دانا ڕەئووف و شۆڕشێکی شانۆیی
هۆشەنگ قادر
بەرەو کەنار
بابەت؍ شانۆنامە
نوسینی دانا ڕەئووف
دەقە شانۆیەکانی دانا ڕەئووف سەرنجڕاکێشن، پڕیەتی لە ئیلهام خەیاڵ هێما فەنتازیا ئەتمۆسفیر ستاتیکا، فاکت، ئومێد، کەمێک شۆپنهاوریانە ڕەشبین، تاریکی چارەنوسو نادیار دابڕان مەرگ، مەرگ وەک دوایەمین ئیمکان، بەڵێ کاراکتەرەکانی دانا نەختێک بێدەنگ هێمن بیرکەرەوەو نوێو جیاوازن، جیاواز ئەوەی کە دەڵێ هەموو شتێک نوێیە هەموو شتێک جیاوازە ئەمەیان شتێکی ناوازەیە ئەوەی ماکسیم گۆرکێ دەڵێ ناوازەکان دنیا جوانتر دەکەن.
گەر لێگەڕێن ناوزەکان دنیا لە ناشیرنی و وێرانە ڕزگار دەکەن.
بەڵێ بێدەنگی لەناو کۆمەڵگایەکی زۆرە بڵێدا، هەمیشە جێگەی سەرنجە ڕێک ئەمەیان کاراکتەرەکانی کاک دانایە کەهەڵبەت ڕەنگدانەوەی کەسیەتی و ئیلهامی کاریگەریەکانی شانۆنامە نوسەکانی ئەوروپا و سویدن.
بەڵێ مودەتێکی زۆرە من مژوڵی تێکستەکانی دانا ڕەئووفم، کتاب شانۆنامە لێکۆڵینەوە پڕیشکی شانۆیی بەرهەمی وەرگێرانەکانی زۆری تر… سەفەرێک بەناو ڕوحی دانا دەق گەلێک زیهنمان ڕوئیاو جیهان و دنیابینیمان بەرەو هێمنیمان دەبات.
هێمنی ووشە ڕستە ناوەڕۆک ئارامیم پێدەبەخشێ ئارامی دڵ ودەروون دەبێت بۆی بگەڕێین بیدۆزینەوە خۆشحاڵم هێشتا کەسانێک لە ژیانماندا ماون بەدوای جوانیدا وێڵن.
بەرەو کەنار دەقێکی کراوەی شانۆییە.
کاراکتەرەکان پێنج ژن لەگەڵ تارمایی دەنگی دوو پیاوی گڕگن کەشوێنێکی وایان نیە لە پێناسە نەختێک پەراوێز خراویش.
هەریەک لە ژنەکان چیرۆکێکی تایبەتی خۆیان هەیە.
ژنەکان دەیانەوێت ژیانێکی نوێ هەڵبژێرن ژیانێک لانی کەم شایستە بە ژیان بوون بێت دوور بێت لە دەسەڵاتی پیاوسالاری بەڵام ئیتر قەدەر ڕۆژگار ژنەکان لەناو یەختێکی بچووک کۆدەکاتەوە لەناو دەریای بێسنور بەرەو چارەنوسێکی نادیار ناجێگیریان دەبات.
مخابن ئەو کوڕە قاچاخچیەی کە یەختەکەی بە ژنەکان فرۆشتووە فێڵی لێکردوونە لانی کەم دەبوایە لەگەڵیان بوایە…. حەیف ژنەکان لە خشتە براون قاچاخچی پێی ووتونە ڕێگەکە نزیکەی سعاتێکە بەڵام ئیتر پێشبینیەکان وادەرنەچووە.
چارەنوسی پێنج ژن پێنج ئینسان پێنج دڵ پێنج ڕوح دەچاوو گوێ سەد پەنجە… کە دایکن بەرەو نادیار…کێ لەمانەو ڕووداوەکانی تر بەرپرسیارە…. دیکەکان باجی زۆریانداوە.
بەڵێ دایکەکان کاراکتەری سەرکی شانۆکان ڕۆمانەکان دراماکان…
…………
شوێن، یەختێکی بچووک لە ناوەڕاستی دەریایەکدا.
کات، ناوەڕاستی وەرزی پایز
ڕۆژێکی ڕووناک وخۆرێکی بەتین تیشکەکانی بەهەموولایەکدا بڵاو بوونەتەوە.
