نووسین به تیشكی ئه‌ستێره
سەردار قادر
2-2
نۆڕێ وه‌ك دێڕێكی سپی بۆ خه‌ونی نیشتمان، وه‌ك بارانی ڕووت، وه‌ك سه‌ره‌تای شیعرێكی بزێو، وێنه‌یه‌ك به ڕووتی ده‌گرێت له باوه‌شی كازیوه‌دا، له‌ته‌ك كۆڕاڵی بادا ده‌ستله‌ملانی یه‌كترده‌بن!
له‌لاپه‌ڕه (246)دا ده‌ڵێت
(تۆ به عه‌تری تیژ
ڕۆژه‌ڕێیه‌ك ده‌ڕوا بۆنت،
منیش به‌سووتان!)
بێگومان بیركردنه‌وه له هایكویه‌كی ناسك و جوان، خۆی له‌خۆیدا ئافراندنی فۆڕمێكی تری شیعریی سه‌رکه‌وتووه. نۆڕێ توانیویه‌تی له‌م هایكوه‌دا په‌یامێكی عاشقانه سازبكات، به فۆڕمێكی نوێوه بێته گۆڕه‌پانی ئەدەب. جا بۆیه به هه‌موو قووڵایی هه‌ستییه‌وه ده‌ڵێت: “تۆ به عه‌تری تیژت، ڕۆژه‌ڕێیه‌ك بۆنت ده‌ڕوات و منیش به سووتان.” لێره‌دا نۆڕێ ئاڵای سه‌ركه‌وتنی ده‌شه‌كێته‌وه له ئاسمانی ئه‌ده‌ب و وێژه‌دا. وه‌ك شاعیرێكی دڵ‌سپی دێته گۆ و مه‌عشووقه‌كه‌ی ده‌چوێنێت به هه‌وه‌ڵ وه‌نه‌وشه‌ی به‌هار و ئیدی له ڕوئیای خۆیدا یار بۆنی گوڵی باخان و دارستانی لێ ده‌تكێت. خۆیشی جگه له سووتان و بۆنی چه‌ڕه‌دووكه‌ڵی دڵی كه‌بابیی، هیچی تر نییه! دڵنیام نۆڕێ وه‌ك شاعیرێكی ڕچه‌شكێن، گه‌شانه‌وه و بۆنی په‌رچه‌می یاری قبووڵه، بۆیه زیره‌ك‌ئاسا.. ده‌ڵێت: یار هێنده بۆنی خۆشه، “وه‌ك مێخــەکبەن دەڕوا بۆنی.”
به ده‌ركه‌وتنی یار، هه‌ست ده‌كات لە گشت لایەکەوە بۆنی عه‌ترێكی تیژ دێ!
ئه‌م عه‌تره -با- دەیبات و سروه ده‌یبات و شه‌ماڵ ده‌یبا و وه‌ك بۆنی شه‌كره‌كچێك، به شه‌و و به ڕۆژ، كۆڵان به كۆڵان و شه‌قام به شه‌قامه‌كانی شار، سیخناخ ده‌كات له بۆنی ئه‌گریجه و په‌رچه‌م. بۆنێك؛ خۆشتر له بۆنی نێرگسه‌جاڕێكی به‌رهه‌تاوی نیسان،
بۆنێك؛ مه‌ستانه‌تر له گوڵه شه‌وبۆی به‌ر مانگه‌شه‌وی جۆزه‌ردان.
ته‌نانه‌ت هه‌موو دڵێك، له سایه‌ی ئه‌م عه‌تره‌دا، هه‌ست به نوێبونه‌وه‌ی ژیان ده‌كات. به‌ڵام جگه له نۆڕێی دڵسووتاو، كه په‌روانه‌ئاسا بۆكڕوزی فرسه‌خێك ڕێ ده‌ڕوات، به ناو دڵی شه‌ودا و گوزەرده‌كات!
لە هایكوی لاپه‌ڕه (251)دا ده‌ڵێت
(به‌یانیان
خوناوت لێده چۆڕێ و
منیش خوێناو!)
