مرۆڤ ئەگەر ژانرێکی ئەدەبی بووایە، شیعر دەبوو
گۆران ڕەسووڵ
(بەبۆنەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم – کتێبی قوژبن)
لە یەکێک لە سیمپۆزیۆمەکانی پلاتۆ، ئەریستۆفانسی شانۆنامەنووس و بیرمەند، چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەگێڕێتەوە کە دواتر بە ئەفسانەی ئەریستۆفانس دەناسرێت. چیرۆکەکە بەم جۆرەیە؛ سەردەمانێک سێ جۆر مرۆڤ هەبوون: نێر، کە لە خۆرەوە دابەزیبوون. مێ، کە لە زەویەوە هاتبوونە دەرەوە. هەروەها هێرمافرۆدیت، بە هەردوو بەشی نێر و مێ، کە لە مانگەوە دابەزیبوون. هێرمافرۆدیتەکان تەواو جیاواز بوون، هەر یەکەیان دوو سەر و چوار دەست و چوار قاچیان هەبوو. هەموو شتیكیان هاوتا بوو، وەک ئەوەی نێر و مێیەک لە پشتەوە بەیەکەوە نووسابن، هەم بەرەو پێشەوە و هەم بۆ دواوە دەڕۆیشتن، وەک هەسارەکان، دەیانتوانی بەشێوەی بازنەیی بجوولێن. یاخی و سەرکێشبوون، هەر بۆیە زیوس، باوکی خواکان، وەک سێوێک کردنی بە دوو لەت، بە جۆرێک هەر یەکەیان وەک دوو جۆرەکەی تر یەک سەر و دوو قاچ و دوو دەستی بۆ مایەوە. دواتر، ئەپۆڵۆ، خوای ڕووناکی، پێستی ڕاکێشان بۆ ئەوەی برینەکەنایان داپۆشێت، بەڵام هەندێک چرچی و لۆچی لەسەر جەستیان جێهێشت بۆ ئەوەی ببێتە نیشانەیەک بۆ ئەو سزایەیان. دوای ئەمە، دەستیان کرد بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی تریان، بەڵام بە هۆی برسییەتی و فەرامۆشییەوە مردن. ئەم چیرۆکە بە بنچینەی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکان ناسراوە، بەو مانایەی ویست و گەڕان بۆ دۆزینەوەی لەتەکەی تر ئاماژەیەکە بۆ یەکتر تەواوکردن. بەڵام بۆ هێرمافرۆدیتەکان بوو سەرەتای کۆتاییان، بەو واتایەی هەرگیز نیوە لێکراوەکەی یەکتریان نەدۆزییەوە.
دەکرێ ئەم چیرۆکە جارێکی تر ئاماژەیەک بێت بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شیعر، ئەمەش بە تێگەیشتن و وردبوونەوە لە دوو ڕوانگەوە. یەکێکیان، مرۆڤ شیعری وەک چەکێک بەکارهێنا بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی تری، هەموو ئاهـ و نیگەرانیی و ویست و حەزی خۆی خستە ناو شیعرەوە و هاواری پێکرد و کردیە گۆرانی بۆ ئەوەی نیوەکەی تر بیبیستێت و بێنەوە لای یەکتر. ئەوەی تر، دەکرێ خودی نیوە بڕاوەکە هەر شیعر خۆی بێت، واتا مرۆڤ و شیعر دووانەیەکی لەیەک گرێدراوبوون و کراون بە دوو لەتەوە، هەم مرۆڤ بەدوای شیعردا دەگەڕێت و هەم شیعر لەناوەوەی خۆیدا مرۆڤ دەلاوێنێتەوە. هەر یەکێک لەم دوو ڕوانینە پێمان دەڵێت ئەگەر مرۆڤ ژانرێکی ئەدەبی بووایە، شیعر دەبوو، چونکە هەردووکیان لە ئاڵۆزی و گرێ و ویست و هاوار و دێرینیان هاوشێوەن. هەر بۆیە نووسینی شیعر جارێکی تر دەبێتەوە بە هەوڵێک کە هێرمافرۆدیت دەیدات بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی تر. بەڵام ئەم هەوڵە لەبننەهاتوو و بێکۆتایە، ئەمەش مرۆڤ بەبەردەوامی دەخاتە سەر ویستی دەربڕینی حەز و ویست و تێڕوانینەکانی لە ڕێگەی شیعرەوە.
