378494519_787123046748842_3101470326040220553_n

2023/09/11

سەبارەت بە (پیاوی ناو تاریکی)

ڕێباز ئەکرەم

له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کم، به‌رده‌وام پێشنیاری کتێب و فیلم بۆ یه‌کتر ده‌که‌ین. له‌م ئاڵوگۆڕییه‌دا شتێک که‌ زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ی خۆمان به‌ (باش) ده‌زانین. چۆن و به‌ چ پێوه‌رێک باشه‌؟ ئه‌وه‌ ئه‌و کاته‌یه‌‌ (ڕۆڵان بارت) له‌‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت. به‌‌ ڕای (بارت)، هه‌ر تێکستێک به‌ پێی ئاره‌زوو و توانای تێگه‌یشتنی خوێنه‌ره‌که‌وه‌ خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ک که‌ مه‌به‌ستی خۆشی و چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ ده‌قه‌که‌، جیا ده‌کاته‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ک که‌ به‌ ئامانجی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌که‌یه‌.
لای من نووسین به‌رهه‌می خه‌یاڵه‌ و له‌ناو زماندایه،‌‌ زمانیش به‌ هه‌موو یاسا ناوه‌کییه‌کانییه‌وه‌ ده‌سته‌مۆی ده‌قەکە ده‌بێت. بۆیه‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی نووسین، بێ ئه‌وه‌ی ‌به‌ لای قبوڵکردن یان‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌هادا بچێت، تێکشکاندنی واقیع و دامەزراندنەوەی سه‌رله‌نوێی واقیعێکی تایبەت بە خۆیەتی‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌کات داهێنانێکی ئه‌ده‌بیی وەکوو (دۆنکیشۆت)، که‌ دواجار به‌ سروشتی خۆی ده‌بێته‌ ده‌‌قێکی ڕه‌خنه‌یی، هه‌میشه‌ به‌ کراوه‌یی بمێنێته‌وه‌ و چه‌نده‌ سه‌ده‌ بژی.