پەیامی براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٣
پەیامی براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٣
ڕاهۆز کامەران
هاوڕێیانی ئازیزسڵاو، دەمەوێت بە سوپاسێکی تایبەت بۆ نووسەر و وەرگێر، سەرپەرشتیاری پرۆژەی وەشانی نووسیار “ئالان پەری” دەستپێبکەم، سوپاسێک بۆ ئەوەی کە لە دوورەوە، لە بیری شار و وڵاتەکەی خۆیدایەو بیری لە پرۆژەیەکی هێند جوان، گرنگ و جدی و سەربەخۆ کردووەتەوە کە بتوانێت خزمەت بەو قەڵەمە نوێو هاوکات جدییانە بکات کە بیر لە ئەدەبی نوێ و ئەدەبیات دەکەنەوە، بیر لە ئەدەبێک کە چەند خودی و ناوەکییە، هاوکات هێندەش ڕاستەقینەو گشتی.
سوپاسی زۆرم بۆ سەلیقە و چەشەی بەڕێزانی لیژنە، کاک هەندرێن و بەڕێز نارین ڕۆستەم، بۆ هەڵبژاردنی شیعرەکانم بۆ خەڵاتی نووسیار، ساڵی ٢٠٢٣
هاوڕێیانی ئازیز، کۆمەڵە شیعری “ئاژاوەی بێدەنگ” یەکەم کتێبی چاپکراوی منە و ئەو شیعرانەیە کە ساڵانێکە لەگەڵمدا دێن و دەڕۆن و دەژین، زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ ئێوەی هاوڕێ و ئازیزم لێرەن، ڕەنگە بۆ ئەم چرکە سات و مەراسیمە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە من چۆن ئەدەبیات و تایبەت شیعر دەبینم کارێکی باشنەبێت، ئەوە ساڵانی ئایندە باشتر دەردەکەوێت و ئێستاش ئەو کۆمەڵە شیعرە تەنک و هاوکات بچوکانە کە بە داخەوە بە هەندێک هەڵەی چاپەوە لەپێش دەمتانە، دەکرێت کەمێک ڕونکەرەوەی بینینی من بێت بۆ شیعر، هیوادارم ئەم هەوڵە بچوکەم، بتوانێت بەشدارییەکی بچوکبێت لەو میراتە دێرینەی شیعری جیهان، کە بە ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس دەستی پێکرد و بە ئاوڕە بەردەوامەکانی شاعیرانی کورد و جیهان بۆ خەم و گوناه و ئاوارەیی و تەنیایی و ئازاری مرۆڤ بەردەوامە .
دووبارە زۆر بەخێربێن و پێزانینم هەیە بۆ ڕێزگرتنتان لە ئەدەبیات و شیعری نوێ.