سەبارەت بە کتێبی وێژان
سۆران ساڵح
سەرەتا دەمەوێت سوپاسی وەشانیی نووسیار بکەم کە وەک هەمیشە بەدوای وزەی گەنجانەوەیە و تایبەت تر بۆ دۆزینەوەی بەرهەمە دەگمەنەکەی ئارام حاجی، ئەم بەرهەمە دەگمەن و زیاتر لە گرنگەیان لە تارییکاییەوە گواستەوە بۆ بەردەم ڕۆشنایی دیدەی خوێنەران.
ئەم کتێبە کە لەئامادەکردنی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی (ئارام حاجی)یە،کە وتووێژە دەربارەی شیعر لەگەڵ شاعیران و لێکۆڵەران و وەرگێڕەکانی پاش دووهەزار.
ئەوەی گرینگە لە سەرەتا دا بیڵێم ئامادەکردنی ئەم کتێبە کارێکی ئاسان نییە،چونکە تۆ دەبێت پرسیار درووست بکەیت دەربارەی شیعر،وەرگێڕان،لێکۆڵینەوە لە شیعر،
وە هەروەها پەیوەندییەک درووست بکەیت بۆ پرسیارکردن
چونکە بەشداربووان لە هەرچوار پارچەی کوردستان
بەشداران لەم وتووێژە.
سەرەتای ئەم کتێبە بە باسکردن لە میتۆد و ڕەخنەی نوێ دەستێدەکاتن،ڕوونە هەموومان دەزانین ئێمە لە ڕووی ڕەخنەی شیعری هەژارین و مێژووی ڕەخنە لەلای ئێمە زۆر کۆن نییە،نووسەر هەست بەم بۆشاییە دەکاتن و
دەیەوێت ڕەخنەگرمان پێ بناسینێ و پێمان بڵێ
ئیشی ڕەخنەگر چییە بۆ کارکردن و هەڵسەنگاندنی دەق
بۆچوونەکامان بۆ شی بکاتەوە،ئایا ڕەخنەگرەکان
دەتوانن خۆماڵیانە ڕەخنە بگرن؟
لە شوێنێک بەر وەڵامێکی جوانی پرسیارێک دەکەوین
دەربارەی ئایا شتێک هەیە بەناوی ڕەخنەی نوێ؟
ئەگەر هەیە جەخت لەسەر چی دەکاتەوە لەناو دەقی ئەدەبی هاوچەرخدا؟
-ڕەخنەی نوێ جەخت لە خوێندنەوەی وردتر دەکاتەوە
داوا دەکات ڕەخنەگر دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە
چاوی لە شیعرەکە بێت نەک شاعیرەکە.
نووسەر هەست بەم گۆڕانە خێرایانە دەکاتن لەسەر شیعر
دەزانێت هەندێک شیعر کار لەسەر زمان یان وێنە یان هیچ ڕەگەزێکی شیعر نووسین بە شێوەیەکی گشتی ناکات
بەڵکو شاعیر ئەو ڕووداوانەی دەیان بینێت یان گوێی لێ دەبێت تۆماریان دەکاتن و دەریان دەبڕێت
کە منیش پێم وایە مەبەستی شیعری کورتە بێگومان هەمووی نا.
ئەو نووسەرانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە،هەموویان خاوەن مەعریفەی بەرزن و بە ئاگان،دەربارەی شیعر و مێژووی شیعر
باسکردن شیعری کلاسیکی و بەروادکردنی ئەو کەرەستانەی لەنێوان شیعری کلاسیکی و شیعری هاوچەرخدا
چۆن وشەکان گۆڕانکاریان بەسەر دا هاتووە
لە ڕۆژهەڵات شیعر لەسەر دەستی سوارە ئیلخانی زاده و چەند شاعیرێکی تر نوێبووەتەوە، لە باشووریش گۆران و چەندانی تر،ئەوەی دەبێت بیزانین ئەو نوێبوونەوە
هەروا بەئاسانی نەکراوە بەڵکو ئاگاییان هەبووە
لە شیعری شاعیرانی دەرەوە و شیعری دەور و بەریش.
