452321380_1222484895446529_7046523025392005933_n

2024/07/26

یەک، دوو، سێ

زانیار عەلی

یەک: لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەم کتێبەدا، ڕەنگە پێمان وا بێت کە گێڕانەوەیەکی خەیاڵین، ناکرێت لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕوویان دابێت. بەڵام دواتر بۆمان دەردەکەوێت، نووسەری ئەم چیرۆکانە زۆربەی جارەکان بۆمان دووپات دەکاتەوە کە ڕووداوەکان ڕاستەقینەن. لێرەدا تەنها باس لە گێڕانەوەیەکی تۆقێنەر و کوشتن و ئەشکەنجە ناکەین، ئەم چیرۆکانە کرۆکی ئاوابوونی مرۆڤ و ژیانە، ئێمە بۆ ئەوپەڕی لەناوبردن و نەمانی چاکە دەبات.

دەتوانین بڵێین “پێشانگەی تەرمەکان” یەکێکە لە باشترین و گرنگترین بەرهەمەکانی حەسەن بەلاسم. ئەم کتێبە ناوبانگی ئەوی بە جیهاندا بڵاو کردەوە و بۆ زۆر خەڵاتی گرنگی ئەدەبی پاڵێورا. لەڕێی ئەم چیرۆکانەوە ئاشنای دنیا ئەدەبییەکەی دەبین، کە ترس و تۆقین، جەنگ و کوشتار، گێڕانەوەیەکی فەنتازی بۆ ڕووداوەکانی عێراق، لە دیارترین تێماکانن. هەر چیرۆکێکی نێو ئەم کتێبە، پرۆژەی نووسینی ڕۆمانێکە. ڕەنگە سەربوردەی تەمومژاویی کارەکتەرەکان هەتا ماوەیەکی زۆر لە خەیاڵ و ئاوەزی خوێنەردا بمێننەوە.

دوو: کتێبەکە لە دوو کۆمەڵەچیرۆک پێک هاتووە: “سەرشێتەکەی مەیدانی ئازادی” و “مەسیحی عێراقی”. هەردوو کۆمەڵەکە پێکەوە ناونیشانی “پێشانگەی تەرمەکان”ـیان هەڵگرتووە، چەند چیرۆکێکی تریان بۆ زیاد کراوە و هەموویان پێکڕا دەبنە بیست‌وپێنج چیرۆک.

سێ: ئەم کتێبە بۆ زیاتر لە بیست زمانی دنیا وەرگێڕدراوە. جێی خۆشحاڵییە خوێنەرانی کوردزمانیش بواری ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بیخوێننەوە و لێی بێبەش نەبن! دوای کتێبی “فەرهەنگەپیاو”، ئەمە دەبێتە دووەم کتێبی پرۆژەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی حەسەن بەلاسم. بەدوایدا بەرهەمە گرنگەکانی دیکەی دێن و هەر لە ناوەندی بڵاڤۆکی “نووسیار”ـەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.