448850439_978602244267587_6558607038842679693_n

2024/05/22

چەند سەرنجێک دەربارەی ئاژاوەی بێدەنگ

بەکر عەلی
جارێک و دووجار هەموو شیعرەکانم خوێندەوە و لێوەی هەستم بەهەموو هەستەکانی شاعیرێک کرد، کە وردبینانە خۆی دەرگیری ئەو هەڵوێستە و ساتەوەختە شیعرییانەی ژیانێک کردووە، کە نەوەی نوێی پێوە دەرگیر بووە و ئێمە لێی بێ ئاگاین، بگرە خەڵکانی هەمان نەوەی شاعیریش لێی بێ ئاگان. ئەمە ئەرکی شیعرە، پەی بردن بە شتە ئافەرۆزکراوەکان، ئەوانەی لەگەڵماندان و لەنێوانماندان و کەچی سەرنجیان نادەینێ.
هیچ کام لەو شتانە شتگەلێکی هێندە سەخت و ئاڵۆز و دەرەسروشت نین تا مرۆڤی ئاسایی پەی پێ نەبات، بگرە هەموو ئەو شتگەلە هەموومان بەریان دەکەوین، هەستەکان، پەیوەندییەکان، کارلێکردنەکان، ساتەوەختەکان، کێ بێت بەم دیمەنەدا نەڕۆشتبێت، کەچی پەی بەشیعریەتی دیمەنەکە نەبرد بێت..
دەلەرزم و دەستم لەنێو گیرفانم ناوە
دەڵێم: گەر تۆ دەستت بگرتمایە،
دەستم قەت نەدەبوو بەو باڵندەیەی ئارەزووی قەفەزەکەی خۆی بکات کە گیرفانمە.
یان لە شیعری حەزدەکەم دەربارەى گۆڕی تۆ بنووسم دا زۆر بەڕوونی باسی ئەو وەرچەرخانە دەکات کە چۆن سروشت نامێنێت.. زەوی هەمووی دەبێتە جادە و تژی دەبێت لە ئۆتۆمبێل، پیادەکان نامێنن، شیر نامێنێت، هێلکە نامێنێت، لەبری ئەوەی ئاژەڵەکان سەوزاییەکان بخۆن، بۆمبەکان هەموویان هەڵلووشی.
هەروەها لە شیعری شاعیر لە شتێک هەڵدێت دا، کە باسی سەپاندنی نەریتە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە تا ببێتە تەختە و بزماری نەریت و باوەڕی پێدا داکوتن، بوون بە شاعیر واتە لەوە هەڵبێیت ببیت بە تەختە، واتە بگەڕێیتەوە بۆ منداڵی.
هەموومان لەژێر جەبری ئەو نەریتانەداین کە شاعیریەت بوونمانیان زەوت کردووە.
شاعیریەتبوون مانای ئەوە نییە هەموو کەس ببێت بە شاعیر،بەڵکو مانای ئەوە نەفەسێکی شیعرییانە، هەستێکی ئاکارییانە،دیدێکی هونەرییانە لەوپەڕی تەنگانەبووندا هەر بپارێزین.
ئێستا دەزانین مرۆڤەکان هەستێکیان فەرامۆشکردووە، ئەویش هەستکردنە بەهەستەکان. شاعیرەکانیش شیعرێکیان فەرامۆش کردووە، ئەویش شیعریەتی هەستەکانە. ئەوانەی شیعر دەنووسن، شیعرێکیان فەرامۆش کردووە، بەشیعریکردنی ئەو ساتەوەختانەی مرۆڤ پێویستی بە شیعریەتی دەستگرتنێکە و پێی ناگات.
کۆی شیعرەکان زۆر ڕوون و ساکار توانیویانە ئەو لەحزە شیعرییانە بگرنەوە کە هەم بەسەر خودی شاعیردا هاتوون و هەمیش بەسەر خەڵکانیتردا. لێرەوە تێبینی ئەوە دەکەم ئەم دەنگە شیعرییە دەنگێکی نوێیە، سەر بەهیچ کام لە شاعیرانی پێش خۆی نییە.
لەنێو هەموو شیعرەکانیدا من ئەم شیعرەم لا پەسەندتر بوو… سەبارەت بە لەدایکبوونەوە، بە تۆفانەکە بە تۆ…
سەبارەت بە لەدایکبوونەوە، بە تۆفانەکە، بە تۆ
ڕاهۆز کامەران
پاژێک لە شیعرەکە
سەبارەت بە ڕێگاکان
کە لەمێژە پاڵەوانەکان پیایدا ڕۆیشتوونەتەوە
سەبارەت بە نینۆکەکانت کە لەناو زامەکانمدا جێ ماون
سەبارەت بە گوێیەکانت،
گوارەکانت،
بە زمانت کە لەنێو زاری منت نابوو.
سەبارەت بە ئاگردانەکان
چیرۆکەکان
پاڵەوانەکانی نێویان
بە بەلەمە زۆرەکان کە بە شازادەکانەوە ڕۆیشتن و
نەگەڕانەوە
لە خۆم دەپرسم!
وەڵامەکان
بێ لە بۆشاییی
دەریاکان، بێ لە ماسیی نائاشنا
خەونەکان، بێ لە داچڵەکین
هیچیان
هیچ نەبوون و
هیچ نین و
هەرگیز هیچ نابن.