قسەکردن لەسەر ئەدەبی ئیسلامی و لەقاڵبدانی شیعر و
تەسک کردنەوەی لەدوای ئیسلام، ئەو ڕەتکردنەوەی یەکترییە لەنێوان و ئیسلام و ڕۆژئاوا،کە هەرکەیان یەکتری بەدوا کەوتوو دەزانن،ڕۆژئاوا ڕەخنەی ئەوەیە کە ئەدەبی ئیسلامی ئەدەبێکی دوا کەوتووە چونکە خاڵییە لە داستان و چیرۆک و شانۆ، لەوەڵامدا ئیسلامییەکان پێیان وایە ئەو جۆرە ژانەرانە بە کلتووری ڕۆژئاوای بتەپەرستییە بەندن.
وە هەروەها قسەکردن بە شێوەیەکی گشتی لەسەر
شیعری سۆفیگەری و بەستنەوەی بەتەریقەتەکانی وەک
نەقشبەندی و قادری،ئەو وێنەی لەمێشکی ئێمەدا هەیە
ئایا شیعری سۆفیگەری مەرجە شاعیرێکی ئاینی بینووسێت یان ئەوانی تریش دەتوانن بینووسن کە سۆفی نین
بەستنەوەی شیعری هاوچەرخ و سۆفیگەری کە هەردووکیان
لەوە یەک دەگرنەوە کەبەرە و جیهانێکی نەبینرا و کەشف نەکراو دەڕۆن.
تایبەندمەندییەکانی شیعری سۆفیگەری چین؟
لێرە بەر هەموو ئەو دونیا فراوانە دەکەوین کە لەناو شیعرەکانی ئەوان بەدی دەکرێن.
بەچ دەقێک دەڵێین دەقی داهێنەر؟
مەرجەکانی دەقی داهێنەر چین؟
لێرە نووسەر کەخۆی پرسیارەکە ئاراستە دەکات
بەر لەوەڵامەکەی پێمان دەڵێت دەقی داهێنەر چییە
ئەوەیە کە پەیوەندی و لێکچواندنی لەگەڵ هیج دەقێکی پێش خۆی نەبێت،گەر هەشی بێت تەنیا بۆ ئەوەی فراوانتر بیر بکاتەوە، لەڕووی زمان،بیر،وێنە،خەیاڵ،واقع.
بۆجی ناڵی پێی دەوترێ داهێنەر؟ لەکاتێکدا هەمان کەرەستە و ئەو کێش عەرووزییانەی بەکارهێناوە کە شاعیرانی تریش بەکاریان هێناوە! زمانەکەشی هەمان ئەو زمانەی سەردەمەیە
کە،پڕ بووە لە وشەی کوردی و فارسی و عرەبی
چونکە شێوازی دەربڕین و ئاراستەکردن زۆر گرینگە
ئیشی شاعیر نییە بۆ هەموو بۆنە و موناسەبەیەک شیعر بنووسێت،بەڵام دەتوانێ بە بێدەنگی ئیش لەسەر ڕووداوێک بکاتن و دەقێکی داهێنەریش بنووسێت.
ئەوەی لەم کتێبە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام
کردنەوەی ئەو بابەتەیە بۆچی شیعر لەگەڵ ئەو تەمەنە درێژەی کەهەیەتی کە مێژوویەکی درێژە
نەبووینە ژانەرێکی پڕ خوێنەر بەشێوەیەکی گشتی
هەمووان وەک شتێکی ڕۆتینی ڕۆژانە لەگەڵی بژین
دووبارە دێمەوە سەر ڕەخنە،من وەک خوێنەرێکی ئەم کتێبە نووسەر و ئەو نووسەرەی پرسیارەکەشی ئاراستە کراوە
دەربارەی ڕەخنە پرسیاری زۆرمان هەیە
لە شوێنێک کە نووسەر دەپرسێت
ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە چ ئاستێکدایە؟بەروادکردنی بە وڵاتی بێگانە دەبێت؟ ئایا وڵاتانی بێگانە ئاگاداری ڕەخنەی شیعری کوردین؟
فازیل شەوڕۆ کەپرسیارەکەی ئاراستە کراوە ڕەخنەی کوردی
بەچوار قۆناغ دابەش دەکاتن،کە قۆناغی یەکەم
لە حوجرەی مزگەوتەکان و دیوەخانەکان دەست پێدەکاتن
قۆناغی دووەم کە لەدوای گروپی ڕوانکە
قۆناغی سێیەم لەپێش ڕاپەرین و
قۆناغی چوارەم لەدوای ڕاپەرین تا وەکوو سەردەمی ئێستا.
