bo-siteeee

2023/11/27

تۆرڤاڵد و هایکوی مۆدێرن

ملکۆ ئەحمەد

هایکو، ئەو فۆرمە شیعرییەیە، کە هەر لەگەڵ دەرچوونی لە وڵاتی ژاپۆن و بڵاوبوونەوەیدا بوو بە دڵخوازی زۆربەی شاعیرای ئەمریکا و ئەورووپا، لە ناویانیشدا وڵاتە ئەسکەندەنافییەکان، دیارە دانیمارکییەکان لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیان داوەتە نووسینی هایکو و ئەوکات کاریگەر بوون بە مەرجە ژاپۆنییەکان، وەک دەزانیین هایکو لە ژاپۆنی لانکەی خۆیدا بە زمانی ژاپۆنی دەنووسرا و دەشنووسرێت، و زمانی ژاپۆنیش جیا لە هەر زمانێکی دیکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە بنەڕەتدا زمانێکی بڕگەییە، واتا: وشەی ژاپۆنیی لەجیاتی ئەوەی لە چەند پیتێک پێک بێت، لە چەند دەنگێکی بڕگەئامێز پێک دێت، لە پاڵ ئەوەشدا هایکوی ژاپۆنیی لە کۆندا و لەسەر دەستی مامۆستا گەورەکانی وەکو باشۆ و ماساوۆکا شیکی و ئەوانی دیکە چەند مەرج و تەکنیکێکی لەخۆ دەگرت، لەوانە نووسینی هەر هایکویەک بە ١٧ بڕگە و شیبۆمیی و وەرزە وشە-کیگۆ و کیرێجی و هەنووکەیی و یووگین و مەرجی دیکەی وەک سینۆگرافیای سروشتیی دوور لە کەسکاریی و میتافۆر و هونەرە ڕەوانبێژییەکانی دیکە.

بەڵام قوتابخانە نوێیەکانی هایکوی وەکو: چینکو هایکو و جیندای هایکو دەستیان لە هەندێک لەو مەرجانە هەڵگرتووە بەتایبەت دیمەنی سروشت و کیرێجی و بڕگەبەندیی، ئینجا هایکونووسانی دیکە لە دەرەوەی ژاپۆن سەربەخۆیانە ڕوویان کردە نووسینی هایکوی هاوچەرخ و نوێ کە تا ڕادەیەکی زۆر دوور بێت لەو هایکو ڕەسەنەی سەد ساڵ پێش ئێستا لە ژاپۆن دەنووسرا. بۆ نموونە لە زمانەکانی دیکەدا هایکو هەیە بە سێ دێڕ دەنوسرێت هەشە بە چوار دێڕ یان تەنها دوو دێڕ، هەروەها بابەت و دیمەنی دەقەکان لە سروشتەوە گۆراون بۆ هەستە مرۆییەکانی وەکو خۆشەویستیی و خەم و خۆشیی و پەسن و هی دیکە، یان هایکوەکان بەپێی بابەت جیا دەکرێتەوە وەکو هایکوی جەنگ یان هایکوی نامۆبوون و هی دیکە.

دیارە هایکیستانی دانیمارکیش لە وێنەی تۆرڤاڵد لە ئێستادا هایکوی مۆدێرن دەنووسن کە زیاتر یووگین و میتافۆر لەخۆ دەگرێت، هەرچەندیشە وتراوە میتافۆر سینۆگرافیای هایکو ئاڵۆز دەکات و سادەیی دەقەکە ناهێڵێت، بەڵام هایکو وەکو فۆرمە شیعرییەکنی دیکە بەردەوام لە پەرەسەندنە و ناکرێ هایکیست لە قاڵبێکی کۆنکریتییدا هەستەکانی بەتاڵ بکاتەوە کە خۆی لە چەند مەرجێکی قورس دەینێتەوە و دەبێتە کەلەبچەیەک لە دەستی هایکیستەکەدا.

ئەم کۆمەڵە هایکووەی شاعیری دانیمارکیی تۆرڤاڵد نموونەیەکی شیعریی فۆرمی هایکوی دانیمارکییە، بە گشتیی دەقەکان هایکون و چەند دەقێکی تانکاشی لەخۆ گرتووە، وەک ئاشکرایە هایکوی کلاسیی ژاپۆنی خۆی دوور گرتووە لە میتافۆری ڕەها، چونکە میتافۆر بە هەموو جۆرەکانیەوە دەبووە بارگرانیی بەسەر دەقێکی بچووکی وەکو هایکو، هەروەها دەبووە هۆی کەمکردنەوە لە بەهای ئیستاتیکیی دەقی هایکو. سەرەڕای ئەوەش دەبینین هەریەک لە باشۆ و ئیسسا و ئەوانی دیکەش لە دەقەکانیاندا هەندێ میتافۆری سادەیان بەکار بردووە، لێرەدا دەمەوێت پۆزش بۆ هەندێ دەقی تۆرڤاڵد بهێنمەوە کە میتافۆریان لەخۆ گرتووە، ئەوەی کە زیاتر سەرسامی کردم ئەو نامۆییە بوو لە دەقەکاندا کە لە ئیستاتیکای ژاپۆنییدا پێی دەوترێت (یووگین) هەروەها تۆرڤاڵد دووانەی (وابی- سابی)یشی پشتگوێ نەخستووە تۆرڤاڵد هەوڵی داوە تەکنیکی جۆراوجۆری وەک توریاواسێ بەکار بهێنێت کە لە ڕێگەی مونتاژەوە دوو وێنەی جیاواز لەیەک بدات و لە دیمەنێکدا کۆیان بکاتەوە، جگە لەوە لە دەقەکاندا هەست بە (ساتی هایکو-Haiku Moment)  دەکەین، واتا هاوکاتیی تایبەت لەگەڵ ڕەها لە ساتێکی دیاریکراودا، وەکو باشۆ دەڵێت: (فێر بە چۆن گوێ دەگریت لە کاتی قسەکردنی شتەکان لەگەڵ خۆیاندا)، چونکە لە ساتی هایکودا ئەقڵ بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کرۆکی شتەکاندا ناکات.

من وەکو هایکونووس وهایکوناس دەقی هایکوی زۆربەی گەلانم خوێندووەتەوە و زۆریشم لێیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی، بەڵام هەست دەکەم هایکوی ئەروپایی بە گشتیی و دانیمارکیی بە تایبەت لە ڕووی بینا و بابەت و تەکنیکیشەوە جیاوازە، هەروەها ئەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە کورداندنەکەی هاوڕێم ئالان پەری سەرکەوتوو بووە بەو پێیەی توانیوێتی سینۆگرافیای ناو دەقەکان بە ئێمەی کورد بگەیەنیت.