450585380_993118832815928_5581168891825485931_n

2024/06/19

چەند قسەیەک لەسەر ڕۆمانی( پیاوی ناو تاریکی)

بێژەن محەمەد

ماوەیەک ئەبوو دەستم هەڵگرتبوو لە خوێندنەوەی ڕۆمان، نەک لەبەرئەوەی بەلامەوە گرنگ و سەرنج ڕاکێش نەبێت، بەڵکو زیاتر سەرنجم لەسەر بابەتی زانستی بوو. زۆربەی ئەو کتێب و بابەتانەش کە ئەمخوێندنەوە بەزمانی ئینگلیزی بوو، خەریکبوو بگەمە ئەو ڕایەی کە ئەو کتێبانەی وەرگێڕانی کوردیان بۆ ئەکرێت چێژ و مەبەستی نوسەرەکە تێک ئەدەن، بۆیە باشترە بە زمانی ڕەسەنی خۆیان بخوێنرێتەوە. بەڵام ئەم کتێبە بەتەواوی ڕای گۆڕم، هاوڕێی ئازیزم Kamo Araz وەرگێڕانێکی بۆ ئەم کتێبە کردوە کە بەجدی شایەنی دەستخۆشیەکی گەورەیە، ئاخر ئاسان نیە تۆ بتوانی کتێبێکی وەها ئەدەبی و قوڵ وەربگێڕیتە سەر زمانێکی تر بەبێ ئەوەی لە ئاستی نوسینەکە بێنیتە خوارەوە، من دوو جار چێژم بینی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، چێژی یەکەم بەهۆی جوانی و گرنگی ڕۆمانەکەبوو، چێژی دووەم ئەو وەرگێڕانە نایابەی کامۆ بوو، پڕاوپڕ لە وشەی کوردی جوان، چەندین وشەی کوردی فێربووم لەم کتێبەوە کە پێشتر نەم ئەزانی. کە ئەمەش ئەوپەڕی لێزانی کامۆ دەرئەخات کە چەند بە سەلیقەو وردیەوە وەرگێڕانی بۆ ئەم کتێبە کردوە.
ڕۆمانی (پیاوی ناو تاریکی) باسی نوسەر و ڕەخنەگرێکی ئەدەبی ئەکات بەناوی ئۆگەست بڵەین کە تەمەنی 72 ساڵە و لەگەڵ کچەکەی(میریام) و کچەزاکەی(کاتیا) لە ماڵێکا بەیەکەوە ئەژین، ئەشێ هەر بە قسە بڵێین ماڵ، ئەگینا لە ڕاستیا لەناو تاریکیا ژیان ئەکەن، ئاخر ئەم سێ کەسە هەریەکەیان بەدەست دەردێکەوە ئەناڵێنن. جوانی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، تا تاریکترین و خەمناکترین شوێنی دەرونی مرۆڤ ئەمانبات و هەر لەو شوێنەش دواتر ڕوناکیەکمان نیشان ئەدات. بەڵێ ئەم کتێبە دیوێکی تاڵی ژیانت نیشان ئەدات، وەلێ تەنها جێت ناهێڵێت و دواتر نیشانیشت ئەدات کە ئەشێ لەم تاریکیەکەش بێیتە دەرەوە. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە ڕامان ئەکێشن بۆ کۆمەڵە بابەتێکی مێژووی کە لە ئەمریکا و عێراق و فەڕەنسا ڕوویانداوە، لەوێوە کۆمەڵە چیرۆکێکی هەتا بڵێی نایاب دروست ئەکات بۆمان.