شاعیران گەڕۆکی نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکان بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی خۆیان. هەموو شاعێرێک بە ویست یان بێ ویستی خۆی جارێکی تر لە ڕێگەی شیعرەوە لە گەڕاندایە. بەڵام ئامانجی ئەم گەڕانە لە شاعیرێک بۆ شاعیرێکی تر دەگۆرێت، بەو مانایەیە هەر شاعیرێک بۆ دۆزینەوەی نیوەی شاعیرەکەی تری دەگەڕێت، وەک چۆن هەر نیوە هێرمافرۆدیتێک بۆ لەتە هێرمافرۆدیتەکەی خۆی دەگەڕا. ئەمە پڕۆسە دێرینە، جارێکی تر ئاماژەیە بۆ مێژووی درێژ و بێکۆتایی نووسینی شیعر. کتێبی شیعری “قوژبن”، لە کورتترین پێناسەدا و لەم کۆنتێکستەدا گەڕانی نووسەرەکەیەتی “سۆران محەمەدەسوورە”. دەکرێت گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی خودی لەدەستچوو، یان گەڕان بۆ پێدانی مانایەک بە نیوە دابڕاوەکە وەک هیوایەک بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی تر. ماهیەتی ئەم گەڕانە لە پێناو هەرچییەکدابێت دواجار ڕوانگەی یەکەم لەخۆی دەگرێت کە هانابردنە بۆ زمان و وێنەی شیعری وەک چەکێک بۆ گەڕاندنی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی. بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکانی نێو کتێبی قوژبن پێمان دەڵێن کە هەست و کاردانەوەی ڕۆژانە لەپشت نووسیانەوە نین، بەڵکو بیرکردنەوەی قووڵ و درێژ کە لە زۆر شوێندا بارگاوییە بە هزری ئەبسێرد (پووچگەرایی)، کە ئەمە بنچینەوەی خودی بەستنەوەی مرۆڤە بە دێرینترین ڕێگەی بۆ گەڕان بەنێو بیرکردنەوەکانیدا.
بۆ من چ وەک نووسەرێک و شاعیرێک، لەمانەش گرینگتر وەک خوێنەرێک، بەرچاوترین لایەنی ئەم کۆمەڵە شیعرە ئەوەیە کە تەنیا هەر چێژی شیعری و زمان و لایەنە شیعرییەکانی دیکەم نادەنێ، بەڵکو لەگەڵ ئەمانەشدا دەمخەنە ناو دونیای بیرکردنەوە، بیرکردنەوەیەک کە بە ئاسانی تینوویەتی مێشک و ڕوانگەم نەشکێنێت. بەو واتایەی دیدی من لە خوێندنەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەم تێکستانە دیدێک نییە تەنیا لە پێناو لاواندنەوەی هەستەکانم بێت، بەڵکو ڕوانینێکە بۆ شڵەقاندنی گۆمی بیرکردنەوە و ڕاڤەکردن. وێنەی شیعریین کە پرسیار و گومان لەگەڵ خۆیان دەهێنن. ئەمە زۆرجار ڕەنگە پەیوەندی بەو مێتافۆر و سیمبۆلانەوە هەبێت کە لەناو شیعرەکاندا دێنە بەردەممان. بۆ نموونە ئەنکیدۆ هەر مرۆڤێک، هاوڕێیەک یان ویستێک نییە، بەڵکو دەکرێت وەک سیمبولێک بۆ تەمەن، بۆ جەنگێک، یان بۆ ئازارێکی نەبڕوا خۆی دەربخات!
