سەبارەت بە کۆمەڵەشیعری شاعیرەکان دڵستەمدیدەن
عومەر سەرگەتی
ئەوەی تایبەتمەندی بە شیعری داستان بەرزان دەبەخشێت و بەئاسانی لەناو ئەو دەنگە شیعریە تازانەدا دەناسرێتەوە، ئەو زمانە شیعریە تایبەتەیە کە لە زمانی ڕۆژانەو لە زاراوە زۆر سادە و باوەکانەوە دروست دەبێت و بەشێوەیەکی زۆر سادە بەڵام مانادار، گوزارشت لەو سۆبێکتە پڕبرین و ئازارویەدەکات، کە زادەی ئەو زمان و ئەو مێژوەیە..
خاڵێکی تری ئەو تایبەتمەندییە ئەو زمانە گاڵتەجاڕ و هیلاک و نائومێدەیە کە بە کۆمیدیایەکی بێمانا کۆتایی دێت، دواجار بابەتی سەرەکی ناو ئەو زمانە باو و سادە و ڕۆژانەیەی کە ئەو تێکستە شیعرانەی لێدروست بووە، هیچ نییە جگە لە خۆدی ژیان خۆی لە دیوە ئاشکراو ڕوون و تراژیدیکەییدا، هەربۆیە ژیان لای ئەم شاعیرە جگەلە گەمەی پوچی ناو ڕستەکان و دووبارە کردنەوەی ئەو مانا پوچەی کە ئەو زمانە لەناو پەیوەندییە ڕۆژانەییەکاندا بەفۆرمی جیاواز دووبارەی دەکاتەوە هیچی تر نییە…