ڕاهۆز کامەران و خەڵاتی نووسیار
سۆران محەمەدەسوورە
“تهنیا ئهوهندهم ههیه
بۆچى ئهمه ئهو ژیانه بێت
كه بهههشتى بۆ بەجێ هێڵدراوه؟!” (ڕاهۆز کامەران)
تووڕەیی شاعیرانە هەرتم خۆی بە ڕووناکاییدا دەکێشێت، چونکە دەستەویەخەیە لەگەڵ تاریکایی؛ تاریکیی بەهای مرۆڤی جێگیر، ژیانی باو و سوواو. بۆیە تووڕەیی شاعیر، تێهەڵچوونەوە، بەرتەکێکە بۆ ئەم دۆخە بەباوبووە و جێگیرە، کە مرۆڤەکان خواستی گۆڕان و بزۆزیییان تێدا دامرکاوەتەوە. ئا لێرەوە ئەرکی شیعر کە چاوێکی ڕەخنە و هەڵتەکاندنی دۆخی سەردەمەکەی خۆیەتی، بەرەو مەیدانی ڕەخنەکاریی دفیشکێنێت. بۆیە ئەم کۆپلەیەی سەرەوە، کە خەمەبەردی سیزیفە، دەنێو کاری ڕەخنەکارییدا وەک چڵ هەڵدەتۆقێت.
بۆیە خوویاکردنی دەنگێکی وا شاعیرانە هاوکات گەنج، جێگەی دەستخۆشییە بۆ نووسیار و هاوکاتیش ئاستی بەئاگایی و جوانییناسانەی دادوەرەکانە.
*شیعرەکانی ڕاهۆز کامەران ئەوەندەی بڵاوکرابنەوە، خوێندوومنەتەوە و لە پڕۆژەی خۆمدا کە خوێندنەوە و ڕانانە بۆ بەرهەمەشیعری شاعیرە گەنجەکان ئەوە بیری لێکراوەتەوە و تا ئێستا تەنیا دانەیەکیان کە لەسەر بەرهەمەشیعری بەرەواژی نارین ڕۆستەم بووە، بڵاوکراوەتەوە.
* خاڵێکی دیکە کە جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبدەم، ئەوە جیاوازیی ئەم فێستیڤاڵەیە بە هۆکاری:
١- شاعیر و ڕەخنەکار هەندرێن، کە لەنێوماندا هزری؛ تێگەیشتنێکی دیکەی غەریباسایە لە خوێندنەوە و ڕەخنەکارییدا.
٢- هەبوونی دادوەرێکی گەنجە، کە ئەمە تێکشکاندنی ئەو جۆرە بەهادانانە کلاسیکیی و بیرتەسکانەبوو، کە دەبێ هەڵسەنگێنەرانی ئەم فێستیڤاڵانە خاوەنی چەندین پەڕتووک، لێکۆڵینەوە، ناوی ناسراو و تەمەنێکی زۆر بن، ئاخۆ چەندین کەسی وامان هەیە و بینیومانە چ لەڕووی کتێبەوە و چ لە فێستیڤاڵەکانەوە، نەیانتوانیووە دەرگەی ئەم سواویی و ڕوانینە باوە تێکبشکێنن، کە بۆ جوانییناسیی شیعر و ڕەخنەی شیعریی هەیە. سەرباری ئەوەی کە ئەم دادوەرانەی فێستیڤاڵگەلی تر، هیچ ئاگایییەکیان لە شیعری شاعیرە گەنجەکان نییە و هەر خەریکی قەوانی کۆنن. بۆیە ئەم لیژنەیە کوفرێکی گەورەی سەردەمی خۆیەتی، بۆ ئەم دۆخ و تێگەیشتنە لاساییکاریی و پێڕچییەتییە.
*خاڵێکی دیکە ئەوەیە، بەهۆی ئەوەی فێسبووک کەم بەکار دەهێنم، ئەوە لە زوودەری ئەم فێستیڤاڵە وەدرەنگ کەوتم.
*دووبارە سپاس بۆ پێکهێنانی وەها لیژنەیەک و ناساندنی شاعیرێکی باش.