ئەو لاوازی ڕەخنەی شیعری کوردی بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە
کە ڕەخنە گرەکان ئەوەندەی خەریکی سەپاندنی تیۆری ڕەخنەیی یان قوتابخانەیەکی ڕەخنەیین ئەوەندە خەریکی کەشفکردنی جەوهەری دەقەکان نین،پێشی وایە
ئاستی ڕۆشەنبیری ڕەخنە گرەکان وەکو پێویست دەوڵەمەند نییە لە ڕووی مەعریفییەوە.
ئەوەی لێرە هەیە شاعیرەکانن بە کاری ڕەخنه هەڵدەستن و
وەکوو پێویست نییە.
بڵند باجەڵان کە یەکێکە لە شاعیرانی پاش دوو هەزار
لێره وەکو لێکۆڵەر دیمانەی لەگەڵ کراوە،زۆر جوان
قسە لەسەر شیعر و شیعری پاش دوو هەزار دەکاتن و دەڵێت:
چێژی دەق پەیوستە بە پرسیاری قووڵەوە
ئەوەی پرسیاری قووڵ ناکات لەناو دەقدا
لەزەتی زۆریشی لەناو وەڵامی خوێنەر دەست ناکەوێت.
ئەو پێی وایە هۆکاری نەمانی لەزەت لەشیعری گەنجان
ئەوەیە کە هەڵگری ڕەخنە نین واتا بەچاوێکی ڕەخنەوە
ناڕواننە دەقەکان،ئەو ئەوەش ڕەت دەکاتەوە
کە نووسەر هەیە دەڵێت: گرینگ بۆم دەخوێندرێمەوە یان نا
باسی کۆمەڵێک لە شاعیران دەکاتن کە لەدوای
ساڵی دوو هەزارەوە توانیویانە بەو گۆڕانکاریی
له زمان و فۆڕم و تەکنیک کردوویانە تێکشکانێکی فروان
لە مانا درووست بکەن.
وە پێشی وایە شیعری ئێستای گەنجان بەتایبەت
شیعری پاش 2010 دووبارەکردنەوەی هەمان هەناسە شیعرییەی دوای 2000.
دەربارەی قسەکردن لەسەر شیعر و شیعر نووسین
ئایا هەمووکەس دەتوانێ شیعر بنووسێت یان قسە لەسەر شیعر بکات؟ کە نووسەر ئەم پرسیارە زیرەکانه بە پرسی ئازادییەوە دەبەستێتەوە.
پێشڕەو عەبدوڵا پێی وایە کارێکی سەختە هەمووکەس
قسە لەبارەی شیعرەوە بکات یان بینووسێت
چونکە خودی شاعیرەکانیش زۆر جار ناتوانن دەربارەی شیعر بدوێن،شاعیر هەیە سی ساڵ ئەزموونی هەیە
کەچی ناتوانێ دەربارەی شیعر شتێکی ئەوتۆ بڵێت
یان گوزارشت لە شیعر بکات بەشێوەیەکی ئاسایی.
ئەو باسی دوو نووسەر دەکات کە شاعیر نەبوونە و
ویستویانە لەبارەی شیعر بدوێن.
