414458304_935418478007517_185902686529424076_n

2023/12/25

ڕۆمانووسی باشیی ئایندەمان

ئارام حاجی 

نزیکبوون لە ئەدەبیی گەنجان، نزیکبوونە لە داهێنان، مرۆڤێك لە ڕووی هزری و بەدەنییەوە لە وەرزی بەهاریدابێ، بێگومان دەرهاویشتەی ئەو وزەیەش لەلایەن ئەو کەسە گەنجەوە کوژمێکی زیاتری هەیە.
وەکخۆم زۆر بەدوای یەکەم هەنگاوی نووسەرەوەم، بۆ ئەوەی بیناسمەوە. ئەم ماوە دەستم بۆ یەکەمین کاری ڕۆمانووس (ڕەوا زیدان) بەناونیشانی (مەرگی نادیار) برد و بە یەک پشوو کۆتاییم پێهێنا، هەندێ پاژیش هەبوو زیاتر لە جارێك پێیدا دەچوومەوە، ئەویش بەخاتری کەسی گوتیار(گێڕەرەوە).

ـ دەگوترێت: ئەوەی ئەدەب دەینووسێتەوە، ئەوەیە کە لەکایەکانی تر بە جێماوە، یانیش لە چاوی پسپۆڕی کایەکانی ترەوە دیارنییە. لەم ڕۆمانەدا نووسەر سێ تا چوار کەسی دیاری دنیایی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و وێژەییی ئێمەی زیندووکردووەتەوە و ئەدوێن، بەتەنیشت ئەم ڕۆمانەوە ئەشێ لە زاری کەسیی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان مافناسێکەوە، لەبارەیانەوە گوترابێت، بەڵام وەک چاوە ئەدەبییەکەی ئەدیب(ڕەوا)نەبینراون. ئەو کاراکتەرانە هێشتان بەسەبر و بە سۆز و بەزەیین لە نێو ئەم ڕۆمانەدا، کاتێک دەکەونە بەر تیر و تانەی هاوزمانەکانی خۆیان، ئەو ئەو چوار کەسە، ئەشێ ئاگاداری ئەو گوتەزایەبن کە واتاکەی ئاوا ئێژێ: ئەگەر بمناسن بەردم تێناگرن، نامناسن بۆیە لێیان ناگرم هەرچیم پێ بێژن و بکەن. ئەو چوار کارەکتەرە گلەییەکانی خۆیان لەمەڕ قەومێک دەکەن کە لە لایان “قەدری سنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا(گۆران)!”

ـ لە ڕاستیشدا نووسەر ئەو بەهایەی بۆ ئەدەب و ژانری ڕۆمان گێڕاوەتەوە لە ناونیشانەوە تا کۆتا پەڕەی ڕۆمانەکە. ئاخر ئەرکی ئەدەب نییە چارەسەر بدۆزێتەوە و ببێتە چارەساز، ئەوەندەی ئەرکی ورووژاندنی پرسیارە بۆ بەردەنگ، تاوەکو خۆی بیربکاتەوە و بەدواداچوون بکات. ئەم ڕۆمانە بە ئەوی بەردەنگ ئێژێ: هەر بەڕاست مەرگی ئەمانە بۆ نادیارە؟ بۆ دەبێ نادیاربێ؟ ئەی چییان کردووە وا نادیارە؟ ئەی کێ نادیاری کردووە. ئەوە چوار پرسیارە کە تا کۆتایی دەیدا بە گوێی تۆی خوێنەردا.
هاوکات نیشانەی پرسیاریش دەخاتە سەر ئەو جوگرافیایەیی کە بووەتە پنتی ڕۆمانەکە، نیشانە پرسیار درووست دەکات لەوەی ئەم ناسناوەی بەمشارە دراوە، کوا لەگەڵ لەناوبردنیی کەسە دیارەکانی و گۆڕگمیان دێتەوە؟

ـ بەختیار عەلی لە یەکێک لە وتارەکانیدا باسی ئەوە دەکات، خوێنەرێکی پەیوەندی پێوەکردووە و داوای ئەدرەسی یەکێ لە کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکەی، لە خودی خۆی کردووە.
مەبەستمە بێژم: ئائەمەیە خوێنەرسەنتەری، ئەمەیە بەشداری پێکردنی ئاخێوەر، وەک کارەکتەر لەناو ڕۆماندا. ئەمە درووستکردنیی زەوییەکی ترە، واقیعکی ترە، بردنی خوێنەرە لە واقیعکەوە بۆ واقیعکی تر. ڕەوایش ئەمەی لەگەڵ من(ئارام) بەکارهێنا، ئاخر لەو شارەی من کەسێک هەبوو ناوی ڕزگارە و دکتۆریشە و مرۆڤێکی هێمنە، وەک کاراکتەری دکتۆر ڕزگاری ناو ڕۆمانی(مەرگی نادیار). لێرەدا نامەم بۆ نارد: سڵاو کاک ڕەوا ئەم کاراکتەرەت لە کاک ڕزگارەوە دانەتاشیوە کە هەمان تایبەتمەندی هەیە، دکتۆریشە و لەسەرخۆیشە و خەڵکی شارەکەی منە؟
– وتی نایناسم
– ناچار، ئەدرەسی دکتۆر ڕزگاری نێو ڕۆمانەکە، وەک مەرگی ئەوانی دیکە بە نادیاری مایەوە.