قوژبنێک لە کتێبی(قوژبن)
هاودەنگ بێبەش
نامیلکە شیعرێکی بە قەبارە بچووک و بە ناوەخن چڕە، لە نووسینی (سۆران محەمەدەسوورە) یە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن دەزگای(نووسیار)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. شاعیر لەم نامیلکەیەدا بە شێوەیەکی سەرەکی کاری لەسەر داستان و ئەفسانەکان و پەیوەستکردنیان بە جەنگی شوناسەوە کردووە. لەڕووی ناوەڕۆکەوە درووستکردنی تەم و مژێکی مامناوەند لە دەقەکاندا وایکردووە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆ بەشێکی خوێنەران دژواربێت ئەو تەمومژە مامناوەندەی کە هەیە خوێنەر بەرەو پەرتبوونێک دەبات ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە شاعیر توانیویەتی چاوەڕوانیی خوێنەر تێکبشکێنێت و توشی هەڵوەستەی بکات. بەهۆی هەندێک لادان لە ئاستی ڕستەسازی و واتاناسی و وشەسازیەوە وا لە خوێنەر دەکات پەیوەندی نێوان ڕستەکان ون بکات و پەیوەستکردنی ڕستەکان بەیەکتری کارێکی دژواربێت، بەڵام کارێکی نەکردەش نییە. بەو پێیەی لە بەشێکی دەقەکان دەتوانییت لەڕێگەی دۆزینەوەی واتای ڕەمزەکان و وشە فرەواتاکان نموونە (ئەنکیدۆ، دمدمی، گورگ، گلگامیش…تاد) تەمومژی دەقەکان لابدەین و بگەین بە مانای دەق. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ هەندێک دەق ئەوەندە بەس نییە و خوێنەر پێویستی بە پاشخانی زیاترە بۆ تێگەیشتن، کە ئەمەش دواجار زەرەر لە سۆزی ناوەی دەق دەدات و سۆز پچڕ پچڕ دەبێ بەتایبەت لە خوێندنەوە یەکەمینەکان بەڵام بۆ خواندنەوەکانی دواتری کە دەگەڕێتەوە بۆ دەقەکە باشتر پەی بە نهێنیەکان دەبات و هاوشانی دەق دەڕوات.دەبێت ئەوەس بخرێتە ڕوو کە گەر خوێنەر ئاگاداری داستان و ئەفسانە کۆنەکان نەبێت و نەیخوێندبیتەوە، ناتوانێت بەباشی بچێتە ناخی دەقەکانی ئەم نامیلکەیە.
***
دەمەوێت بژییم
بەڵام ئەوانەی خوویان بە ژیانەوە کردووە
مردوون.
***
بەهۆی ئەوەی شاعیر بەردەوام هەوڵیداوە فرەشێواز بێت و دەقەکانی لەڕووی ناوەڕۆك و زمانەوە جیاوازبن لەیەکتری، خوێنەر بەر چەند شێوازێکی جیاواز دەکەوێت، لە هەندێ شوێن زمان ڕوونەو مانا قوڵە، لە هەندێ شوێن زمان جۆرێک لە نهێنی تێدایە کە چاوەڕێیە خوێنەر هەڵیان بێنێت و بەئاسانی خۆیان نەدەن بەدەستەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی شێوازێک هەیە لە داڕشتنی وشە و ڕستە بەشێوازێکی نوێ کە دەتوانیین لەزۆرێک لە دەقەکانی ناو ئەم کتێبە بەدی بکەین و وەکو شێوازێکی تایبەت بە شاعیر بیناسێنن. بە نموونە( لێکدانی دوو وشەی باو بۆ بەرهەمهێنانی وشەیەکی ناباو، لە هەندێک شوێن لابردنی پێکهاتەکانی ڕستە، لە هەندێک شوێنی تر قوتکردنی وشە بە شێوەیەک کە ناڕوون نەبێت و خوێنەر بیناسێتەوە چ وشەیەکە. تێکەڵکردنی دەستەواژەکان لە ئاستی شێوەزارە کوردیەکان و هەتا لەئاستی بنزاریش،…تاد)