بۆمن یەکێک لە بابەتە جوانەکانی ئەم کتێبە ئەوەبوو کە جارجار ئۆگەست و کاتیای کچەزای بەیەکەوە سەیری فیلمیان ئەکرد و دواتر تێگەیشتنی خۆیان لەسەر فیلمەکە ئەوت، کاتیا خۆی لە زانکۆ لەبەشی فیلمسازی ئەیخوێند، جا یەکێک لەو فیلمانەی کە سەیریان کردبوو بریتی بوو لە فیلمی Grand Illusion، کاتیا بەجۆرێک باسی چەند ڕووداوێکی ئەو فیلمە ئەکات کە بەجدی وای لێکردم بچم سەیری فیلمەکە بکەم، ئەوەندە ورد و قوڵ و جوان باسی پەیام و مانای چەند دیمەنێکی فیلمەکەی کرد.
شتێکی تری تایبەتی کتێبەکە ئەو چیرۆکانەبوو کە ئۆگەست شەوان لەناو تاریکیدا لەبەرخۆیەوە دروستی ئەکردن، چیرۆکی خەیاڵی زانستی، فرەگەردوونی و جیهانە هاوتەریبەکان، من بە فیلم و زنجیرە ئێجگار زۆر چیرۆکم بینیوە لەم چەشنە، بەڵام ئەو چیرۆکەی کە ئۆگەست دروستی ئەکات بەڕاستی تایبەت و پڕمانابوو.
ڕۆمانەکە لەئاستێکی بەرزی ئەدەبی و ڕەوانبێژیا نوسراوە، حەز ناکەم قسەی زۆر لەسەر بکەم تا ڕووداوەکانی سپۆیڵ نەبن و ئێوەش چێژی لێ ببینن، من لەڕێی ئەم کتێبەوە پۆڵ ئۆستەرم ناسی بەڵام بێگومان ئەمە کۆتا کتێب نابێت و کتێبەکانی تریشی ئەخوێنمەوە، چونکە بەجدی کە دوا لاپەڕەم خوێندەوە دڵگران بووم و هیواخوازبووم هێشتا زۆرتربا. ئەگەرچی ئەمتوانی بە دوو ڕۆژ تەواوی بکەم، بەڵام ویستم کاتێکی زیاتر لەگەڵم بێت و چوار شەو لەسەر یەک لەگەڵ میوزیکێکی ئارام، ئەڕۆیشتمە ناو جیهانەکەی ئۆگەست، دێڕ بەدێڕی نوسینەکان وەک ڤیدیۆیەک لە ئەندێشما دروست ئەبوون.
من دووبارە ئەمەوێ سوپاسی کامۆ بکەم بۆ ئەم وەرگێڕانە نایابەی و ئەمەوێ هەر لێرەوە تکای ئەوەی لێ بکەم کە کتێبخانەی کوردی بێبەش نەکات لەم وەرگێڕانە نایابەی، لەم کتێبەوە بەتەواوی ئاسوودەم لەوەی هەر کتێبێکی تر تەنها بزانم نوسین یان وەرگێڕانی کامۆیە بەبێ زانینی ئەوە کتێبەکە باسی چی ئەکات خوێنەری ئەبم چونکە ئەزانم کە خاوەن چ سەلیقەیەکی جوانە. کاری وەرگێڕان ئەوەنەش ئاسان نیە کە بەشێک لەو خەڵکە دەستی پێکردوە، زۆرگرنگە وەرگێڕ لە ئاستی نوسینە ڕەسەنەکە کەم نەکاتەوە، ئاخر خۆ مەرج نیە تۆ هەر زمانی نوسەرەکە بزانیت، بەڵکو ئەبێ زمانی کوردیشت ئەوەنە باشبێت تا بتوانیت وەرگێڕانێکی گونجاو بکەیت.
من دوو جار پێشنیار ئەکەم ئەم کتێبە بخوێننەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی کتێبەکە هەتا بڵێی پڕ مانا و بەچێژە، دووەم لەبەر ئەوەی خوێنەری وەرگێڕانێکی زۆر نایاب ئەبن، بەجۆرێک دڵنیا ئەبنەوە لەوەی زمانی کوردی چەنده دەوڵەمەندە و ئەگەر وەرگێڕی وەک کامۆمان هەبن هیچ زەرور نیە بەزمانێکی تر جگە لەزمانی خۆمان کتێب بخوێنینەوە.
کتێبەکە لەتەواوی شارەکانی کوردستان بەردەستە و هەرکات ویستی خوێندنەوەی کتێبتان بوو، با ئەمە لە پێشەوەی لیستەکەتان بێت.