453072251_1003643071763504_1509947000088298177_n

2024/07/28

پەیامی نووسەر و ڕۆژنامەنووس بڕوا بەرزنجی

بڕوا بەرزنجی

سڵاو و ڕێز ئوستاز ڕاهۆزی ئەزیز، کتێبی شیعرەکانتم خوێندەوە، یان ڕاستر بڵێم چەند جارێک خوێندمەوە…
چونکە لەو ستایلە شیعرە مۆدێرنانەبوو ، کە زمانێکی سادە و بێگرێ، بەڵام خەیاڵی قووڵ و وێنەی ڕوون و کەشفکراو، زمانێکی پڕ موزیک و پڕ ڕیتم. ڕیتمی زمانی شیعریی تۆ، بەجۆرێک لەجۆرەکان لەسەر ڕیتمی دنیایی نوێی ئێمەیە، لەگەڵ ئەو زمان و ڕیتمەی تۆ، قووڵ هەست بە نیگەرانی و دوودڵی و دۆخە سایکۆلۆژییەکەی ئینسانی مۆدێرن و هەم ئینسانی کورد دەکەین، ئەم جۆرە لە کارکردن لەناو ڕیتم و موزیک لە زمانداو گواستنەوەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژییەی بۆناو زمان، ئەو کارە گەورەیەیە کە دەقەکانی تۆ بەتەواوی جیادەکاتەوە لە زۆرینەی ڕەهای ئەو دەقانەی لەم ساڵانەدا خوێندومەتەوە، هاوجیلی خۆت و پێش تۆ.

هەروەک دەبێت بڵێم، تۆ وەک شارەزایەکی “ئابوریی زمان” ووشەت بەکارهێناوە و هەست بە زیادیی یەک ووشەش ناکەین، واتە مۆدێرنبونی زمان بەمانای ئازادیی لە وشە سەرفرکردندانییە.!

جارێک هایدگەر لەبارەی زمانەوە دەنوسێت”بیرکردنەوە لە بنەڕەتدا وابەستەی زمانە و سنووردارە بە زمان- واتە مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێت بیر بکاتەوە کە زمانێکی هەبێت و تەنیا دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە دەتوانێت لە ڕووی زمانەوانییەوە دەریببڕێت”، لێرەدا ئەو شیکارییە لەدۆخی زمان لە هایدگەر وەردەگرم و دەبێت بڵێم تۆ ئەو زمانە شیعرییەت هەیە کە بتوانیت بیر و خەیاڵی خۆتی تێدا دەرببڕیت، خەیاڵت تا تاریکایی سترێس و دودڵی و نیگەرانییەکانی ئینسانی ئەمڕۆژگارە دەڕوات. بێئەوەی ڕیتم و موزیکی خۆی لەدەست بدات، واتە چونە ناو ئەو دۆخە سایکۆلۆژییە، لەسەر حسابی ئاهەنگە شیعرییەکەی زمان نییە. هەروەک هەمیشە حەزم لەو زمانە شیعرییە بو کە سەرچاوەکەی تەنها هەست نەبوە یان عەقڵ بەتەنیا، بەڵکو هەڵقوڵاوی سەرچاوەی سێهەم بێت، تێکەڵەی عەقڵ و هەست، زمانی شیعری تۆ چێژی ئەو جۆرە زمانەی دامێ و بەو جۆرەی دەزانم.

‎بەهەرحاڵ، خۆزگا کات دەبو زیاتر لەبارەی ئەم کتێبەوە بنوسم، کە شایەنێتی. سوپاس بۆ ئەو دیارییە جوانە، بێئەندازە چێژم لە خوێندنەوەی تەواوی دەقەکان بینی.
‎هەرشاد و تەندروستبیت.