سۆران بە باشی خۆی لەم تێگیشتنە باوە دەربازکردووە کە شیعر دادەبڕێت لە ئێستا و ڕابردوو و هەر کاتێێکی تر و پێی وایە شیعر لە دەرەوەی زەمەنە و شاعیر دەبێت خۆی دونیایەکی تایبەت بە خۆی دروست بکات! ئەم تێگەیشتنە باوە جۆرێک لە شیعری دووبارە و سواوی بەرهەم هێناوە کە هەندێجار تەنیا ناونیشان و ناوی شاعیرەکان دەگۆڕێن و ئەوەی تر هەر وەک خۆیەتی. بەڵام کتێبی قوژبن کۆمەڵێک شیعرمان پێشکەش دەکات کە لە ڕێگەی مێژوو و داهاتووەوە لە ئێستە تێبگەین، یان بزانین ئێستە چی پێیە بۆمان، ئێستە دەیەوێت چیمان لێ بکات؟ بەو مانایەی کە زۆرجار لەناو شیعرەکاندا دەبینین واقیع لەبەردەم زەمەن (ڕابردوو و ئێستە و داهاتوو)دا وەستاوە و پرسیار دەوروژێنێت.
وەک هەمیشە دەگوترێت چەکی گەورە و سەرەکی شاعیر، زمانە. سۆران لەم کتێبەدا بەشێوەیەکی باش ئەم چەکەی لەپێناو داڕشتن و نمایشکردنی ڕوانینەکانی بەکارهێناوە. ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی لە دوو ڕێگەوە: یەکەمیان دەرچوون لەو بازنە باوەی کە یەک ستاندارد بۆ زمانی شیعر دادەنێت و پڕی دەکات لە یاسای جەبری، کە تێیدا ناسمانە و سیماکانی زمانی شاعیر یان نووسەر تێیدا ون دەبن. دووەم، زێدەڕۆیی و زۆرلەخۆنەکردن لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی شیعری یان نەخشاندنی ڕوانگەی شیعری، بەجۆرێک کە ببنە بارگرانی بەسەر خودی تێکەستەکە و وێنە گشتییەکەی، ئینجا بەسەر خودی وەرگر (خوێنەر)دا.
خاڵێک کە لە ڕووی بابەتییەوە بووەتە لایەنی لاوازی ئەم کۆمەڵە شیعرە، ئەوەیە کە بازادانی زۆر خێرا لە بابەتێک بۆ بابەتێکی دیکەی تەواو جیاواز لە شیعرێک بۆ شیعرێکی تر ڕوو دەدات. ئەمە وای کردووە کە دوای خوێننەوەی تەواوی شیعرەکان تێماکان بە ئاڵۆزی لەناو ئەندێشەی خوێنەردا بمێننەوە و نەتوانێت وێنەیەک لە تایبەتمەندییە شیعرییەکان و خودی دونیابینی شاعیر لەناو بیرکردنەوەیدا بەجێبهێڵێت. بۆ نموونە زۆر بە خێرای لە شیعرێک کە پڕە لە مێتافۆڕ دەربارەی وجودییەت، دەچێتە سەر شیعرێکی تر کە هەڵگری دروشمێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە. جگە لە وردەکاریی بابەتیی شیعرەکان، ڕەنگە ڕێکخستنی زنجیرە و بەدوایکەداهاتنی شیعرەکان هۆکارێک بن بۆ ئەو ئاڵۆزییە.
لە کۆتاییدا، بەو پێیەی کە ئەم کۆمەڵە تێکستە هەڵگری لایەنی شیعری فرەڕەهەندن، دەکرێت لە ڕوانگە و تیۆری جیاوازەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و شایەنی لێکدانەوەی ورد و قووڵن. نابێ لێرەدا ڕۆڵی گەورەی ناوەندی نووسیار لەبیربکەین کاتێک سەکۆیەکی گرنگ بۆ دەنگە نوێ و جیاوازەکان لەناو ئەدەبی کوردیدا دەڕەخسێنێت. ئەمە سەرەڕای هەوڵەکانی تری نووسیار بۆ چاپکردن و بڵاوکردنی دەنگەکانی تری ئەدەبی کوردی و کاری وەرگێڕان لە زمانە جیاوازەکانی دونیا بۆ سەر زمانی کوردی.