451273456_1704227403682561_5724050633126703625_n

2023/12/11

کۆتر و لالۆ زۆمەر

شاڵاو حەبیبە

ماوەکانی ڕابردوو، بە کوردییەکەی کەریم پەڕەنگ، کاتێکی خۆشم لەگەڵ دوو نۆڤلێتی پاتریک زویسکیندی نووسەری ئەڵمان بەسەر برد.
“کۆتر”ـم ڕاستییەکەی پێشتر بە وەرگێڕانی شیرین کاف خوێندبووەوە، بەڵام ئەوکات پێم وا بوو ڕۆمانێکی فەنتازییە و کێشەیەکی بچووکی وەک “دەرکەوتنی کۆترێک لە ڕاڕاوێکدا” گەورە کراوە و لە شاکەسی ڕۆمانەکە بووە بە مۆتەکە. ئەمجارە کە وردتر سەرنجم دا، تێگەیشتم بۆچی ژوناتا لە کۆترێک دەترسێت و بەو ڕادەیە گۆشەگیرە، هەروەها ئەوەندە وەحشەتناک وردە لە پیشەکەیدا و هاوکات پاکوتەمیزی و سەرنجە وردەکەی لە کوێوە هاتووە. کە ئەوانەم بۆ ڕوون بووەوە، ئنجا لە ڕۆمانێکی فەنتازییەوە بوو بە ژیانێکی تەواو واقیعی.
“سەربردەی لالۆ زۆمەر”ـیش کە نۆڤلێتێکی خۆشفۆرمە بە هەمان شێوە؛ لالۆ زۆمەر لە عالەم و ئادەم ڕادەکات، لە هیچ شوێنێک جێ بە خۆی ناگرێت. سەرەڕای ئەوەی بە درێژاییی کتێبە بچووکەکە زۆر کەمی لە بارەوە دەزانین، ئەوهایش دەبێتە یەکێک لەو کەسایەتییە فەنتازییە خۆشەویستانەی لە زەیندا دەمێنێتەوە. ئەو پیاوەی بە گۆچان و کۆڵەپشتەکەیەوە هەمیشە ڕایدەکرد. بەڵام نۆڤلێتەکە کوڕیژگەیەک دەیگێڕێتەوە کە خووی بە چوونەسەردارەکانەوە گرتووە و زیاتر وەک سێبەری منداڵییەکانی لالۆ زۆمەر دەردەکەوێت، ڕەنگە هۆکار ئەوە بێت زویسکیند ناوی بۆ دانەناوە؛ ئەویش دڵشکان و ڕووداوەکانی سەر زەوی وایان لێ کردووە پەنا بەرێتە بەر ئەو بەرزییە. ئەمە هاوکات بیرخەرەوەی “بارۆنی سەر دارەکان”ـی ئیتالۆ کالڤینۆیشە، کە تێیدا کۆزیمۆی دوانزەساڵان پاش هەڵگەڕانەوە لە خێزان پەنا دەباتە سەر درەختەکان و بۆ ئەبەد پێ ناخاتەوە سەر زەوی. بەڵام لە لالۆ زۆمەدا منداڵەکە دەیەوێت ئەوەندە لە زەوی دوور بکەوێتەوە کە تەنانەت بفڕێت، وەڵامی ئەم حەزەی لە کۆی کتێبەکەدا و بە تایبەت لە نیشاندانی کەسایەتیی زۆمەردا ڕوون دەبێتەوە.
بەڵام هەموو ئەمانە بۆچی ڕوو دەدەن؟ چونکە زویسکیند نووسەرێکە لە بارەی کاولکارییەکانی جەنگەوە لەسەر دەروونی ئینسان دەنووسێت، بەبێ ئەوەی لە بارەی خودی جەنگەکەوە شتێکی ئەوتۆ بڵێت. ئەمە پێچەوانەی “بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە”ـیە، کە ماریا ئیریش ڕیمارک ئەوەندە دەچێتە وردەکاریی چۆنیەتیی جەنگەکەوە، تەنانەت دەتوانیت هەندێک شت لە بارەی بەرەی جەنگەوە فێر ببیت و ئەو جەهەننەمە لە نزیکەوە ببینیت ئەگەر هەرگیز ئەزموونت نەکردبێت. هەروەها پێچەوانەی ئەو جەهەننەمە وشک و ڕاپۆرتئاسایەی هەمەنگوایە لە “ماڵئاوایی لە چەک”ـدا، کە بە خستنەڕووی دایەلۆگە ڕۆژانەیییەکان، بە نەچوونەناو دەروونی کاراکتەر و خستنەڕووی دیمەنەکان وەک شاهیدێک، جەهەننەمێکی میکانیکی یان ڕۆبۆتئاسا وێنە دەکێشێت. جەهەننەمی پاتریک زویسکیند دەروونییە.
ڕیمارک نووسەری ئەڵمانی؛ ڕشانەوە لە تاو بۆنی تەرم و خوێن، قاچبڕینەوەی تیمارگەکانی پشتەوەی جەنگ، ترسوخۆف و خۆدزینەوەی ناو سەنگەر و کاتی نەبەردەکان، سەرلێشێوان و ملپەڕینی ئانوساتی بۆردومانەکان نیشان دەدات و زویسکیند پەرێشانیی دەروونی مرۆڤ لە سەردەمی پاش جەنگدا دێنێتە پێشەوە و ئەوە دەردەخا دەشێت جەنگ تەواو ببێت، بەڵام ئەوەی بەسەر دەروونی تاکەکەسدا دێت، هەمیشەیییە.
لە نۆڤلێتی “کۆتر”ـدا، کۆترەکە لە دەروونی ژوناتاندایە و لە ڕابردووی مرۆڤەکەوە هەڵدەفڕێت و پەرێشانی دەکات. هەروەها لە “سەربردە…”کەدا لالۆز زۆمەر لە دەروونی خۆی ڕادەکات، بۆیە نە لە ژوورەکەیدا دەتوانێت بمێنێتەوە، نە لەسەر جادە و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەیش. زویسکیند ئەوەندە زیرەکانە بە چەند پەرەگرافێکی کەم ئەم کەسایەتییەی نەخشاندووە، وەک ئەوەی بیەوێت نیشانی بدات لالۆ زۆمەر تەنانەت دەیەوێت لە خوێنەریش ڕابکات.