دەق

جەلال پوورحەسەن
کتێبی مۆنادۆلۆژی دەق نووسراوەی هاوڕێی شاعیرم حەمەی کەریمی کە لەلایەن نەشری نووسیارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، زیاتر پرسی بەرەیەکی شێعری تاوتوێ دەکات کە لە سەرەتای هەشتاکانی هەتاوییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بەدیار خستووە و خاوەنی دەق و ڕوخسارگەلێکی ئەدیب و ڕەخنەگریشە.
ئەو کتێبە چەند یادداشت، وتار و گوتوبێژ لە 115 لاپەڕە لە خۆ دەگرێت.
نووسەر حەولی داوە لە چوارچێوەی مۆنادۆلۆژی دەق دا پارچە جیاوازەکانی بیرۆکەگەلێک باس بکات کە بوونە هۆی جیاوازی هونەری داهێنەرانە لە هونەری ناداهێنەرانە، دیارە بە پێی تیئۆری سەردەمەکان مرازی خۆی لە پەرژاندنی ئەو دوو جۆرە هونەرە و ئاستی جیاوازییەکانیان باس لێ دەکات و ئەوە دەکاتە دەستمایەی بۆچوونی سەرەکی خۆی بۆ پڕۆژە شێعری جیاواز بە پێی هەل‌ومەرج، بەستێن و سەردەمێک کە لە شاعیرانی خواستووە بەرەو ئاوانگاڕدیسم لە شێعری کوردی هەنگاو بنێن.
دیارە سەرەکی‌ترین بابەتیش بۆ بەرەیەک شاعیر دەگەڕێنێتەوە کە ئاشنای شێوازە شێعرییەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا بوونە و هەرواتر دەستیان بە ڕەخنە و تێئۆری و ڕوانگە نوێیەکان ڕاگەیشتووە.
دەی کەوابوو ئەوانە گەڕاونەتەوە بۆ خودی زمان تا بتوانن ئەو پوتانسییەلانە ئازاد بکەن کە شێعری تاک ڕەهەندی پێشتر و بە‌ڕۆمانتیک‌کراو خۆیان لە قەرە نەدابوو، ئەوەی پێی دەڵێین کایە زمانی بە تۆخسی لە کاری ئەو بەرە شێعرییە کە دەتوانین پێیان بڵێین بەرەی چواری شێعری کوردی، خۆی وەدەر خستووە.
چیتر شاعیران ئاڵاهەڵگرانی کانسێپتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نین، شێعری سیاسەتزەدە و ناسیونال‌ڕۆمانتیک، هەموو حەولەکانی خۆی دابوو و هەناوی شێعری جنیبوو، بۆیە پێویست بە هەوڵێک بوو تا بەرەی نوێ لە پێشمەرگەی گیانبازەوە بکاتەوە شارۆمەند و لە گەڵ تۆپۆسی شار ئاشت و ئاشنای بکاتەوە.
شاعیرانی ئەو بەرەیە بەرەو دەروونی خۆیان و کێشە و گرفتەکانی مرۆڤی کورد لە چاخ و سەردەمی خۆیان دەگەڕێنەوە. بۆیە ئەو بەرە شێعرییە وردە وردە مکانیزمی زمانی و تکنیکی تایبەت بەکار دێنێت تا ئەو ئەرکەی دەیان ساڵ بە شێعر سپێردرابوو وەلای بنێت و بە پێی ڕەد کردنەوە و جەخت کردنەوە، ڕەفتارێکی نوێ بگرێتە بەر.
نووسەر باس لە حەولەکان دەکات کە چۆن تکنیکە نوێیەکان و مکانیزمەکانی ڕۆنان و بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ زمان توانی نوێگەری مسۆگەر بکات و ئەوان حەولیان دا بە دەربازبوون لە شێعری پێشتر بونیادە نوێیەکان وەک سەنتەر و بگرە دژە سەنتەر ڕەچاو بکەن، چوون شێعری بەرەی چوار دەبێ توانایی لە خۆ دەرچوونی هەمیشە هەبێ تا نەبێتە ڕەوتێکی قەتیس‌ماو کە دوای ماوەیەک حەتتا قسەی بۆ نووسەران و لایەنگرانی خۆشی نەبێ.
هەر دوو گوتوبێژەکە بە شێوەیەک پەیوەستن بە لێکدانەوەی ئەو بەرە شێعرییە کە ئێستا دوو دەهە لە ژیانی ئەدەبی خۆی تێپەڕاندووە و دەق و ڕوخسارگەلێکی تایبەتی ناساندووە.