ئەم کتێبە چییە وا هەموو دایدەنێن؟
سومەیە جەلال
“وێژان” بەرهەمێکی ئەدەبی گرینگە، بایەخ بە ژانەرێک دەدات کە مێژوویەکی دێرینمان لەتەکدا هەیە کە “شیعرە” وە دوو لایەنی گرینگ “ڕەخنە و وەرگێڕان” کە ئەدەب بەگشتی و شیعر بە تایبەت بێ ئەوان ناچن بەڕێدا. ئەم بەرهەمە پێویستییەک بوو بە هاتنە بوونی کەلێنێکی گەورەی نێو کتێبخانەی کوردیی پڕ دەکاتەوە. بێ گومان زەمەن دەبڕێ و لە هەر زەمەنێکیش خۆی دەسەلمێنێ و کاریگەریی دەبێت.
“بەیەخدان بە ئەدەبی پاش دوو هەزار” چەمکێکی نوێیە و دەتوانین بڵێین داهێنانی “وێژان”ە،
پلاندانەریی ئەم بەرهەمە بەشێوەیەکی ژیرانە کاری لەسەر کردووە و نەخشەیەکی ئەدەبی گرینگی بۆ داڕشتووە،کۆمەڵێک کەسی هێناوەتە نێو وتووێژەوە، کە زۆربەیان کەسانی لێهاتوو و خاوەن ئەزموونن، لە زۆر جێدا دەمانباتە سەر هەمان پرس و وەڵامی جیاواز وەدەست دەخەین و لەنێو وەڵامدا کۆمەڵێک پرس لای خوێنەر دروستدەبێت، لایەنێکی گرینگی “وێژان” ئەو گشت قبوڵکردنەیە. پاشانیش هەوڵیداوە لە جوگرافیایی جیاوازەوە بەشداریان پێ بکات، ئەمە بۆ خۆی گرینگە چون ” فیکری جیاواز بەرهەمی جوگرافیای جیاوازە”. کۆمەڵێک پرسی گرینگ دەخاتە بەرچاو کە لە زۆربەیدا بە وەڵامی چڕوپڕ و پڕ مەعریفی و گرینگ دەگەین کە سەرپێیی و تیژتێپەڕ نین و ماوەیەکی باش دراوە بە وێژەوان تا وەڵامێک وەدەست بدات، بە پێچەوانەی بەرنامەی ئەدەبی کەناڵی ڕاگەیاندن کە زۆرجار غەدر لە ئەزموونی نووسەر دەکرێت. بەو ماوە کەمە و ئەو پەلەکردنە لە وەدەستخستنی وەڵامدا.
کتێبەکەش بە کوالێت و دیزاینێکی جوان دروستکراوە، وە ڕەچاوی باری ئابووری خوێنەر کراوە کە نرخێکی گونجاوی بۆ دانراوە.
سوپاس بۆ هەر دەستێک لەم بەرهەمەدا…
“وێژان” ئامادەکردن و سازدانی: “ئارام حاجی”
لە بڵاوکراوەی وەشانی “نووسیار”