نۆڕێ له‌م هایكویه‌دا؛ به‌شێوه‌ی پارادۆكس هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێت. واته به‌شێوه‌یه‌كی دژوازیی، بە دژوارییەوە له قووڵایی ڕۆحییه‌وه هاوار ده‌كات. هاوارێك؛ له توخمی هه‌وره‌تریشقه. هاوارێك له زرنگانه‌وه‌ی ناقووس له ناو -با-دا، تا مه‌عشووقەكه‌ی تێبگه‌ینێت، له‌نێوان ئه‌و و خۆیدا چ جیاوازییه‌كی دژبه‌یه‌ك هه‌یه.
گه‌ر بوخچه‌ی دڵی هه‌ر عاشقێك بكه‌ینه‌وه، ده‌بینین لێوان‌لێوه له هه‌ستی خۆشه‌ویستی و ئه‌وین، مه‌راقێك به‌سه‌ختی هانی ده‌دات، هه‌رچیی له دڵدایه هه‌ڵی ڕێژێت و بە نووکی خامه بیانخاته سه‌ر پەڕە.
هەر بۆیە له‌م هایكویه‌دا، نۆڕێ سه‌رنج لە سەر ئەوە هەڵدەچنێت کە مەعشووقەکه‌ی هێنده ته‌ڕ و له‌باره، وه‌ك ئاونگی به‌یانیان، هێشوو هێشوو بریسكه‌ی لێده‌ڕژێت. یاخود وه‌ك شه‌ونمی شه‌و پڕپڕه له ئه‌فسوونی جوانی و ناسكی و مه‌ستبوون. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی خۆیه‌وه كه خوێناو له‌به‌ری ده‌ڕوات! ئای له‌م هایكویه! نۆڕێ چ پارادۆكسێكی جوانی ئافراندوه!؟ ئاخر خوناو له‌كوێ و خوێناو له‌كوێ؟! دیاره شاعیر ده‌یه‌وێ بڵێ:
خوناوێك لە باران تۆیت، ئه‌ی یار. خوناوێك كه پڕپڕە لە نۆتەى مۆسیقا. پڕپڕه له سترانی ڕێژنه‌بارانی به‌هار. پڕپڕه له نوێژی شه‌ونم و گه‌ڵا. به‌ڵام له‌ولاشه‌وه به یار ده‌ڵێ: ئه‌فسووس، ئه‌وه تۆی كه بێ ئاگای له‌و عه‌شقه به‌تینه‌ی كه بووه به سوورایی خوێنم. له هه‌ر ترپه‌یه‌كدا، جۆگه‌له‌یه‌ك خوێناوم له‌به‌ر ده‌ڕوات. به‌ڵام، لێگه‌ڕێن با من ده‌ستی ئه‌م ئازارانه بگرم و بڕۆم و به ناو ده‌یجوردا تێپه‌ڕم. ئه‌ویش ته‌نها له‌پێناو قاقا و پێكه‌نینی تۆدا، سه‌ر و گیانم دابنێم. چونكه عاشقبوون و شاعیری جگه له هه‌نسك و هه‌ناسه‌ی سارد، چی بۆ ده‌مێنته‌وه؟! عه‌شق؛ واته ده‌رده‌ڵ له‌گه‌ڵ سووتان، له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا دڵخۆشم به‌وه‌ی كه هه‌موو ساتێ ده‌لاقه‌ی چاوه‌كانم به‌ره‌و ئاسمانی جوانییت واڵاده‌كه‌م. به‌ڵام ئازیز، هه‌رچه‌ند دوورم لێت، جوانییه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ سووڕی خوێنی له‌شمدا، كۆپییه‌كی عه‌شقی تۆیه و ته‌نها خوێناوی لێ‌ده‌چۆڕێته‌وه!
(گوڵبه‌ده‌من،
گوڵاو له زاریان ده‌تكێ؛
كچانی سنه!)
