666

2024/06/20

یەختی ژیان لە ناو دەریای کۆمەڵگەدا

لەیلا مستەفانژاد

شانۆنامەی بەرو کەنار چیرۆکی پێنج ژنە لە یەختێکدا کە بەرەو کەنارێک یا چارەنووسێکی نادیار دەڕۆن. پێنج ژن بێ هیچ ناونیشانێک، تەنانەت ئەو پێنج ژنە ناویان نییە و بە ژنی یەکەم تا پێنجەم دەسننیشان کراون، تەنیا ئاماژە بە ژنبوونیان کراوە.
پێنج کەسایەتی جیاواز، بە چارەنووسی جیاواز کە بە یەک ئازار یەکسان دەبنەوە، ئەویش ژنبوونە کە هەر ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕابکەن بەرەو چارەنووسێکی نادیار.
نووسەر بەو شێوەیە تیشکی خستۆتە سەر ئازاری دەروونی ژنەکان؛ ئەوەی بنەماڵە و کۆمەڵگا بەسەر ناخی ئەم ژنانە هێناوە و ڕووبەرووی مەترسی مەرگ ببنەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن لە شوێنێکی دوور ژیانێکی تازە دەستپێبکەن.

ڕەنگە بەهێزترین خاڵی ئەم دەقە هەر ئەو قووڵبوونەوەی نووسەر لە ناخی ژنان بێت وا نیشانی دەدا نووسەر تێگەیشتنێکی زۆری لە سەر ئازارەکان و هەستەکانی ژنان هەیە.

لەم دەقە پیاو وکو جەستە بوونی نییە تەنیا دەنگی دوو پیاو دەبیستین. دوو باب بە هەڵسوکەوتی جیاواز کە دوو یادەوەری جیاوازیان لە ناو مێشکی ژنی یەکەم و سێهەم دروست کردوە. بابی ژنی یەکەم هێمایێک لە چەوسانەوە و زۆڵم و زۆریە، بابی ژنی سێیەم هێمایێکە لە میهرەبانیی. نووسەر بەم دوو دەنگە هاوسەنگی دروست کردوە.
ڕاستە پیاو وکو جەستە بوونی نییە بەڵام بەردەوام زۆر بە تۆخی لە ناو مێشک و هەستی ئەم ژنانە بوونیان هەیە تەنانەت ناتوانن لەناو ئەو یەختە و لە سەر دەریا خۆیان لەو بوونە کە خزاوتە ناو هەموو خانەکانی مێشکیان ڕزگار بکەن.

دوو خاڵی دی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام: ئاماژە پێدان بە هاورەگەزخوازی و نیشاندانی ئەم خاڵە کە نەک تەنیا کۆمەڵگە بەڵکو ژنەکانیش دووری دەکەنەوە.
نیشاندانی سووڕی مانگانە، شتێک کە تا ئیستاش لە کۆمەڵگەی ئێمە تا ڕادەیەک تابۆیە و نابی باس بکرێت.

بەڕای من ئەم یەختە خودی ژیانی ژنانە لە ناو دەریای کۆمەڵگەدا کە شەپۆلەکانی بەرەو مەرگیان دەبات.