چەند سەرەنجيک لەسەر کۆمەڵە شیعری: قوژبن
ئارام حاجی
ئەگەر دەق ماڵێک بێت، نووسەر درووستی کردبێت، ئەوا دەبێ خوێنەر ببێتە خاوەنی ئەو ماڵە، بە واتایەکی تر نووسەر نابێ ماڵێک درووستبکات، تەنها بۆ میوانی خوێنەر قبوڵبکات لەو ماڵەدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێ لەو ماڵەدا خوێنەر بژی دەبێ هەموو کەرەستەیەکی ژیانی تێدابێت.
لە ڕاستیدا دەق نابێ تاقیگەبێت بە نسبەت خوێنەرەوە، پاشی ئەوەی تاقیکارییەکەی تێدا ئەنجامدا ئیتر ئەو تاقیگە(دەق)ە بەجێ بهێڵێت، خوێنەر دەبی بژی لە نێو دەقدا.
لە میانی خوێندنەوەی کۆمەڵە شیعری (قوژبن)کە یەکەم بەرهەمی “سۆران محمەدەسورە”یە و براوەی خەڵاتی یەکەمی شیعرە لە ڤیستیڤاڵای ساڵانەی وەشانخانەی نووسیار، بە دیدێکی گشتی هەستمکرد ماڵێکە بۆ تیاژیانی خوێنەر. هەموو کەرەستەکانی ژیانی تێدایە بیکەیتە ماڵی خۆت و نەبیتە میوان. بەو پێییەیی زمانێکی چڕو وێنەداری بەکاربردووە لەم کتێبەدا، زمانێک کە دەستەبژێرییەکی باشکراوە لە هەڵبژاردنی وشە، کردنی وشەی نامۆ بەکەرەستە لەنێو دەقدا، دەستبردن بۆ وشەی ون و نزیک لە تیاچوو، یان وشەی فەرامۆشکراو کە زیاتر لە شێوازە ئاخافتنە ناوچەییەکاندا بەکاربراون، ئەمیش خزاندوویەتییە ناو شیعرەکانییەوە، بەر زۆرێک لە ڕەگەزەکانی شیعر دەکەویت بە شێوەیەکی زیند و هەستپێکراو.
هەروەها گەر لەبارەی ناونیشانەوە بدوێم، بۆ من ناونیشان درووستکردنی قورسترین بەشە لە دەقەدا، چوونکە کۆی دەق لە ژێر ڕۆشنایی ناونیشاندا خۆی دەردەخات، دەجوڵێت و گەشە دەکات، ناونیشان ئەقڵی دەقە، بە واتایەکی تر ناونیشان یەکەی بەرجەستەکەری دەقە و دەبێ مامەڵەی هەستیاری لەگەڵدا بکرێت، بە بۆچوونی من بۆ ناونیشانی شیعر ناڵێم نابێ، بەڵکو دەڵێم باشترە نە ڕستەیەکی تەواوبێت نە وشەیەکی تەنها، یەکەمیان چونکە شیعر ڕستەی تەواوی تێدا جێنابێتەوە بەو پێییەیی زمانێکی شکاو کەرتبووە زمانێکە ئاماژە و وێنەدانەوەی تێدایە، دەبێ تەیبەتمەندی ئەدەبی بەتایبەت شیعری هەڵگرێت. بۆیە لە ڕستەی تەواودا ئەمە درووستنابێت، بەڵکو شتێکە گشتی دەکەیتەوە بانگێشتی (بخوێن*) دەکەی بۆ دەقەکەت نەک (خوێنەر*).
هەرچی ناونیشانی تاکوشەییشە، نەنگییەکەی لەوەدایە نابێ بە گرێییەک تا ماخۆلان لای خوێنەر درووستبکات، هیچ بیرکردنەوە و نامۆبوونێک لە وشەکەدا ڕوونادات، سیمای ناگۆڕێت. هاوکات وەک ئەوەی هەیە لە زمانی گفتوگۆی ڕۆژانەدا هەر بەوشێوە ناچاری دایبنێیتەوە لە ناونیشاندا. بۆ نموونە، دار، بەرد، کانی، ئۆتۆمبێل..تاد، تێک ناشکێنرێت گەر بکرێنە ناونیشان، ناتوانی نامۆی بکەی گەر بەتەنیا بیکەیت بەناونیشان، هەتا ئەگەر وشەکە پەڕگیر و نامۆیشبێ ئەوە لەنانیشاندا هەروەک خۆی داتنایەوە، گۆڕان لە ئەرک و واتایدا درووستنابێت. بەڵکو وەک ئەوەی هەیە دەبێ دایبنێیتەوە. هەروەک چۆن زۆربەی ناونیشانەکانی کۆمەڵەشیعری قوژبن تاکوشەن.