سەرەتا کاراکتەری ژنی یەکەم:
کە کچە تاقانەکەی لێبزر بووە چارەنوس بەرەو یەختەکەی بردووە.
بە دەسپێکی لە دنیایەکدا دەژین هەموومان لە خۆمان دەترسین بۆیە داوادەکات باشترە لەگەڵ یەکدی میهرەبان بین، بەردەوام دەڵێت هەمیشە باوکم بە چاوێکی پڕ لە ڕق و گومانەوە سەیری دەکردم.
وە لەدەست مێردە نەگریسەکەم ڕامکرد، هێشتا کە بیر لە مێردەکەم دەکەمەوە خەمبار دەبم.
من هێشتا زۆر تەنیام…… تەنیایی تەنیا لە ناو تەنیاییدا.
من هەمیشە هەستم کردووە پیرم
بە پیری لە دایک بووم نامەوێت بە پیری بمرم، لانی کەم دەمەوێ وەک منداڵێک بمرم، من نە ئازادو نە ئازام.
ئا ئەوەتا هێشتا فریشتەیەک لە پشتمانەوە ڕاوەستاوە.
……..
کاراکتەری ژنی دووەم:
ئەو ژنەی کەدەڵێ من لە مردن ناترسم، هیچ یادوەریەکی لەبیر نەماوە وەک ئەوەی هەموو شتێک زۆر دەمێک بێت ڕوویان دابێت.
ئەو ژنەی نایەوێت هیچ شتێکی ڕابردووی بیربکەوێتەوە.
زۆر سەیرە هیچ شتێکم نایەتەوە یاد… یەک ووشە چییە لە بیرم نەماوە یان چەند وشەیەکی کەم وەک ئەوەی لە خەونێکدا بم بەخەیاڵم دا دێن ودەڕۆن، وەک ئەوەی کەسێک هاتبێت و مێشکی سڕیبمەوە
ئەوان دەیانەویست بەناوی خواوە بمکوژن، کە بەناوی خواوە ویستیان
بمکوژن من بەرەنگاریان بوومەوە
هەر لەبەر وەشە لەمردن ناترسم.
من تەنیا شەوم تاریکیم.
دواجار دەمەوێت پێتان بڵێم نەدەمەوێت لەگەڵ کەس بم نەدەشمەوێت تەنیا بم.
…………
کاراکتەری ژنی سێیەم.
من لە منداڵیمەوە لە تاریکی زیاتر هیچی تر نابینم، ئەگەر بۆ ساتێکیش ڕووناکییەکی کز دەرکەوتبێت ئەوا تاریکی بە هێواشی خۆی خزاندۆتە ژیانمەوە و ئەو تۆزە ڕووناکیەشی نەهێشتووتەوە، هەوڵمداوە بەسەر تاریکی زاڵ بم، ئێستا تاریکیەکە لە تاریکی زیاتر ڕەش…ڕەش داگیری کردووم باوەشی پێدا کردووم.
من زۆر بەگەنجی باوکم مرد، باوکم کەسێکی میهرەبان بوو بە پێچەوانەوە دایکم کەسێکی دڵڕەق بوو.
دایکم دەسەڵاتی هەبوو، هەر شتێک بەدڵی دایکم نەبوایە دەیووت باوکت نایەکسانە.
من لە مردن دەترسم….کێ لە خۆڵەمێشی ئەم ئاگرە دەرمدەهێنێت.
……
کاراکتەری ژنی چوارەم.
ژنێکی جگەرە کێش کە دەیووت…. ئێمە لە کات بەتەمەنترین، کات بۆمن هیچ ناگەیەنێت.
لە خەوێکی ئەرخەوانیدا پیاوێک بۆنی قژی کردوە.
ناخۆشە هەست بە بچووکی خۆت بکەیت بەرامبەر بە ژیان.
ئینسان بە ئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە، ئێمە دەبێ بەهێزبین
براکەم کون بەکون بەدوامدا دەگەڕا دەیویست بمکوژێت لەبەروەی عاشقی کچەکەی هاوڕێی بووم.
هەنوکە بەبیرکردنەوە لە پیاو غەمبار دەبم.
…….
کاراکتەری ژنی پێنجەم…
ژنی پێنجەم… بەردەوام ئەوگۆرانیە
دەڵێت….
