450478762_993119002815911_8703991883818689210_n

2024/06/19

دوو تایبەتمەندیی ئەزموونی شیعریی (داستان بەرزان)

حەمەی مەلا

ئەوەی لە ئەزموونی شیعریی “داستان بەرزان”دا بۆ من شوێنی هەڵوێستە لەسەرکردنە، پەیوەندی بە دوو تایبەتمەندییەتی سەرەکییەوە هەیە لە تێکستە شیعرییەکانیدا؛ کە بە بڕوای من هەر خودی نەبینینی ئەم دوو تایبەتمەندییەتییەشە وا دەکات زۆرێک لە ڕەخنەگران نەتوانن بەر تێما و ناوەرۆکی شیعریی ئەم شاعیرە بکەون، یاخود ڕەخنەکانیان تەنیا تا سنوری لەمسکردنی فۆڕمی تێکستەکانی بڕۆن و لە ئاستی پەڵپ و بەهانە و خواستی شەخسیدا بمێننەوە، نەک ئاناتۆمی ئۆبێکتیڤانەی تێکستەکانی و شرۆڤەکردنیان بە میتۆدی ڕەخنەگرانە. (وێڕای هەندێک سەرنجم لەسەر زمانی شیعریی و بەکارهێنان و تەوزیفکردنی هەندێک موفرەدەی شیعریی لای داستان بەرزان) ئەمەوێت بڵێم؛ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرە، ئامادەیی و هەبوونی جیهانبینی ئەدەبییە کە لای ئەم شاعیرە هەیە. هەڵبەت مەبەستم لە جیهانبینی ئەدەبی، ڕوئیا و بینینی ئەدەبیانەی ژیانە لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا وەک نەتەوەی کورد، لە لایەن شاعیران و ئەدیبەکانمانەوە، بەڵام بەجۆرێکی هاوچەرخانە و کۆنتێکستوەڵایزکردنی ئەو جیهانبینییە لە ڕێگەی ئەرێکردنی هەندێک تێڕوانین و نەرێکردن و ئیزافەکردنی مانای نوێ و سەردەمیانە بۆسەر هەندێکی دیکەیانەوە، بە پێی ئەزموون و زمان و سەلیقەی شیعریی خۆی، بەبێ زۆرلەخۆکردن و لافلێدانی بێ بنەما و هەڕەمەکییانە. نمونەی حزووری ئەم جیهانبینییەش، تەوزیفکردنەوەی ئەو غەمخۆرییە گەردوونگەرایی و یونیڤێرساڵە مرۆڤدۆستانەیەیە کە لە دونیابینی و ئەزموونی شیعریی مەحویدا هەیە. داستان؛ لە پاڵ هەر توڕەیی و نەفرین و ڕەتکردنەوەیەکدا کە لە مرۆڤ و دیاردەکانی هەیە، هێشتا ئەو دیوە ئینسانی و ژیاندۆستانەیە کە خۆی لە برینداربوونی “خودی شاعیر” دا، بەرجەستە دەکات بە بیرکردنەوە لە پێگە و مەکانەتی مرۆڤانەی ئەویدی، کاتێک لە سنورەکانی مرۆڤبوونی خۆی دەترازێت، وەک ماکێکی پەنهان لە تێکستەکانیدا بە قوڵی ئامادەیی هەیە. ئەمەش نەک هەر نایکاتەوە بە درێژکراوەی مەحوی یان هەر شاعیرێکی ناو مێژووی ئەدەبی ئێمە، بەڵکو وا دەکات داستان وەک شاعیرێکی هاوچەرخ، سەر بە هەمان ئەو جیهانبینییە ئەدەبییە بێت کە لەسەرەتاکانی ئەدەبی ئێمەوە لە فۆڕمی تێکستی ئەدەبیدا وەک بەهای مرۆڤدۆستانە کاریان لەسەر بەرهەمهێنانی مانا و مەغزای ژیاندۆستانە کردووە بە فۆڕمێکی یونیڤێرساڵانە. هەرچی تایبەتمەندی دووەمیشە لە شیعری داستاندا، پەیوەندییەکی دانەبڕاوی بە خاڵی یەکەمەوە هەیە، واتە ئەوەی لای داستان شیعر نابێتە کەرەستەی نمایش و بەرهەمی تیا ژیان و بەرخوردی فەردانییانەی خۆیەتی بە هەڵگرتنەوەی جیهانبینییەکی سەردەمیانەوە لەناو جیهان و جیهانبینی ئەدەبی کوردیدا، وا دەکات جەستە و فۆڕمی شیعری لە ئەزموونی شیعریی داستان بەرزاندا وەک خوانێکی هەمەڕەنگ بۆ بانگهێشت و کۆکردنەوەی جیاوازی و دژییەکییەکان بیچم بگرێت. بە مانایەکی دیکە؛ شیعری داستان بە تەنیا بەرهەمهێنانی ئایدیا و وێنەی شیعری نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەشدا گرتنی فەزایە و هاوکات گواستنەوەی دەنگ و ڕەنگ و زبری و نەرمی و پێکەنین و گریان و هاوار و هێمنی و مەستی و بێخەوی و زۆر بوعد و ڕەهەندی دیکەشە، ئەمەش وا دەکات هەر تێکستێکی ئەم شاعیرە پاژێک بێت لە خودی ژیان خۆی بە کۆی جوانی و دزێوییەکانییەوە. ئەم دوو تایبەتمەندییە لە شیعری داستاندا، وای کردووە لە ڕووی تێکستناسی و ئاستی ڕەوانبێژییەوە ستایلی تێکستەکانی ببنە “سهل الممتنع”، واتە هەم سادە دەربکەون و هەمیش خودی ئەو سادەییە ببێتە ڕێگر لەوەی پەی بەو ناوەرۆک و مانا قوڵانە ببرێت، کە دەکەونە پشتی ئەو موفرەدە و زمانە شیعرییە سادەیەوە، کە زۆرێک پێیان وایە مەودا و کەوشەنەکانی لە زمانی سادەی ڕۆژانە نەترازاوە. لە کاتێکدا ئەو لەناو دڵی ڕۆتین و سەتحیبوونەوەی کۆی دیاردە و دەرکەوتەکانی ژیان لە هەنووکەدا، وەک نیگایەکی ورد سەقاڵی بینینی خاکەڕایانە و شاعیرانەی خۆیەتی، بۆ ئیزافەکردنی مانای نوێ و سەرلەنوێ ناونەوەی شتەکان؛ لەدەرەوەی کڵێشە و پێناسە و قاڵبە ئامادەکان.