448630317_978602744267537_981270353960210956_n

2024/05/14

لەبارەی کتێبی ئاژاوەی بێدەنگ

حسێن لەتیف

نامەیەک بۆ ڕاهۆز کامەران – لەبارەی کتێبی ئاژاوەی بێدەنگ

هاوڕێم سڵاو :
خوێندنەوە لای من هەوڵێکە بۆ قەرەبوو- کردنەوەی ئەو ژیانەی دەبوو بژێم و نەژیام.

هەموو جواننووسەکانی دونیا بە هاوڕێی خۆم دەزانم، سەر بەهەرچ کولتوور و زمانێک بن، چ جای گەنجێکی پڕ وزە بێت ، لەم نزیکانە.

دەقە جوانەکان خوێنەری خۆیان دەدۆزنەوە.، وەک من کەدەقەکانت ژێر پێستی خۆمیان نیشانداوم.

چێژ و جوانیی تەنها لە شتە باق وبە بریق و زەبەلاحەکاندا نییە، زۆرجار لە شتە بچووک و وردەکاندایە.

مەرج نییە هەمیشە بۆ جوانیی بینین بڕۆین بۆ خاکی دوور و سەر زەمینی دوور، زۆر جار جوانیی لە تەنیشتماندایە.

چەندین جار ڕێکەوتووە نائومێدبووم لە خوێندنەوەی دەقیی خۆماڵیی، ئەمساڵ دەقی خۆماڵیم زۆر خوێندەوە، زۆر نائومێدبووم لەدەقی بێ گیان و بێ خوێن، بەڵام ڕاهۆز نەیهێشت ئەو نائومێدییەم درێژە بکێشێت.
ڕاهۆز گیان، چاک لە بیرمە جارێک بەشداریی فێستیڤاڵی گەلاوێژت کرد بەد ەقێک بەناوی ( بۆق و ماسی و جەنگ و بیرکردن) ، من و تۆ پیاسەیەکمان لە حەوشە جوانەکەی هۆڵی تەواردکرد، مەستبووین بەباسی شیعر و جوانیی، هیچ شتێکی دەوروبەر سەرنجی ڕانەدەکێشاین. لەو ئێوارە درەنگەی پایزدا، وتم : (گوێ بەخەڵات مەدە، ئەو دەقی نووسیووتە باشترین خەڵاتی خۆتە،کردوتە).
بەهێمنییەکی لەڕادەبەدەر وتت:( کاک حسێن ئەو سەرنجەی تۆ خەڵاتە ).
ڕاهۆز گیان ، گەرچی بەدەگمەن یەکترمان بینیوە و یەکتر دەبینین، من و تۆ هاوڕێین گەر ڕازی بیت، هاوڕێی شیعر و جوانیی. ئەم شیعرانەی تۆ باڵانسی پەیوەندی منیان بە ژیانەوە هاوسەنگ کردەوە. لەدوای دیوانی” لەغوربەتا”ی ژەنەراڵی پایز و “باخچەکانی باوکم”ی ئازاد سوبحی ، ئەم کتێبەی تۆ تاکە کۆمەڵە شیعرێکە هێندە لەگەڵیدا ژیابم و لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا سێجارم خوێند بێتەوە. بەهیوام بە بێ غەدر لێکردن، ڕۆژێک ئاوڕ لەم کۆمەڵە شیعرەت بدەمەوە. سوپاس بۆ ئەو هەموو جوانییەت.