***
کە نەتوانیین ببینە مرۆڤ
خۆ دەبێ بە ڕادەی بەرکەوتنی پڕیشکێک
لە شایتان نێزیک ببینەوە
بە خۆگونجاندن،
بکوژی منداڵێکی داهێنەریت؛
مرۆڤ، واتە دووبارەبووەوەی هەستی یەکەم بکوژ
***
شاعیر لە بەشێکی دەقەکانییدا بوونگەراییانە بەدوای پرسیاری بوون دەگەڕێت و هەوڵدەدات مانا ببەخشێت بە ژیان. بە نموونە لە چەند هەوڵێکیــدا پێناسەی مرۆڤمان بۆ دەخاتە ڕوو و دەڵێت “مرۆڤ، واتە دووبارەبووەوەی هەستی یەکەم بکوژ” لە دێڕێکی تر دەڵێت “مرۆڤ دەرەنجامی شکستی هەقیقەتێکی ناڕوونە” یان دەڵێت “مرۆڤ خوێنی کوشتارگەیەکی لەمێژینەوە بزربووە/ کە دڵی دەچێتە تاریکی؛ جەنگ لە سوڕی مانگانەی خۆیدایە” دواتر بە ئایندەیەکمان دەگەیێنێت لەبارەی مرڤەوە و دەڵێت”بەیانییەکی بێبەزەیی بەڕێوەیە/ مرۆڤی بەیانی دەبێت شەڕەنگێزتر بێت” لەم دێڕانەوە دەگەین بەوەی لە ڕوانگەی شاعیرەوە مرۆڤ ئەوبوونەوەرە کە تینووە بە کوشتن هەر لە منداڵیەوە کە خەریکی خۆگونجاندن دەبێت لەگەڵ ئەوانی دیکە، ئایدۆلۆژیای ئەوانی دیکە،هەبوونی ئەوانی دیکە، ئەوا خەریکی کوشتنی خۆی و بیرکردنەی خۆی و داهێنانی خۆیەتی. جگەلەمەش مرۆڤە پێگەیشتوەکانیش هەر خەریکی کوشتنی فیزیکی و دەروونی و بوونی یەکترین، گەر یەکتریش نەکوژن لە کوشتنی خۆیان هەر بەردەوامن بەوەی بێئاگایانە ڕۆژەکانیان بەدوای یەکتر ڕیزدەکەن و ناویش لەمە دەنێن ژیان لە کاتێکدا هەر خەریکی کوشتارن و بەردەوامیش شەڕەنگێزتر دەبن.. بۆیە شاعیر دەیەوێت بڕوات و دووربکەوێتەوە لە مرۆڤەکان و دەڵێت” ڕۆیشتن؛ سەرهەڵگرتنە لە ئاشنای زۆر/ لە مرۆڤی ماڵدار/ لە مرۆڤی دووبارە/ بەڵام خۆشەویستی چزوویەکی ژەهراوی بوو”
***
قیژە قورگتە
ئەوکاتەت ڕیسی وشەکانت دەبنەوە بە خووریی و
زمانت قووتدەدەیت
***
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم ئەوانەی وتران تەنها تێڕوانینێکی خوێنەرانەی منن و دەکرێت لەلایەن کارزان و شارەزایانەوە لە چەندین ڕوانگەوە دەقەکان لێک بدرێنەوە و کاریان لەسەر بکرێت، کە من ئەو توانایە لەخۆمدا نابینم.هەر ئەوەندە دەمێنێ بڵێم بەبڕوای من ئەم کتێبە شایەنی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە، لایەنی کەم سۆران محەمەدەسوورە توانیوویەتی جیاوازی خۆی بسەلمێنێت. لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستە بۆ بونیاتنانی شێوازێکی تایبەت بە خۆی، دواجار ئەدەبیش بە جیاوازیەکانەوە جوانە.