400086728_827509289376884_1260124903789482643_n

2023/11/10

بۆنەیەکی کولتوری دژە ئایکۆن

وتاری نووسیار لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٣

ڕامیار مەحمود

هەموولایەکتان بە خێربێن…
بە شانازییەوە وتەی نووسیار پێشکەش دەکەم لەم بۆنە گرنگەدا لە جیاتی هاوڕێم ئالان پەری، وەک دیارە *راهۆز کامەران* براوەی خەلاتی شیعرە و یەکەمین بەرهەمی شیعری بە چاپ گەیەندراوە لەلایەن دەزگای نووسیارەوە.
نووسیار بەوە لە سەرجەم دامەزراوە کولتورییەکانی کوردستان جیادەکریتەوە کە ساڵانە کتێب بۆ ئەو نووسەرانە چاپ دەکات کە پێشتر هیج کتێبێکی چاپکراویان نەبووە و کاتێک دەبنە براوەی هەریەک لە ژانرەکانی چیرۆک ،رۆمان، شیعر.
ئەمە تایبەتمەندییەکە کە دەزگای نوسیاری پێ دەناسرێتەوە. پشتگیری نەوەی نوێی ناو ئەدەبیاتی کوردی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی شوناسی سەرەکی ئەم دەزگایەیە، ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێمە چونکە نوێگەری بێ کردنەوەی دەرگای هاتنە ناوەوە کارێکی ئەستەمە، گرفتی سەرەکی لەم کۆمەڵگای ئێمەدا چەقبەستنە وئەم چەقبەستنە شێوەیەکی زنجیرەیی ئاڵۆزی هەیە، هەم لەڕووی سیاسیی و هەم کولتوریەوە و کۆمەڵایەتیشە. ئێستا دەبینم کارەکتەری کولتوری هەموو جۆر ئامادەی ئەم بۆنە کولتوریەیەن ئەم ڕۆحی پاڵپشتی کردنە هیوا بەخشە بۆ ئەم شاعیرە. ئەوە دڵخۆشکەرە ئێستا هەموو پێکەوە ئەم بۆنەیە دەنرخێنین. هەموو پێکەوە پاڵپشتی لە دروستبوونی نەوەکاندا دەکەین، کێشەی نەوەکان کێشەیەکی جیهانیە لە ڕووی کولتورییەوە و بەربەستەکان ئاڵۆز و قورستر بوون. وەک دەزانین جێبەندی میژووی سەرهەڵدانی رۆشنبیران و ئەدیبان بریتییە لە پەیوندییان بە *پەپلیک*ەوە واتە ئەو ڕوبەرە کۆمەڵایەتییەی کە دەکەوێتە نیوان خێزان و دەوڵەوت یان حوکمڕانەوە.
گۆڕەپانی ئەدەبیات ئەو ڕووبەرە کۆمەلایەتیبە. ئێستا ئەم ڕووبەرە لە هەموو کات زیاتر لە ئازادی بەتاڵکراوەتەوە بە زەبری سیاسی و ئابوری بازاڕ. لە هەمووی مەترسیدارتر بە هۆی بە ئینستیوتکردنەوە، دۆخێکە دەتوانین ناوی بەرین بە کولتوور لە سەردەمی ئەکادیمیدا. کە دەکاتە شوێنگرتنەوەی ئەدیبان و ڕۆشنبیران بە گروپێک کە تیادا بەرهەمهێنانی گوتار تەنها بۆ سنوری پۆلی خوێندنە و نوسینیش تەنها بۆ مەبەستی تەرقییەی وەزیفییە، بە شێوەیەک نە گۆرەپانی کۆمەڵایەتی و نە خەیاڵی کۆمەڵگەیی هیچ مانایەکیان نامێنێت.
ئەم بۆنەیەی ئێمەی کۆکردۆتەوە بۆنەیەکی کولتوری دژە ئایکۆنە. کێشەیەکی تری کولتوری ئەمڕۆ ئەوەیە بیناکردنێکی ئایکۆنی هەیە، ئەمە ئەکتێکی گرنگی دژە ئایکۆنییەتە ئێمە لێرەدا نرخاندنێک بۆ دەنگی نوێی ناو ئەدەبیات بکەین.
دوبارە سوپاس بۆ هەمووتان.