453003506_1003108778483600_9032469137758401689_n

2024/07/26

پێشانگەی تەرمەکان؛ ئەو کتێبەی دەچێتە ناختەوە

سەردار نۆڕێ

ئەم چیرۆکانە؛ پاش خوێندنەوەیشیان وازت‌لێ‌ناهێنن و ڕۆژانە لەگەڵتدا دەژین. “پێشانگەی تەرمەکان” کتێبێکە پڕ لە باسی تەقینەوە و خوێنڕشتن و ڕفاندن و ئەتککردن و سێکس و دەستدرێژی و بۆمبڕێژکردن و هەڵدڕین و خوێنخواردن، جیهانێکی سامناک “کە عێراقە” دەخاتە بەردەستت. کتێبێکە بە تیشکی ئاگری جەنگ نووسراوە. پڕە لە ترس و تۆقین و خەون و مۆتەکە و ئێسک‌وپرۆسک و شەڕ و کوشتار و کۆچ و سەفەر و نامۆیی و تاراوگە، لەگەڵ چەندان دیمەنی پیس و قێزەن و دڵتێکهەڵاتن و ڕشانەوە، کە بەلاسم زۆر جوان و فەنتازییانە دەیانگێڕێتەوە. لە چەند شوێنێک و هەندێک لە چیرۆکەکانیشدا، بەشێوەی جیاواز و ڕووداوی جیاجیا، باسی کوردی تێدایە…

جێی خۆشحاڵییە، لەمەولا خوێنەری کوردیش (ئەوانەی کە تەنها بە کوردی دەتوانن بخوێننەوە) دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بەلاسم‌‌یان بۆ ڕەخساوە و دواناکەون لەوەی کە چاوەڕێ بن ئاخۆ چەند ساڵی داهاتووتر کەسێک/کەسانێک بێن و بیانکەنە کوردی…

#پـێـشـانـگـەی_تـەرمـەکـان؛ ئەم کتێبە لە دووتوێی ٣٢٦ لاپەڕەدایە و ٢٥ چیرۆکی لەخۆ گرتووە. ئەوانیش (ئەرشیف و واقیع، بارهەڵگرەکەی بەرلین، ڕۆژنامەیەکی سەربازی، پاکیزە و سەرباز، جانتاکەی عەلی، سەرشێتەکەی مەیدانی ئازادی، مۆتەکەکانی کارلۆس فوێنتێس، پێشانگەی تەرمەکان، خووی خراپی خۆڕووتکردنەوە، بازاڕی چیرۆکان، ئاوازدانەر، گووخڕکەرە، ئەو خەندە شوومە، گۆرانیی بزن. لەگەڵ چیرۆکانی؛ چاڵ، پەنجەرەی نهۆمی پێنجەم، مەسیحی عێراقی، کەروێشکەکەی ناوچەی سەوز، وشەیەکتربڕەکان، ئازیزم بیتۆ، قیبلەنما و پیاوکوژان، خۆر و بەهەشت، درەختەکەی سرسارە، مەمکوژە تکایە ئەمە درەختەکەی منە، هەزار و یەک چەقۆ) لە نووسینی چیرۆکنووسی عێراقی “#حەسەن_بەلاسم‌“ـە، لەلایەن وەرگێڕی گەنج “#زانیار_عەلی” بۆ زمانی شیرینی کوردی وەرگێڕدراوە. ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن “وەشانخانەی #نووسیار“ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبەکە لە ناوەوە لە دوو کتێب پێکدێت؛ (سەرشێتەکەی مەیدانی ئازادی) و (مەسیحی عێراقی). تا ئێستا بۆ زیاتر لە ٢٠ زمان وەرگێڕدراوە و زانیار عەلی‌یش بە کوردییەکی فرە جوان کتێبەکەی کردووەتە کوردی. لەکۆتایییەکەیشیدا فەرهەنگۆکێکی زۆر باشی زیاتر لە ١٠٠ وشەیی داناوە.

حەسەن بەلاسم؛ نووسەر و سینەماکارە. لە ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لەدایک بووە. ساڵی ١٩٩٩ بەغدادی جێهێشتووە و لە سلێمانی گیرساوەتەوە بۆ ژیان. ئێستا لە وڵاتی فینلاند دەژی. خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە لە شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و سینەما. کتێبەکانی بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراون و پاڵێوراوی خەڵاتە ئەدەبییەکان بوونە. بەلاسم لە ڕیزی ئەو چیرۆکنووسانەی عێراقە، کە لە پاش (ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆر؛ ساڵی ٢٠٠٣) دەرکەوتوون و ئەدەبی عێراقییان بردووەتە ئاستێکی بەرزتر و دەرکەوتووتر، کە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتە جیهانییەکان بۆ ئەدەب، بکەن. هەر بۆیە ساڵی ٢٠١٤ وەک یەکەمین نووسەری عەرەب، خەڵاتی ئیندیپێندت‌ـی بەریتانیایی بۆ کۆمەڵەچیرۆکی “مەسیحی عێراقی” بردووەتەوە.

(ڕەنگە باشترین چیرۆکنووسی ئەدەبی عەرەبی بێت کە هێشتا لە ژیاندایە. “ڕۆژنامەی گاردیان”)

زانیار عەلیی وەرگێڕ، پێشتریش کتێبی “#فەرهەنگەپیاو“ی هەمان نووسەری بۆ کوردی وەرگێڕاوە. لە داهاتووشدا گشت بەرهەمەکانی تری حەسەن بەلاسم وەردەگێڕێت، کە “وەشانخانەی نووسیار” چاپ‌وبڵاویان دەکاتەوە.