ئه‌گه‌ر ئه‌و خوێنه‌ره‌ی هه‌تا ئێستا له جوانی و ئه‌فسوونی شیعری هایكو نه‌گه‌شتبێ، ئه‌وا دڵنیام به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م پۆله وشانه لە هایکودا، ڕاده‌چه‌نێ له خه‌وی قووڵ و هه‌ست ده‌كات به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی هایكو، دڵی فێنك‌فێنك ده‌بێته‌وه. پاشان بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ كتێبی “كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق”دا په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رموگوڕ ببه‌ستێت. یان به‌جۆرێك ئالووده‌ی هایكو بێت، خۆشی بخاته گڕوگاڵ. ئه‌وسا ده‌ست‌وپه‌نجه نه‌رم بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ژانره‌دا، تا جوانترین هایكو بنووسێت و بخوڵقێنێت. ئیدی له‌گه‌ڵ هایكو به‌جۆرێك ببنه ئاشنای یه‌كتری، وه‌ك دوو هاوڕێی گیانی‌به‌گیانی بن و یه‌كتریان خۆشبوێت. یان هیچ نه‌بێت چاو له “نۆڕێ” بكات.. سرکێتی و سێڵاوی هۆش بناسێت، شه‌یدایانه ئاگای له جیاوازیی تاک ده‌نگی و چه‌ند ده‌نگێكی ده‌ق بێت. زۆر به‌سه‌لیقه‌وە شاره‌زای مۆسیقای ده‌روونی و ده‌ره‌کیی شیعری هایكو بێت. ژیرانه گه‌مه و ده‌ستبازیی زمانیی زۆر به‌جوانی ده‌رک پێ بكات.
نۆڕێ له هایكۆی لاپه‌ڕه (266)دا ده‌فه‌رمووێ:
(گوڵبه‌ده‌من،
گوڵاو له زاریان ده‌تكێ؛
كچانی سنه!)
وه‌ك چۆن هه‌ڵه‌بجه کەشکۆڵێکە پڕ لە یادەوەری و پێكه‌نینی هه‌نار. وه‌ك چۆن سنه تەواوی چیرۆكی عه‌شقی كچانی شاری لە هەناوی خۆیدا حەشارداوە. وەک چۆن كۆبانێ به هه‌لهه‌له‌و تریقه و قاقای سه‌ركه‌وتن ناسراوه. وه‌ك چۆن ڕانیه به نیشتمانی نه‌وڕه‌سه‌كان ناسراوه، یان قاهیرە بە ئەهرام و پاریس بە بورجی ئیڤڵ ناسراوه، به‌ڵام “نۆڕێ” سه‌ركێشانه هەناوی ئه‌و دیرۆكه هه‌ڵداداته‌وه، به گه‌ردوون ده‌ڵێ: (گوڵاو له زاریان ده‌تكێ؛ كچانی سنه!) كه‌واته كچانی سنه وه‌ك كچانی پاریس فه‌لسەفه‌ی ماچ و باوه‌ش ده‌زانن، بە زمانی گوڵ دەدوێن و گوڵاو دەتکێنن. بۆیه نۆڕێ وه‌ك سیمبوڵ ناسنامەی كچانی سنه له قه‌ڵه‌م ده‌دات. دیاره له خۆڕا نییه “نۆڕێ” به‌م جۆره دێته زمان، سەرسام و حه‌یران بووه به پەیڤی شیرینیان و نەرمونیانیی گفتوگۆیان، بە شه‌هدی شه‌كری لێوی كچانی سنه.
