423237079_879858770808602_6124942938425232861_n

2024/01/28

کۆمەڵە شیعری ئاژازەی بێدەنگ

شاڵاو حەبیبە

«ئاژاوەی بێدەنگ» ساڵی پار چاپ بوو. ئەمە یەکێکە لە تێکستە جوانەکانی ئەو کتێبە. هەڵبەت چونکە شیعرە، زۆر قورسە بۆم یەکهەناسە لەمسەر بۆ ئەوسەر بیخوێنمەوە. پێم وایە کەسانی تریش ئەم عادەتەیان هەیە. هەر جارێک کتێبەکە بە دەستەوە دەگرمەوە بەم شیعرە دەست پێ دەکەمەوە و دەوەستم. ڕەنگە ڕیتمەکەی دڵخۆشم بکات، یان ئەو فۆرمە هۆشیارانەیەی هەست بە هاوڕێیەتیی دەکەیت لەگەڵیدا، کە وای کردووە ڕاهۆز کامەران وەک (شاعیرێکی جددی بۆ خوێندنەوە) دەربکەوێت و شیعرەکەیشی هەڵگری شێوازی خۆی بێت. من دەتوانم درک بە دنیا وەهمامێزەکەی ئەم تێکستە بکەم، گوێم لێی بێت، چێژی لێ وەربگرم، چونکە هەر جارێک شیعر دەخوێنمەوە، دەمەوێت بەو شیعرە بگەم، کە شاعیرەکەی ویستوویەتی، نەک ئەوەی لە مێشکی خۆمدایە.

ئەی کەسێک، یان شتێک،
یان لە هەمان کاتدا ژنێک و پیاوێک،
کە دەبێت وا تێبگەم تۆ گشت شتێکت ڕێک خستووە و
تەنانەت ئاگات لەم وشانەیە
دوای ئەم وشانەم دێن، کە خۆم نازانم چین!
تۆ ئەو منداڵەی لە لەدایکبوون هەڵهاتیت، یان گەورەبوون؟

بەڕاست تۆ هەیت؟

ئایا کاتێک من دڵم شکا
کاتێک لە سەربانەوە دەمڕوانییە ئەستێرە و کەوتمە خوارەوە،
مردم؟

کە لەسەر بەلەمەکە،
لی بای بووم،
شەرابم دەخواردەوە و
پێم وا بوو مانگ هێندە نزیکە دەتوانم دەستی لێ بدەم،
خنکام؟

کە لە وان، گوێم لە گۆرانی دەگرت،
چونکە کورد بووم، کوشتیانم.
تۆ پلانت دانابوو من ئەو شەوە
لە سەربانەوە بۆ ئەستێرە بڕوانم؟
تۆ مانگت ئەوەندە نزیک هێنابووە پێشم؟
تۆ بوویتە هەستەکانم و گۆرانییەکە و گوێم و چەقۆی دەستی بکوژەکەیشم؟

چۆن توانیت
مانگ بیت
خنکان بیت
ئەستێرە بیت
کورد بیت
لە هەمان کاتدا

ئەی کەسێک، یان شتێک، یان لە هەمان کاتدا ژنێک و پیاوێک،
کە دەبێت وا تێبگەم تۆ گشت شتێکت ڕێک خستووە و
تەنانەت ئاگات لە شتێکە یان خۆت هەر ئەو شتەیت،
پاش نووسینی ئەم دێڕانە دێتە پێشم.

بەڕاست تۆ هەیت؟