گەنجینەی بەراهەنی
ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “پەیامبەرێک کە خوداکەی ئەوی لە خۆی تاراندبوو”
ئارام سدیق
زۆرێک لە نووسەران و شاعیران و وەرگێڕکاران کۆکن لەسەر ئەوەی وەرگێڕانی شیعر ڕیسکە. ئەمە بێجگە لەوەی هەرگیز ئەو دەقە وەکو ئەو دەقە نییە کە لە زمانی یەکەمدا بەرجەستەیە. شیعر بەو پێیەی ژانرێکی هەستیارە و خاوەنی تایبەتمەندی زۆرە و بوونی پیت و شکاندنی وشە و درێژکردنەوەی وشە و گوزارشتکردنی شاعیران لە دەنگ و دانانی شوێنی وشە جۆرێک لە پێکهاتی شیعریی بۆیە زۆرجار لە وەرگێڕاندا بەشێک لەمانە و لە شیعرییەت ون دەبێت. هەر بۆیە زۆرجار کە دەقێکی شیعریی بەناوبانگی جیهانی بە وەرگێڕدراوی دەخوێنیتەوە هەست بە ڕەکیکی و ناشیعرییبوونی دەقەکە دەکرێت، کە دەشێ لە زمانی یەکەمدا بەو شێوەیە نەبێت.
لە ماوەی ڕابردوودا کتێبی “پەیامبەرێک کە خوداکەی ئەوی لە خۆی تاراندبوو”ی ڕەزا بەراهەنی-م خوێندەوە، کە هەریەک لە زاری و شنە نووری کردوویانە بە کوردی. کتێبەکە لە دوتوێی 314 لاپەڕەدا لە لە وەشانی نووسیار لە چاپ دراوە و 55 لاپەڕەی کتێبەکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەری کوردە بەم شاعیرە نوێگەرە، کە هەم ژیانەکەی لە خۆگرتووە و هەم بەشێک لە بۆچوونە شیعرییەکانی کە ئەم شاعیرە ڕۆڵێکی گەلێک گەورەی لە نوێکردنەوەی شیعریی ئێرانیدا هەبووە و کاریگەرییەکانی تا هەنووکەش ماوەتەوە.
کتێبەکە بە پێشەکییەکی وەرگێڕەکان دەست پێ دەکات و یەکەم ڕستەش ئەمەیە “بەراهەنیمان وەکو گەنجینەیەک بینی” ئەم ڕستەیە ئەگەر بۆ ئەم دوو وەرگێڕە ڕاست بێت، بۆ منیش بە هەمان شێوە کەوتەوە، ئەو دوو رۆژەی خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکە بووم تامەزرۆیی لە ڕادەبەدەرم بۆی هەبوو و بەشێک لە شیعرەکانم چەندجارێک دەخوێندەوە، بێگومان ناتوانم حوکم لەسەر چۆنێتی وەرگێڕانی شیعرەکان یان باشی و خراپی بدەم بەو پێیەی من شیعرەکانم لەگەڵ سەرچاوە بنەڕەتەکەی بەراود نەکردووە و ئەوە ئیشی من نییە، بەڵام بەرکەوتنی من بە دەقە کوردییەکە هیوایەکی نوێی خستە دڵم کە دەشێ لە وەرگێڕانی دەقی شیعرییدا بەشێک لە شیعرییەت لەدایکبێتەوە. وەرگێڕانی شیعر ئەگەر ڕیسک و سەختیکێشان بێت، بەڵام مەحاڵ نییە. بۆیە من بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقانە جگە لە دەستخۆشی هیچی دیکەم نییە.
دەبێت ئەوە بۆ خوێنەر بخەمەڕوو کە لەم کتێبەدا، ئەگەرچی پانتاییەکی زۆر بۆ شیعر تەرخان کراوە، بەڵام هەر لەو سەرەتایی ناساندنەی بەراهەنییەوە خوێنەر بەر ئەوە دەکەوێت کە بەراهەنی تەنها شاعیر نییە. بەڵکو هەم تیۆریزەکەری شیعرە و هەم ڕەخنەگر و ڕۆماننووسە. شیعرنووسین لای بەراهەنی پشتبەستووە بە وشیارییەکی شیعریی نەک ئیلهام و ڕێکردن لەگەڵ شەپۆلدا. شیعر لای بەراهەمی پرۆژەیە، نەک کارێکی سەرگەرمی. هەر بۆیە کاری بۆ نوێکردنەوەی شیعر کرد و هاوکات جۆرێک لە مانیفێستی شیعریی بۆ خۆی و شاعیرانی دوای خۆیشی بە جێهێشتووە کە کار لەسەر نوێکردنەوەی شیعر بکەن. بەراهەمی نەچووە پاڵ نوێکەرەوانی شیعریی فارسی وەکو نیما و شاملۆ و سوهراب، بەڵکو خۆی نوێکارییەکانی ئەوانی نوێترکردەوە. خەونی نوێکردنەوەی شیعر وەستانی تێدا نییە، بەڵکو جوڵەی بەردەوامە بەرەو جێگەی دیکە و تەیکردنی سەرزەمینی دیکەیە. ئەوەی بەراهەنی لە شاعیرانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شۆڕش بەسەر خودی خۆیشیدا دەکات (وەک لەم کتێبەدا خراوەتەڕوو)، هەموو نوێکەرەوەیەکی راستەقینەی شیعر ئیشی ئەوەیە دۆگما شیعرییەکان تێکبشکێنێت و ئەو خاڵانەشی خۆی پێی دەگات ئەگەر بۆ هەمیشەیی لایان بمێنێتەوە دیسان دەبنەوە بە دۆگمان بۆیە ئەرکی ئەوەیە ئەو دۆگمایانەی خۆیشی تێکبشکێنێت، کە بەراهەنی لە بەرهەمێکەوە بۆ یەکێکی دیکە ئەوەی کردووە.
دەستخۆشی بۆ هەردوو وەرگێڕ بەهیوام لە کاری ئایندەیاندا باشتر و وردەکارانەتر کار بکەن و دەستی وەشانی نووسیاریش خۆش بێت بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە بە نرخە.
ئەم هەوڵە دەیسەلمێنێت وەرگێڕانی شیعر سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.