بەکر عەلی کە کۆمەڵێک وتاری نووسیوە دەربارەی
شیعر و بوون،ئەو پێی وایە جەوهەری شیعر بریتییە لە زمان
لە ڕاستیشدا زمان ڕەگەزێکە لەبەردەم شیعر.
دوای ئەو ڕێبوار سیوەیلی هات و پێی وابووە
شیعر خەیاڵە و لەخەیاڵی ڕاستی جودای کردۆتەوە
ئەویش نەیپێکاوەچونکە خەیاڵیش ڕەگەزێکە لەبەردەم شیعر.
وەک چۆن هەموون ناتوانن لە بارەی شیعرەوە بدوێن،هەمووانیش ناتوانن ببن بە شاعیر
وەک فروغ دەڵێ:زۆر شاعیر دەناسم تەنها لەکاتی
نووسین شاعیرین،ئەو نموونانەمان زۆرە
بوونە شاعیر قوربانی دەوێت،چونکە مرۆڤ لە واقیعدا
دادەبڕێت و تێکەڵی دونیایەکی جیاواز دەبێت
کەواتە شیعر تەنها شیعرە خۆی پارێزگاری لەخۆی دەکاتن و
بەو ئەو هەموو کۆد و نهێنیانە کە هەیتی
دەرگا لە هەموو کەس ناکاتەوە.
دەربارەی وەڕگێڕان پرسیاری زۆر هەیە
پێش هەموو شتێک وەرگێڕان تەنیا زمانی دووەمی پێویستە؟
ئایا وەرگێڕان چێژی هەیە؟
وەرگێڕ چ تەکنیکێک بەکار دێنێت بۆ وەرگێڕان؟
وەرگێڕ چ پاڵنەرێکی هەیە بۆ وەرگێڕان؟
ئەمانە هەمووی پرسیارن،وەرگێڕ بەر لەهەمووشتێک
پێویستە کەسێکی خوێنەر بێتن و بەباشی هەست
بە بەرپرسیارەتیش بکات،وەرگێڕ پێویستە کەسێکی
دونیا دیدە بێتن،ئەمە یارمەتی باشی دەدات بۆ ئەوەی
بەفراوانی بەر شوێن و کات و زۆرجار ڕووداوەکانی ناو تێکستێکی بیانی بکەوێت،دونیای وەرگێڕان دونیایەکی
گەورەیە،من پێم وایە پێش هەمووشتێک پێویستی بەخۆشەویستی هەیە بۆ وەرگێڕان
بیرشمان نەچێت وەرگێڕ دەبێت بزانێت چی وەردەگێڕێت
چونکە وەرگێڕان خزمەتکردنە بە هەردوو زمان.
گەورەترین مەترسی چییە لەسەر شیعری ئەمڕۆ؟
شیعر لەهەموو کات و سەردەمێک،قسەی خۆی هەبووە
زۆر جار بۆ بەرژەوەندی گروپ وحیزب و ئایدیا بەکارهاتووە،بەڵام توانیەتی ئەو بەربەستانە تێپەڕێنێت
رزگار جەباری کە یەکێکە لەشاعیر و بەشدابووی ئەم کتێبە گەورەترین مەترسی سەر شیعر بەمە دەستنیشان دەکات،کەزۆر جار دەڵێن: شیعری ئەمڕۆ هیچ نییە
ئەو هیچ نییە هەموو ئەو شیعرە باشەنەش ڕەتدەکاتەوە.
کە بڕیارێکی نەرێنی گشتییە و مەترسیەکی گەورەشە.
ئەم کتێبە خوێندنەوەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت
ئەوانەی دەیانەوێت دەربارەی لێکۆڵێنەوە،وەرگێڕان
شیعری پاش دووهەزار، زانیاریان هەبێت لەم کتێبە
زۆر سوود وەردەگرن.
ناوی کتێب: وێژان
بابەت:وتووێژ لەبارەی شیعرەوە لەگەڵ لێکۆڵەر و وەرگێڕ و شاعیرانی پاش دووهەزار
سازدان و ئامادەکردنی: ئارام حاجی
وەشانی: نووسیار
چاپی یەکەم: 2023