پێده‌چێت ئه‌وان له‌جیاتیی قسه‌كردنی ئاسایی، گۆرانی و ئاواز له زاریان بتكێ. ئه‌وه‌تا ده‌بینین “نۆڕێ” وه‌ك قه‌ڵه‌مێكی به‌بڕشت و کاریگه‌ر، به هه‌ستێكی پاک و بێگه‌رده‌وه، له گۆڕه‌پانی هایكو و ئه‌ده‌بدا، ئه‌سپی حه‌ز و تاسه و کۆششی تاوده‌دات و به‌رده‌وامە له نووسینی شیعر و داهێنانی نوێ لە هایکودا. به بیرێكی به‌رزه‌وه پڕ له چریكه‌ی مۆسیقا به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه له قووڵترین كانگای حه‌ز و خۆشه‌ویستییه‌وه، فه‌رهه‌نگی خاك و خه‌ڵك و ئه‌وینی كیژانی كورد، ده‌گه‌یه‌نێت به گوێچكه‌ی جیهان.
دیارە “نۆڕێ” لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨‌دا بە مەبەستی بەشداربوون لە پێشانگایەکی هونەریی شێوەکارییدا، سەردانی “شاری سنە”ی کردووە و لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی ئەو شارەدا ماوەی هەفتەیەک سەردانی شوێنە جیاجیانی شارەکەی کردووە و لەگەڵ خەڵکی شارەکەشدا “سنە” گفتوگۆیان هەبووە…
(٩)
لە هایكوی لاپه‌ڕه (291)دا ده‌ڵێت:
(ئۆخه‌ی
هێشتا ژیان جێی دڵخۆشیه
قۆڵم له قۆڵی كووپێكه!)
باشترین دۆخی مرۆڤ، ئەو کاتەیە کە هەست به به‌خته‌وه‌ریی خۆی ده‌كات. پارچەکانی ڕۆحی خۆی به خه‌نده‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، موچڕكی ئۆخه‌ی کە لەو سەری دەروونەوە وەک ته‌زوویه‌ك ده‌نێرێت بۆ ده‌ماره‌كانی خوێنی. ئیدی تەواوی جەستە پێت ده‌ڵێت: تۆ ئێستا دڵخۆشترین بوونەوەری سه‌ر زەوییت. ئیتر هەنگاوەکانت و لێدانی دڵ و ئاماژەکانت و جووڵەکانت، وشە و دەربڕینەکانت و نیگاکانت زیاتر به‌هێزتر ده‌بن.
کاتێک لێت ده‌پرسن: چی ڕووی داوه؟ كه به‌م جۆره دڵت خۆشه! ئه‌وسا زۆر بە دەنگێکی نه‌رم و خۆش ده‌ڵێیت: ژیان به‌و جۆره‌ش سه‌خت و ئاڵۆز نییه، وه‌ك هه‌ندێ كه‌س ده‌یڵێن. ئه‌وه‌تا، من ئه‌مڕۆ قۆڵم له قۆڵی كووپێكه.
نۆڕێ‌ـیش؛ یه‌كێكه له‌و مرۆڤه دڵ‌سپییانه‌ی كه به‌و هه‌موو ئازارانه‌ی ژیانه‌وه ماندوو نه‌بووه، كه‌چی هێشتا ئه‌و زیاتر توانای دەربڕینی ئازارەکانی بۆ ژیان هه‌یه. چونکە تەواوی جەستە و زمانی و ڕۆحی خۆی له مێژه‌وه ئازاد كردوه.
کاتێک کە كووپێك چا یاخود قاوه به ئاسوده‌یی نۆش ده‌كا، خۆشییه‌ك سه‌رتاپا هه‌موو بوونی داگیر ده‌كات و ئیدی بێ باكه له گشت قه‌یرانه‌كانی ژیان، له دڵه‌وه بزه ده‌خاته سه‌ر لێوه‌كانی. به‌جۆرێك خۆی نیشان ده‌دا، كه‌ئه‌نه‌ما هیچ ڕووی نه‌دابێت. پاشان دێ به چه‌ند وشه‌یه‌كی ئاوریشمین لێوان‌لێو له خۆزگه و ئۆخه‌ی، هه‌رچیی دڵه ڕاوكێی و گومان هه‌یه، له خۆی دووریان‌ده‌خاته‌وه.
