337147765_2070827236457098_3346065210232356882_n

2023/03/22

شانۆنامەی بەرەو کەنار

میران ئەبراهام

“بەرەو کەنار” شانۆنامەیەکە، چیرۆکی پێنج ژن، لەنێو یەختێکی بچووک دا، دەگێڕێتەوە.
ئەم پێنج ژنە، هەریەکە و چیرۆکێکی پڕ لە کارەساتی خۆی هەیە. یان باشترە بڵێین؛ خەم و ناهەمواری ڕابردوویان لە کۆڵ ناوە. بۆیە، هەموو هیوا و ئاواتیان ڕزگاربوونە لە زێدی خۆیان و ڕابردوویان، لە دەسەڵات و کولتووری پیاوسالاری، نووسەر و شانۆکار دانا ڕەئووف، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم ژنانە، سەرزەمینێکی خاڵی لە دەسەڵاتی پیاوی هەڵبژاردووە، تاوەکوو ئەو دیمەنە بخولقێت کە ئێمەی خوێنەر و بینەر لە کەسایەتی سرووشتی و جیهانی ژنان، دوور لە دەسەڵات و کاریگەری پیاو تێ بگەین. کەواتە ژن وەکوو بوونەوەرێکی سرووشتی خۆی و لە دەرەوەی سنووری بارگاوی بوون بە خۆپەرستی و حەزی جنسی بەرامبەر، کە پیاوانن، هەروەها ئەوەمان لەلا ئاشکرا دەبێت، کە هۆکاری ئەو ڕابردووە تاڵەی ئەوان تەنیا ژن بوونیان بووە. لە ئەنجامدا، بێ ئەوەی گوێ بە هەلومەرجی کارەساتبارتر بدەن، بە یەختێک بەرەو کەنار هەڵدێن، یان ڕاستتر، بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچن. ئێمە لە کاتی دیالۆگەکانیناندا لەنێو یەختەکەدا، بۆمان دەردەکەوێت، کە چیرۆکەکانیان چەندە لە یەک جیاواز و جەرگبڕن، هەر وەک بەوە دەزانین، ئەو پێنج ژنە، سەرەڕای جیاوازییان لەباری هەست و سۆز و دونیا بینییان، ئەو ئامانجە هاوبەشە هەڵدەبژێرن و کۆیان دەکاتەوە، کە بگەن بە سەرزەمینێکی ئارام. لەوە دەچێت دڕندەیی سرووشت، کە زیاتر لە شەپۆلە بەهێزەکانی دەریاکەدا بەرجەستەیە، کەمتر نەبێت لەو جیهانەی ئەوان لێوەی هەڵهاتوون، بە بەراورد لەگەڵ خەم و مەینەتییەکانی ئەواندا، ئەو چارەنووسەی کە هەڵبژاردەی خۆیانە، بە خۆ دانە دەست هێزی سرووشت، تاریکتر نابێت لەو ڕابردووەی تێیدا ژیاون، یان بەر لە ڕاکردن مەزەندەیان کردبوو. لەم دوا دەقەی (دانا)دا، چارەنووسی ئەو پێنج ژنە بە نادیاری دەمێنێتەوە؛ دەگەنە کەنار یاخود نا، ئەوە پرسیارێکە بۆ خوێنەر و بینەری بەجێ دەهێڵین.