بۆیە بە بۆچوونی من ناونیشان ڕستەیەکی تێکشکاو یان گرێییەکبێت باشترە.
هەروەتر گەر لەبارەی گشتی بوونەوەی دەقەکان بدوێم، ئەمەیان دڵخۆشکەرە، بەگشتی نووسیار لە هەڵبژاردنی قوژبن کە خولی سێهەمبوو وە خولی دووەمیش هەر سەرکەوتوو بووە( دیارە نووسیار لە ڕێگەی گرتنی لیژنەی تایبەتەوە ساڵانە ئەو ڤیستیڤاڵە دەکات، لەگەڵ هەر ساڵێک، لیژنەیش دەگۆڕێت). بەو پێییەی تاکایەتی دەقیان لەبەرچاوگرتووە، هەرگیز لە هیچ دەقێکی قوژبندا بەر دەقێکی گشتی ناکەوێت کە خۆراکی هەمووبێت، بەڵکو هەموو دەقەکان هی تاکن، بە واتایەکی تر هی دەستەکۆیی نین، دەقەکان ناهێڵن، خوێنەر وەک تاقیگە
گوزەریان تێدا بکات. بەڵکو دەبێت تێیاندا بژیت.
لەم خاڵەیاندا دەمەوێ بە بەراوردکردنێک زیاتر مەبەستەکەم ڕوونببێتەوە، ئەگەر چاوێک بە شیعری دەیەیی حەوتەمی سەدەی ڕابردوویی شیعری باشووردا بخشێنین لەپاڵ چەندین دەقی باش و داهێنەرانەدا، چاوت بە زۆرترین دەق دەکەوێت کە بارگاوییە بە ئایدۆلۆژیا. لەڕاستیدا بەشێکی ئیستاتیکی و شیعرییەتی دەقەکەی پەکخستووە، ئەکرێ بۆ ئەو قۆناغە چاوپۆشییەک بکرێت لە دەقی ئایدۆلۆژی، ئەویش بەهۆی باروودۆخی سیاسیی و پێگەی جوگرافی کوردەوە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و دەقی ئەم قۆناغە بەهەرپێوەرێکبێ دەق بارگاوی کرا بە ئایدۆلۆژیا و بەزمانێکی ڕاستەوخۆ خۆی دەربڕی بەرانبەر هەر شتێک، ئەوە بە شێک لە ئیستاتیکا و شیعرییەتی ئەو دەقە دەمرێت، کە ئەمەیش بە ڕوونی لەکۆی دەقەکان، تەنیا لە دەقی (ئانک)دا دەردەکەوێ، چونکە شاعیر زۆر ڕاستەوخۆ و دوور لە زمانی نهێنی شیعر، دوور لە زمانی ئاماژەی شیعر، بە زمانێکی زۆر ڕاستەو خۆ و ئاشکرا هێزێک ڕەتدەکاتەوە. کە زیاتر زمانێکی هوتافیی و دەنگی بەرزە نەک دەنگی بهێز و هێواشی شیعربێت.
خاڵێکی تر کە جێگەی بایەخە بەلامەوە، زەمەنی پێش درووستبوونی دەقە، وەک وتمان ئەگەر زەمەنی دوای لەدایکبوونی دەق ماڵێکبێ بۆ تێداژیانی خوێنەر، ئەوا زەمەنی پێش لەدایکبوونی دەق ماڵێکە بۆ تێداژیانی خوودی دەقنووس، واتە نووسەر چەندێک لەگەڵ ئەم دەقەدا ژیاوە پێشەوەی بەرهەمی بهێنێت؟
چەندێک نێوانی خۆشبووە چەندێک گفتووگۆی کردووە لەگەڵ ئەمبوونەوەرەی ناخی خۆی کە دەقەکەیە، ئایا چی دەبێتە هۆکاری دەربڕینی ئەم بوونەوەرەی ناخت؟
ئالێرەوە دەمەوێ بڵێم ئەوەی قوژبنی بەرهەمهێناوە، نیگەرانی نووسەرە، نەک داخوازی لێکرابێ لەلایەن جەمسەرێکەوە لە دەرەوەی ئەقڵی خۆی، لە کورتیدا نیگەرانییەکانی ناو قوژبن نیگەرانی پێویستی سۆرانن.
هەر نووسینێکیش نیگەرانییەکی ڕاستەقینە و قووڵ بەرهەمی بهێنێت، ئەوا پەرۆشی دەیخوێنێتەوە.
*بخوێن/ وشەی بخوێن، لێکۆڵەر: هەرێم عوسمان، بەوانە دەڵێت کە چی پێچەوانەی مەیلی خۆیانبوو ڕقیانەلێی و دەق وەک تاقیگە دەبینن و پەرۆشی زانین- نین.
خوێنەریش ئەوەیە پێچەوانەی ئەم تایبەتمەندیانەی تێدایە.