(١٠)
له لاپه‌ڕه (297)دا ده‌ڵێت:
(شاخی دوو كه‌ڵه‌ئاسك،
چوونه‌ته‌یه‌كدا و جیانابنه‌وه؛
په‌نجه‌كانمان!)
شاعیری هایکونووس له‌م هایكویه‌دا، به دڵێكی پڕ له هه‌ست و خه‌یاڵێكی ناسک و جوانه‌وه، چوونه‌ناویه‌كی په‌نجه‌كان به چوونه‌ناویه‌كی شاخی دوو كه‌ڵه‌ئاسك وێنا ده‌كات. ده‌ست له‌ناو ده‌ستی دوو دڵدار، له نێوان كچ و كوڕێكدا، تاكه هێمای خۆشه‌ویستی و ئه‌وینی نێوان ئه‌و دوانه‌یه، كه به هه‌ستێکی ئه‌ویندارانه‌وه، چێژ و له‌زه‌ت ده‌ده‌ن به ڕۆحی یه‌كتری. ئه‌م چێژه هه‌ر له ده‌ستگوشینه‌وه تا هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه و ترپه‌ی دڵ، به‌رقه‌راره له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكدا، به‌ڵێن بۆ یه‌كتر دووباره ده‌كه‌نه‌وه، تا مردن هی یه‌ك بن. هه‌ر بۆیه وێنه و خه‌یاڵ له دووتوێی ئه‌م هایكوه‌دا، ده‌بێنه به‌رهه‌مێكی ڕۆمانتیكیی سرت و به‌ئاگا و وروژێنه‌ر، بۆیه له‌ناو هزری هایکونووس/شاعیردا، شاباڵی خه‌یاڵ ده‌گاته لای زێدی دوو كه‌ڵه‌ئاسك، كه شاخیان چووه‌به‌یه‌كدا. ئه‌م دیمه‌نه سروشتییه‌ش بۆته ئیلهامێكی زۆر جوان و تابلۆیه‌كی زۆر جوان و ناوازه‌ی به چاوه‌كانی شاعیر/هایکیست به‌خشیوه. ئاشكرایه “نۆڕێ” زۆر به‌وردی سه‌رنجی داوه، بۆیه به‌سه‌لیقه‌وه به فۆتۆی چاوه‌كانی هه‌مان مانا و هه‌مان وێنه هه‌ڵده‌گرێته‌وه. كه خۆی پێی سه‌رسام بووه. پاشان له سه‌ر تیشكی ئه‌و دیمه‌نه سه‌رنجڕاكێشه، ئه‌زموون وه‌رده‌گرێت. چوونه‌ناویه‌كی په‌نجه‌كانی بۆ جیاناكرێته‌وه، له چوونه‌ناویه‌كی شاخی دوو كه‌ڵه‌ئاسك، له كاتی یاری و ده‌ستبازی‌كردندا…
له لاپه‌ڕه (148)دا ده‌ڵێت:
(فرمێسكی داره
ده‌كه‌وێته جۆگه‌له‌وه،
گه‌ڵای وه‌ریوو!)
بیركردنه‌وه له فرمێسك و گریانی دار و دره‌خت، هه‌زار پله له سه‌رووی ئه‌ندێشه‌كانی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌یه. وه‌كچۆن “ژه‌نراڵی پایز” بۆ مه‌رگی گه‌ڵایه‌ك، ده‌ریایه‌ك ئەشکی سووری ڕشت. ئاخۆ ده‌بێ “نۆڕێ”یش بۆ فرمێسكی هه‌زاران منداڵانی برسی و هه‌تیوو، چه‌ند زه‌ریا فرمێسكی به‌دزییه‌وه ڕشتبێت!
ده‌كرێ داره‌كانیش وه‌ك مرۆڤ هه‌ستیان هه‌بێت. وه‌كچۆن فرمێسك برینی ڕۆحی مرۆڤه، پێده‌چێت وه‌رینی هه‌ر گه‌ڵایه‌كیش لای نۆڕێ، فرمێسكی ئاڵتوونیی خۆی هه‌بێت.