لە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیووە
لە باخچەی بەهار گوڵم چنیوە
……..
شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە
لەزەردەی زۆر کەڵ سەرنجم داوە
……..
پەلکە زێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر.
……….
ئیتر شیعرەکە زۆرە هەڵبەستی
گۆرانە.
گۆرانیەکە لەگەڵ ئەتمۆسفیری سەر شانۆو زەینی بینەر گونجاوە.
هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەدەنگە خۆشەکەیەوە ووتویەتی
سەیرەکەی ئەوەیە هونەرمەند سەید ڕەحیمی خۆی شانۆکارێکی بەتوانابوو خاوەن چەند دەقێکی شانۆیی بوو، ئیتر ئایا ئەوە ڕێکەوتە
کاراکتەری ژنی پێنجەم ئەوگۆرانیەی گوتوە یاخود نوسەر بە مەبەست ئەوکۆپڵە شیعریەی گۆرانی شاعیری داناوە کە گۆرانی بێژ شانۆکار بێت.
مردن ژیانە ڕاستەقینەکەیە کە دەمریت لەوێ دەمینێیتەوە، بەڵام لێرە درەنگ یان زوو هەر دەبێیت بڕۆیت و بمریت…. ئەوەی شاعیر دەڵێ هەر دەبێت تاڵاوی مەرگ بچێژی.
مردووەکان هەمیشە بوونیان هەیە لە ژیانی ئێمە….. دەنگیان لە گوێچکەمان دەزرینگێتەوە.
بەڵام باشتر وایە سەیری پێشەوە بکەین ئاوڕ لە ڕابردوو نەدەینەوە
هەڵەکانمان ڕاست کەینەوە لە ڕابردوو شتێک بۆ ئەمڕۆو ئایندە دروست بکەین.
هەندێ جار باشتر وایە خۆت بیت
تەنهاخۆت و هیچی تر……
هەموو ئەو شتانەی بەسەر چوون جارێکی تر ناگەڕێنەوە، وە هەروەها ئەو شتانەشی کەخەڵکی تر سەبارەت بە ئێمە کردوویانەو گوتوویانە.
بە تێپەڕینی کات بەردەوامی لەگەڵ
ڕۆیشتنی یەختەکە تێکەڵبوونی دەنگی ماتۆڕی ماکینەکە لەگەڵ شەپۆڵی دەریاو دەنگی نەورەسەکان
ئەو نەورەسانەی دەنگی تیژوو شەقەی باڵیان لە ئاو دەدا…دیمەنی نەورەسەکان جوانتر لەهەر شتێ… دیمەنی ناو یەختەکەش ترسناک غەمگین لەهەر شتێکی تر.
……..
ژنی یەکەم.
قاچی بەرز دەکاتەوە
پێڵاوەکانم تەڕبوون.
……..
ژنی چوارەم.
تەواو شلەژاوە
هاوار دەکات…. فریامان کەون مەلە نازانم.
……..
ژنی یەکەم.
خەریکە دەڕشێمەوە.
……
ژنی دووەم.
یەختەکەمان پڕ بووە لە ئاو.
…….
ژنی سێیەم….دەگری
…….
دەنگی شەپۆڵی دەریاکە زۆر بەهێزتر دێت بەولاو بەولادا دەکەون هەڵدەستنەوە تەواو هاوسەنگی یەختەکە تێکچووە.
سەر شانۆ بەرەو تاریکیدەڕوات تا هێدی هێدی تاریکتر دەبێت…. لەتاریکیدا دەنگی هاوارو باران و ڕەشەباو شەپۆڵی بەخوڕی دەریاو قیژەو گریانی ژنەکان تێکەڵ بەیەکتری بوونە.
دواجار ئەو شیعرەی پەشێوم بیردێتەوە ئەوەی کەدەڵێ….
هەر کاروانێ بۆ پڕشنگی خۆر بڕوانێ…..
کەم بن یان زۆر دەگەنە خۆر.
…….
ئەم دێرە شیعرە پێدەچێ لەگەڵ کەشی شانۆیەکە یەک نەگرێتەوە.
شانۆنامەی بەرەو کەنار.
لە بڵاوکروەکانی وەشانی نووسیار ساڵی ۲۰۲۳.
كتێبێکی قەبارە مام ناوەند ۱۲٥ لاپەڕەیی چێژ بەخشە هیوادارم خوێنەری بن.