كهڵبه میهرهبانهكانی شیعر
هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (ئاژاوەی بێدەنگ) لە نووسینی ڕاهۆز کامەران
نارین ڕۆستهم
(ئاژاوەی بێدەنگ) کۆمەڵگه ڕاوەدووی ناوە و شیعر پەنجەرەی بۆ کردووەتەوە، لە کاتێکدا شوێنی ساغی نەماوە. ھێشتا نایەوێت ئەوەندە کرچوکاڵ و بێتەمومژ بێت، خوێنەران قاچیان لێ ڕابکێشن و بە دڵی خۆیان مانای لێ دەربھێنن.
ئەم ئاژاوەیە نائاساییە، بە پێڕۆییکردنی شێوازی برووسکەیی خۆی لە زۆربڵێیی قوتار کردووە و شاعیر دەزانێت: شیعر سروشتی ئەو درەختانەی ھەیە، ئاوپڕژێنی زۆر (درێژدادڕی) تەمەنکورتی دەکات.
نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە، بە لەفزی کەم و بچووک
لە بەشێکی (ئاژاوەی بێدەنگ)دا چەق (سەنتەر) ئاوەژوو دەبێتەوە. ڕووخساری دەریا مەلەکردنت بیر ناخاتەوە، ئاخر دەریاوانەکان لەمێژە مردوون. شۆستەکان ڕێگەیەکی سەلامەتتر نین لە شەقامەکان و ماڵ لە کۆڵان ژاراویترە، ڕۆژیش لەبن پەردەیەکی ڕەشەوە، بووە بە شەو.
شیعرەکان چاوەڕواننەکراوانە لەبارەی تاریکییەوە قسە دەکەن، ھەر دەڵێی لە بیرەئاوێکەوە ڕزگاریان بووە، پڕ لە: ترس، تاسەی ئازادی، نالۆژیکیەت و وردەچیڕۆکی نقومبوون. بەڵام لە بابەتی ڕۆمانسیەتدا، ڕووناکی دەچێتە سەر دەموچاوی شاعیرەکە، بە دیار بیرەئاوەکەوە وەستاوە و ھەر ئەوەمان بۆ دووبارە دەکاتەوە، بیر شوێنی کۆبوونەوەی ئاوە و کەسانێکی دیوە، بە سەتڵ ئاویان لە بیرەکە دەرھێناوە.
لە کونوکەلەبەرێکی دیکەوە، بیۆگرافیا تاجی شکۆمەندی خراوەتە سەر و گێڕەڕەوە بە شوێن ئەو یادەوەرییانەدا دەگەڕێت، کە لێی دزراون. بەڵام ھەندێک جار لە پڕۆسێسی گێڕانەوەدا، بە ھەڵە کورسی وشەیەک بۆ وشەیەکی دیکە چۆڵ دەکرێت و گومانیش ئازایانە بە زمانێکی سیمبۆڵیکەوە چاو دەگێڕێت، ڕووداوەکان وەھا سەراوبن دەکات، شتێک دەست ناکەوێت بە ناوی: ئەنجام.
ئەوانە قسەی منن، لە ئەدەبیاتدا بڕیاردان بوونی نییە. ئەوەتا مامۆستا (عەزیز گەردی) لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا، دوای نیوسەدە لە نووسین و وەرگێڕانی زیاتر لە 150 کتێب دەڵێت:
(ئەمن لە ئەوەلییەوە بڕیارم دایە، بڕیار نەدەم.)
ئیتر پەنجەرەی (ئاژاوەی بێدەنگ) بۆ خوێنەران کراوەیە و شیعریش بە دەستخەتی خۆی دێڕێکی لەسەر بە جێ ھێشتووە:
بەرد و جوێنم تێ بگرن، بەڵام باشە و خراپە نا!