به بۆچوونی منیش، هه‌ر مرۆڤ ناگری، به‌ڵكوو مۆم و مانگ و ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵه‌كانیش ده‌گرین. گه‌لێ جار فرمێسكی گه‌شیان ڕشتووه بۆ ئازاره‌كانی خۆیان.
هه‌رچه‌ندە فرمێسك وه‌ك شمشاڵ و میوزیك هیچ ئاوازێكیان نییه، به‌ڵام هه‌ندێ جار به شێوه‌ی باوه‌شێك گه‌ڵاڕێزان ڕووده‌كه‌نه باخ و دارستان. هه‌ندێ جاریش وه‌ك باقه‌یه‌ك خه‌م ڕووده‌كه‌نه پێڵوی چاوه‌كان. به‌ڵام نۆڕێ پێمان ده‌ڵێت فرمێسكه‌كان جیاوازییان هه‌یه. بۆ نموونه؛ ئه‌و فرمێسكه‌ی دایكی شه‌هیدێک ده‌یڕێژێت، هه‌ر دڵۆپێكی بكه‌وێته سه‌ر كۆشی خاكێكی تینوو، ئه‌وا یه‌ك پارچه ده‌یكات به گوڵستان و نیشتمانێكی هه‌میشه به‌هار. به‌كورتی و به‌كوردی؛ نۆڕێ ده‌یه‌وێ له‌م هایكوه‌دا پێناسه‌یه‌كی زۆر جوان بۆ فرمێسك بكات. پێناسه‌یه‌ك؛ وه‌ك هه‌ناسه‌كانی “ژه‌نراڵی پایز” كه چه‌ند له خه‌می وه‌رینی گه‌ڵا و چرۆكاندا بووه. نۆڕێ ده‌یه‌وێت نهێنیی ئه‌و چیرۆکه حه‌شاردراوانه بدۆزێته‌وه، به گشت مرۆڤایه‌تی بڵێت: نه‌ك دار، به‌ڵكوو به‌ردیش هه‌ستی هه‌یه. داره‌كان هه‌ستیان هه‌یه، ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه ده‌گرین. نۆڕێ وه‌ك ژه‌نراڵ ڕێگا به پایز نادات، داره‌كان بخاته شین و گریان، بۆیه وه‌ك مرۆڤێكی میهره‌بان دێت و به ده‌ستی خۆی فرمێسكی گشت داره‌كان ده‌سڕێت. دووباره مژده‌ی سه‌وزبوونیان پێ‌ڕاده‌گه‌یه‌نێت. كه‌واته “نۆڕێ” ئه‌گه‌ر وه‌ك “ژه‌نراڵی پایز” خه‌می فرمێسكی گه‌ڵا و داره‌كانی بێت، ئه‌ی ده‌بێ بپرسین: تا چه‌ند له خه‌می فرمێسكی مرۆڤایه‌تیدا بێت؟
بۆیه هه‌ورئاسا.. ئاسمانێك په‌پووله به‌فری زیوین له چاوه گه‌شه‌كانیدا ده‌بارێنێت، بۆ فرمێسكی منداڵێكی برسی و بێ دایك.ـ
نۆڕێ باش ده‌زانێ مرۆڤ ڕۆژانه چەندین گه‌ڵای ئاواتی به داری ژیانه‌وه هه‌ڵده‌وەرێت. چەندین گەواڵە هەوری چاوەڕوانی، فرمێسکی خوێنینی لێ ده‌بارێت. به‌ڵام كه‌سێک شك نابات وه‌ك خۆی فرمێسكی داره‌كان بسڕێت و دڵنه‌واییان بداته‌وه، به چه‌ند كۆپله شیعرێک یان هایکویەک…!
(١٢)
(پرسه‌ی پایزه،
دانیشتووم به‌دیار شیعره‌وه؛
شه‌وی یه‌ڵدا!)
