ڕانانێک بۆ کتێبی ژیان بێدەنگبە مردن قسەدەکات
سەربەست عوسمان
خوێندنەوەیەکی من سەبارەت بە وێنە لەشیعردا ، لەسەر شیعرەکانی ئەمیر ئەمین ،لەهەر دوو کتێبی (من و تۆ بۆ لەدایک بوین ) و (ژیان بێدەنگ بە مردن قسە دەکات)
هەمیشە چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە لەنێوان هونەرەکان و ئەدەبدا ئەویش ئەوەیە هەموویان ئامانجیان گەیاندنی پەیامە لەپێناو پرسیارە ئاڵۆزەکانی بیری مرۆڤ و کێشەکانی دونیادا .بۆئەمەش شیعر یەکەمین و پێشەنگی ئەو خاڵە هاوبەشانەی گرتووە بۆ پرسیار کردن و دروستکردنی وێنەی سوریالی و ڕیالیزمی و ئیرۆتیک و هەتا هەندێک لە تابلۆی هاوچەرخ ،بۆ گواستنەوەی ڕووداوە گرنگەکانی بەردەم مرۆڤ بۆ پانتایی نوسین
من وەک مامۆستایەکی هونەر /بەشی وێنەکێشان
کەدەڕوانمە هەر شیعرێک بۆوێنەگەلێک دەگەڕێم کە لەناوخۆیدا بموەستێنێت و توشی تێڕامان و بیرکردنەوەم بکات ، چونکە ئەگەر شیعرێک یاخود مۆسیقایەک یان هەر بابەتێکی هونەر و ئەدەب ئەگەر ڕاتنەگرێت و نەتوەستێنێت و لێی ڕانەمێنی بێگومان هونەر و ئەدەب نییە یاخود کەمووکوڕی هەیە ..
بۆ ئەمەش کتێبی شیعری (من و تۆ بۆ لەدایک بوین ) شاعیر ئەمیر ئەمین سەرسامی کردم بە دروستکردنی ئەو هەموو وێنە بێ وێنەیەی لە نێو تێکستەکان دا هەیە بەجۆرێک هەستدەکەیت ئەم نوسەرە وێنەکێشێکە بەزمانی وشە دەیکێشێت بەجۆرێک لەشیعرەکانی دا بەر وێنەی جوڵاو دەکەویت کە وەک فیلمێکی سینەمایی نیشانمان دەدات . بەتایبەت لەدەقی (من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم )دا زۆربەجوانی وێنەی تراژیدیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستتر شاری کەرکوک مان بۆ وێنادەکات کە لەناو تەقینەوە یەک لەدواییەکەکانیدا دەیناڵاند شاعیر بەزمانێکی زۆر بەرزو لێهاتوانە دیمەنی تەقینەوەیەکمان بۆ وێنادەکات کە بەزمانێکی باڵای ئەدەبی و پڕاوپڕ لەمیتافۆڕ دەیگێڕێتەوە .ئەمەش دەمانباتەوە سەر تابلۆی بەرزی (قیژە )کەباناوبانگترین کاری نیگارکێش (ئێدڤارد مەنک )نەرویجییە کە سەربەڕێبازی(ئیکسپرێشنیزم )دەربڕینگەراییە،
.لەڕوانگەی تابلۆی هونەرمەندەکە و شیعرەکەوە لێکچونێک هەیە لە تۆقین لە دونیای مۆدێرنە، مەنک؛ دایکی بەنەخۆشی سیل مرد و باوکی بەدەست نەخۆشی دەرونییەوە دەیناڵاند ڕەنگە ئەمەخاڵی جەوهەری هەڵتۆقینی هونەرەکەی بێت چونکە بە بڕوای من مرۆڤ ناتوانێت هەستە ناوەکییەکانی یاخود گرێ دەرونییەکانی بشارێتەوە،لەهەر ڕێگەیەکەوە بێت بێگومان نیشانی دەدات ، تەنانەت خودی خۆم کاری ئەتروحەم (کارنامەی دەرچوون)م لەسەر هەمان بابەت بووە بەناوی (پارچە پارچە بوون)
هەروەها تابلۆی( مانگی یانزە) لەگەڵ کۆمەڵێک کاریترم ، کە بەرەنجامی هەستە ناوەکییەکانە ئەو کارانەی لێ بەرهەم هاتووە .
وە لەچەند دێڕێکی تردا چەندین لێکچوونم بەرچاو کەوتوە لە باس کردنی کات کە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ کارەکانی( سیلڤادۆر دالی ) بەڵام بۆ پوختی بابەتەکە تەنیا بە کورتی ڕونکردنەوەم داوە .
بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم لەلای من باشترین ڕێگا بۆ دەربڕینی ئەم هەستە ناوەکیانە ئەدەب و هونەرە، لە دەقی (مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی) ئەمیر بەڕونی نیشانی دەدات کە خاڵێکی هاوەبەشی گرنگ هەیە لەنێون تابلۆکەی مەنک و دەقەکەی ئەودا ئەویش ئەوەیە کە ئەودایکەی ئەمیر کەتوشی سیل بووە نیشتیمانەکەیەتی و هەروها هاواری کارەساتباری ناوە و دەرەوەی مرۆڤە لەدەست ماندووبوونی سەردەم ،
من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم
دوای دەنگە گەورەکەی زەوی
بێدەنگی من لەدایک بوو
باوەڕ وەک خاوەنی گەورەیی مرۆڤ سێبەری کرد
گەنجەئەسمەرەکەی کەرکوک بەگیتارێکی سپیەوە
بەتەنیشت باخچەکەوە گۆرانی بۆ گوڵەکان دەخوێند
دەنگی تەقینەوەی مرۆڤێک
بینا بەرزەکەی ئەوبەری کردەوە بە کوڕی خۆڵ
ڕۆشتم وئەو ئاوازانەم کۆکردەوە خوێنیان لەبەردەڕۆیی
ئەو چاوانەم کۆکردەوە ئایندەیان لەخۆیان دا چێ کردبوو
ئەو قاچانەم کۆکردەوە بەنیشتیمانەوە نووسان
ڕادەکەم و هەرکەلەسەرە وەک ئینجانەی شەق بردوو
خاڵی لە گووڵ و بیرکردنەوە غلۆردەبنەوە
باخچەکە کەناوی مینا بوو
دەڕوانم بوەبە بیابان سینا
خوێنی قووربانیان وەک خوێنەکەی حەللاج
بەتەنیشت باخچەکەدا دەڕوات و دەنوسێت
ئاین بێرەدا تێپەڕی .!
لەناو دونیای ئێمەدا و لەدەیەی ڕابردوودا لەم دیمەنانەم زۆر دیون و میدیا گواستویەتیەوە بەڵام هیچیان وەک ئەدەب و شیعر نەیتوانیوە بەو زمانە بەرزە وێنەی بکێشێت و بۆ ئایندە لەخۆیدا هەڵیبگرێت.
بەم پێیە (سوریالیزم ) خەیاڵگەرایی هەڵگەڕانەوەی واقعە و بەدەستهێنانی تابلۆی ڕاستەقینەی شاردراوە و گومناوە لە بیری مرۆڤ دا لە ڕوانگەی سوریالیزمدا مرۆڤ ئەوەی کەدەیڵێت بۆ ئەوەیە کە ئەوەی نەیوتوە لەناویدا بیشارێتەوە .ئەمەش کارێکی هاوبەشی وێنەکێشان و وێنەی شیعرییە و هەموو وێنەیەکیش پێویستی بەڕاڤەو شیکارکردنیەتی لەناو ڕێباز و چەمکەکان دا بەهەمان شێوەش هەر وێنەیەک شاعیر لەڕێگەی وشەوە دروستی دەکات دیسانەوە دەبێت لەڕێگەی هەمان کەرەستەی وشەکانەوە شیکاری و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت تابگەینە وێنە شاردراوەکەی ناو ناخی شاعیر، وەک ئەمیر لە دەقی (تەم )دا لەڕێگەی هەڵهاتنەوە لە سەردەم ئێمە دەباتەوە بەردەم وێنەی نەبینراوی ناو سەری شاعیر کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا لەواقیع دا بوونی هەبووەو ئەو دەیەوێت ئێمە لەدەرگای شیعرەوە بباتەوە ناوی و هەموو قوشبنەکانیمان نیشان بدات .
تەماشابکە شوێن پێیەک بەسەر گاشەبەردێکەوە وەک تابلۆیەکی هونەری بەجێماوە
پێیەکانت بخەرە شوێن پێکانەوە با ڕابردوو وەک ڕۆحێکی شین بەنێو گیانت دا بڵاوببێتەوە
بابێتەوە بیرت تابزانیت
ئەوکاتەی خودا نەبویت ئەوکاتەی شەیتان نەبویت
ئەوکاتەی سیاسی نەبویت
ئەوکاتەی تەنها مرۆڤ بویت چۆن بویت؟
ئێمە دەزانین سەردەمێک مرۆڤایەتی ژیاوە بەبێ ئاین و یاسا و خودا، بەتەواوی ئازاد بووە لە سرووشت دا ،ئەمەش دونیابینی فراوانی شاعیر دەردەخات کە دەیەوێت لەڕێگەی مرۆڤێکی هەڵهاتوەوە بمانگەڕێنێتەوە سەر مێژوویەک کە سرووشت سەنتەری مرۆڤ بووە ،لەلای من کاری گەورەی شیعر هەڵگرتن و گواستنەوەی خوێنەرە بۆجێیەک یاخود بۆنێو تابلۆیەک کە هەرگیز نەیدیوە، بەوشێوە خوێنەر لەدۆخێکی واقیعیەوە دەگوازێتەوە بۆ دۆخێکی (سوریالی )ناواقعی و توانای بێسنووری مرۆڤ بۆتێکشکاندنی سەردەم و تابلۆکان نیشان دەدات
دەستخۆشی زۆرم بۆ
ئەمیر ئەمین کە یەکێکە لە مامۆستا هاوڕێ و هاوکار و هاوفیکرە هەرە ئەزیزەکانم و هەمیشە جێگەی شانازی بووە بۆ من.
لێ ئەوەی باسم کردووە حەقیقەتە و من یەکێکم لەوکەسانەی کە سەبارەت بەنوسین بەدەر نیم لە نەقد و هەندێک ڕەخنەی وردم هەبووە و بەخودی خۆیم وتووە بەشیاوی باسم نەزانیوە بۆیە لێرە باسم نەکردووە .
وە دەستخۆشی بۆ دەزگای نوسیار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە باشە.