بە خوێندنەوەی ئه‌م هایكویه، ده‌كرێ زۆرێک لە جوانییه‌كانی سروشت و پایز بكرێ به كورته‌فیلمێک یان تابلۆیه‌كی قه‌شه‌نگ، له‌سه‌ر په‌رده‌ی ژیان نمایشی بكه‌ین. جاری واش هه‌یه خوێنه‌ر بە خوێندنەوەی هایكویه‌ك ژیانێکی تازەتر ده‌بینێت.
نۆڕێ یه‌كێكه له‌و هایكونووسانه‌ی كه ئەدەبیاتی كوردی‌یان بە بیچمێکی مودێڕنەترەوە خستە بەردەسی خوێنەرانی كوردی و بە شێوەیەکی سیحراوی مامەڵەیان لەگەڵ زمان و دەقدا کردوه. هه‌رچه‌ندە دره‌نگ لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپایی و گه‌لانی تر ده‌ستیپێكردوه، بەڵام کە دەستی پێ کرد، زۆر تۆکمە و بەبڕشت خۆی دەرخست، لە ڕێگەی دەق و ئەندێشەکانییەوە کاریگەریی زۆری لە سەر سروشت و مرۆیی و ئیرۆتیكدا جێهێشتووه.
به‌مه‌ش ئەزموونێكی جیاواز بە خوێنەر دەبەخشن. لە “كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق”دا، خوێنەر وا هەست ئەکا هیچ شتێ بە ئەندازەی ده‌قی تازه و شیعری نوێ، دڵ‌بزوێن نییه.
ئه‌وه‌تا “نۆڕێ” له لاپه‌ڕه (143)دا ده‌فه‌رموێ:
(پرسه‌ی پایزه
دانیشتووم به‌دیار شیعره‌وه؛
شه‌وی یه‌ڵدا!)
نۆڕێ چه‌ند شیرین پێمان ده‌ڵێت: پایز سه‌وزترین به‌هاری عه‌شقم، ئه‌مشه‌و ماڵئاوای لێ كردم.
بۆیه به دڵێكی مات و غه‌مگینه‌وه بۆ ماڵئاوایی دواهه‌مین شه‌وی پایز، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ (یه‌ڵدا) به دیار ته‌رمی شیعره‌وه دانیشتوون به‌ده‌م ژانه‌وه پرسه ده‌گێڕن، هه‌ریه‌كه و نیگه‌ران و لێوڕێژن له دڵته‌نگی، به ئایه‌تی وشه شین ده‌گێڕێ بۆ ڕوخساره زێڕینیه‌كه‌ی پایز، ئه‌فسانه‌كانی ئه‌و مۆسیقا برینداره، مه‌گه‌ر هه‌ر نۆڕێ به ژانه‌وه بیژه‌نێ. ئه‌و له‌م پرسه‌یه‌دا وه‌ك هۆزانڤانێكی دڵشكاو، به شه‌وێكی سارددا تێده‌په‌ڕێت، كه‌سێ نییه هاوسۆزی بێت، كه‌چی له‌ولاشه‌وه خه‌ڵك جه‌ژن و شادیی ده‌گێڕین، نیگایه‌ك نافه‌رموێ هاوسۆز و هاوخه‌می بێت!…
کەوتنەخوارەوەی مەراق. دیوانی هایکو. سەردار نۆڕێ. لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی نووسیار/ کتێبی (ژمارە ٨). چاپخانەی تاران. ساڵی ٢٠١٩.
تێبینی
+هه‌موو زانیارییەکانی ئه‌م نووسینه‌م لەسەر هایکو و مێژووی هایکو و نیشتمان و ڕەچەڵەکی هایکو و بڵاوبوونەی هایکو بە جیهاندا و تا دەگاتە کوردستان و ئەمڕۆی هایکوی کوردی، لە کتێبی كه‌وتنه خواره‌ی مه‌راق وەرمگرتوون. چونکە ١٠٠ لاپەڕەی سەرەتای کتێبی “کەوتنەخوارەوەی مەراق” هه‌موو ئەو زانیارییانەی تێدایە